بەرپرسانی هەردوو وڵاتی ئەمەریكا و ئیسڕائیل رەتیان كردەوە دەستیان لە بۆردومانەكانی شەوی رابردووی سەر بنكەی سەربازی كالسووی حەشدی شەعبی هەبێت لە باكوری پارێزگای بابل.
درەنگانی شەوی رابردوو نزیكی كاتژمێر 1:00 لە سەربازگەی كالسوو دەنگی چەند تەقینەوەیەكی گەورە بیسترا، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند كە بە مووشەك هێرشیان كراوەتە سەر.
دەستەكە دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەكان، هەرزوو تۆمەتی ئەنجامدانی بۆردومانكانی بۆ ئەمەریكا درێژ كرد.
بۆ ئەم مەبەستە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا هەر شەوی رابردوو رەتی كردەوە ئەوان هێرشەكەیان بۆ سەر بنكەی سەربازی كالسوو ئەنجامدابێت.
فەرماندەییەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێسك بڵاوی كردەوە: زانیارییمان لەسەر ئەوە هەیە كە تۆمەتبار دەكرێین بە ئەنجامدانی هێرشەكەی بنكەی سەربازی ئاسمانی كالسوو لە عێراق.
بڵاویشی كردەوە: هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و جەخت دەكەینەوە كە ئەمەریكا شەوی رابردوو هیچ هێرشێكی لە عێراق ئەنجام نەداوە.
لەلایەكی تریشەوە بەرپرسێكی ئیسڕائیلی بۆ تۆڕی هەواڵی (CNN)ی ئەمەریكی گوتی: وڵاتەكەم هیچ پەیوەندییەكی بەو تەقینەوانە نییە كە شەوی رابردوو لە عێراق روویان دا.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكی شەوی رابردوودا ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی تەقینەوەكان لەنێو بنكەی سەربازی كالسوو زیانی گیانی و ماددی كەوتۆتەوە.
سەبارەت بە قوربانییەكانیش، موهەنەد عەنزی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل ئاماژەی بەوە دا كە لە ئەنجامی تەقینەوەكاندا 3 ئەندامی حەشدی شەعبی بریندار بوون.
راشیگەیاند كە بەشێوەیەكی گشتی شەوی رابردوو 5 تەقینەوە لەنێو بنكەی سەربازی كالسوو روویداوە و تیمەكانی بەرگریی شارستانیش توانیویانە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.