بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل لەناو خاكی ئێران هێرشیان كردە سەر چەند بنكەیەكی ئاسمانی لە پارێزگای ئەسفەهان و تا ئێستاش دیار نییە زیانی گیانی كەوتۆتەوە یاخود نا.
هێرشەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە فڕۆكەی جەنگی ئەنجامدراوە و میدیاكانی ئێران جەخت لەوە دەكەنەوە كە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگای ئەسفەهان چالاك بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكە.
زانیارییە سەرەتاییەكان دەری دەخەن كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل لە هێرشەكەدا چەند بنكەیەكی سەرەكی ئاسمانیان لە نزیك پارێزگای ئەسفەهان بۆردومان كردووە و دەنگی تەقینەوەش بیستراوە.
ئێران بەهۆی هێرشەكەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی چەند ناوچە و پارێزگایەكی راگەیاند، هەروەها چەند وڵاتانیش گەشتی فڕۆكە مەدەنییەكانیان بۆ تاران و چەند پارێزگایەكی ئێران راگرت.
هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسڕائیل بۆ سەر پارێزگای ئەسفەهان، وەڵامێك بوو بۆ بۆردومانەكەی هەفتەی رابردووی ئێران بۆ سەر خاكی ئیسڕائیل.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو ئێران بە نزیكەی 350 مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆردومانی ئیسڕائیلی كرد.
ئیسڕائیل ئەو كات رایگەیاند كە 99%ی مووشەك و درۆنەكان بەر لەوەی بگەنە نێو خاكی وڵاتەكەیان، خراونەتە خوارەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.