بڕیارە هەفتەی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە سەردانێكی فەرمی بگاتە عێراق و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی تری باڵای عێراق كۆببێتەوە.
سەردانەكەی ئەردۆغان بە دروستی لە رۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو رێكەوتی 22/4/2024 دەبێت، ئەمەش دوای 12 ساڵ یەكەمین سەردانی سەرۆكی توركیا دەبێت بۆ عێراق.
گرینگترین بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و محەمەد شیاع سوودانی وەك پێشبینی دەكرێ ئاو و وزە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی تیرۆر بێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
هەر لەو سەردانەدا دوای بەغدا، چاوەڕوان دەكرێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی هەولێریش بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.
ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا لە ئەنقەڕە رایگەیاندبوو كە رەنگە لە چوارچێوەی گەشتەكەی بۆ عێراق و دوای تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكان لە بەغدا، سەردانی هەولێریش بكات.
راشیگەیاندبوو كە لەلایەن عێراقەوە داوایان لێكراوە كێشە و گرفتەكانی ئاو و نەوت و گازی سروشتی لەنێوان هەردوولایاند چارەسەر بكرێت، هەنگاوەكانی ئەوانیش بەم ئاراستەیە دەبێت و هەموو هەوڵێكیان دەخەنەگەڕ كێشەكان بگەیەننە كەنارەكانی چارەسەر.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوشانی شاندێكی باڵا لە ئەمەریكایە، لەو سەردانەشدا رۆژی دووشەم لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.