Erbil 1°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 05:36

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە

کوردستان TV
100%


ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم ڕێککكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە.

پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە. ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخان كراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

حکومەتی هەرێمی كوردستان لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە.

نەوتی هەرێمی كوردستان تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی پێک دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی مووچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەوکات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا.

بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.