Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 07:31

بەڵێن عەبدولهادی: موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترن  

کوردستان TV
100%

هونەرمەندی ژنیار (بەڵێن عەبدولهادی) لە 1981 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی بۆ موزیك هەبووە،لە ساڵی 1998 یەكەم ئاوازی بۆ منداڵان داناوە لە كەناڵی كوردستان تیڤی تۆماركردەوە.
ئەو هونەرمەندە،بەمەبەستی پەرپێدان و فێربوونی موزیك بەشێوەیەكی ئەكادیمی لە ساڵی 2001 دەچێتە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر لەبەشی موزیك دەخوێنێت ،دەبێتە ژنیارێكی بەتوانای  ئامێری (چەلۆ) لە كوردستان،بەجۆرێك هەرلەپەیمانگا دەبێت ئاواز و دابەشكردن بۆ مارشی یەكێتی قوتابیان و یەكێتی لاوانی دیموركراتی كوردستان دادەنێت بەشێوەی كۆرس تۆمار كراو بڵاوكرایەوە.
بەڵێن هادی بەهۆی توانیستی لە ژەنینی ئامیری چەلۆ دەبێتە ئەندامی تیپی ئۆركێسترای كوردستان بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی دەكات  ئاوازی بۆ چەند گۆرانیبێژێك داناوە وەكو(دڵدار وریا ئەحمەد ،خەند عەبدوڵڵا،ئەمیر محەممەد،ئاری حەلاق ،گریان سادق حەریری ،كاروان عوسمان،گۆران محەمەد..)
ژنیار بەڵێن هادی، لەو كاتەی قوتابی بووە لە پەیمانگە هونەرەجوانەكانی هەولێر،گرووپێكی موزیكی دادەمەزرێنێت بە ناوی (گرووپی موزیكی ئاڵا) كە چەندین كۆنسێرت  لە شارەكانی (هەولێر-سلێمانی-دهۆك-سۆران) ئەنجام دەدەن.
ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین  ئاواز و دابەشكردنی موزیكە ئێمە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە كاری چالاكییەكانی،وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی لە نزیكەوە بەسەرمان كردەوە. 
*سەرەتا بابزانین چۆن جیهانی هونەری موزیكت ناسی؟
-سەرەتای من بۆ هونەری موزیك بە گوێگرتن لە موزیك و بەژداریكردنم لە چەند كارێكی هونەری وەكو كۆرس لە قوتابخانە بوو، ئەمەش فاكتەرێك بوو بۆ ئەوەی حەز و خولیام بۆ موزیك زیاتر بێت  هەر لەو كاتانە توانیم ئامێری (كیبۆردێك) بكڕم و هەر لە ماڵەوە ڕاهێنان بكەم ئیتر هەرلەوێدا ئاشنایەتیم بۆ موزیك زیاتر بوو،بەجۆرێك حەزوو ئارەزووم زۆر زیاتر بوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆم فێری موزیك بكەم،بچمە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لە بەشی موزیك بخوێنێم. 
*لەنێو ئامێرەكانی میوزك ئێوە بۆچی ئامێری چەلۆ تان هەڵبژراد؟ 
- ئەوەی راستی بێت، سەرەتای پێشكەشكردنم لە بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لەبەشی موزیك لە قۆناغی یەكەم لەسەر ئامێری پیانۆ داندرام دوای یەك مانگ بە هەوڵی مامۆستایانم  و بەحەزوو ئارەزووی خۆم ئامێرەكەم گۆڕی بۆ ئامێری چەلۆ ئەویش بەهۆی گوێگرتنم لە چەند پارچە موزیكێكی جیهانی ،ئامێری چەلۆم خۆشویست و هەڵمبژارد، تائێستاش لە ژەنینی ئەم ئامێرە بەردەوامم.
*وەكو ژنیارێك چۆن پێناسەی ئامێری چەلۆ دەكەیت ؟
- ئامێری چەلۆ یەكێكە لە ئامێرە ژێدارە جیهانییەكان كە دەنگێكی ئەفسوناوی هەیەو لە زۆربەی گروپە كوردی و جیهانییەكان ئامێری چەلۆ زەرورەتێكە و تەواوكەری دەنگی ئامێرەكانی دیكەیە هەر بۆیە لەزۆربەی تیپە موزیكییەكان بوونی هەیە. 
*یەكەم ئاوازت بەناوی چی بوو؟
-  یەكەم ئاوازم گۆرانییەكی منداڵان بوو كەپێش ئەوەی بچمە پەیمانگەی هونەرجوانەكان بەناوی (من منداڵێكی پاكم) ،كاری ئاواز و موزیكم بۆ كرد و لە كوردستان تی ڤی كاری كلیپی بۆ كراو بڵاوكرایەوە.
*كامەن ئەو ژنیارانەی كە كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە ژەنینان سەرسامیت؟
- بە گشتی ژەنیاری زۆر بەتوانای جیهانی و كوردی هەن كە كاریگەرییان لەسەر من هەیە ،بەڵام تایبەتمەندی لە ژەنیاری كوردو جیهانی هونەرمەندی بە توانا مامۆستا (دڵشاد محمد سەعید) زۆر كاریگەری لەسەر من هەیە. 
*ماوەیەك سەرۆك بەشی میوزكی پەیمانەگەی هونەر جوانەكانی هەولێر بوویت ئاستی قوتابیان چۆن دەبینت؟
- بەڵێ بە شانازییەوە ماوەی سێ ساڵ سەرۆكی بەشی موزیك بووم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر ئەزموونێكی تەواو جیاواز بوو بۆ من كە بە هەماهەنگی مامۆستایانی بەش توانیمان جووڵەیەكی هونەری تەواو بە بەشەكەو قوتابیان بكەین زیاتر بەرەو پێشی ببەین. 
قوتابیانی بەشی موزیك بە گشتی توانا و ئاستی زۆر باشیان هەیە كە دەتواندرێت بەكاری بێنن بۆ خزمەتی هونەری كوردی بە تایبەتی لە ئێستادا كۆمەڵە قوتابییەك هەن جگە لە توانای ژەنین هەوڵ دەدەن لە بواری ئاواز و دابەشكردندا پەرە بە خۆیان بدەن  كە ئەم هەوڵەشیان شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ ئێمەی مامۆستایانی بەشی موزیك ساڵانە چەندین قوتابی بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەهێنن، دەبنە كادری هونەری زۆر باشی بواری موزیك.
*رۆڵی موزیك لە بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتی لە نێوان گەلان چۆن دەبینیت؟
- موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترین بە بڕوای من ئەگەر خۆشەویستی نەبێت موزیك بوونی نییە .
هەموو موزیك ژەنێك لە ڕێگای ئامێرەكەی یاخود دانراوە موزیكییەكەی دەتوانێت كەم یا زۆر گوزارشت لە هەستەكانی خۆی دەرببڕێت موزیك زمانی گەلانە،هەموو گەل و نەتەوەیەك مۆرك و ڕەسەنایەتی تایبەت بە خۆی هەیە موزیكیش بەشێكە لەو ڕەسەنایەتییە بەهۆی موزیك و كاری هاوبەش دەتواندرێت گەلان و كۆمەڵگاكان لەیەك نزیك ببنەوە و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن بێ ئەوەی لە زمانی یەكتری حاڵی بن موزیك كۆیان دەكاتەوە.  
*وەكو هونەرمەندێكی ئەكادیمی ئاستی گۆرانی و میوزیكی كوردی لە ئێستادا لەچ ئاستێك دایە؟
- گۆرانی و موزیك ئەگەر بە شێوەیەكی ئەكادیمی و دابەشكاریەكی جیهانی بۆ بكرێتن ئەوا بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت لە كاتی ئێستاش لە سەرجەم شارەكانی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە موزیك دانەرەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان كە گۆرانی و موزیك بەشێوەی جیهانی و ئەكادیمی دابەشكردنی بۆ بكەن . هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2012 كارێكی كوردی میللی م هەڵبژارد بەناوی (بۆت دەڵێم لەم بەندانە) بەشێوەیەكی ئەكادیمی و جیهانی كارم لەسەر كرد .بە ڕای زۆرێك لە موزیك ژەنان و گوێگران كاردانەوەیەكی زۆر باشی هەبوو لە نێو خەڵكدا و چەند گروپێكی جیهانیش ئەو پارچە موزیكەیان ژەنیوە  بە هەمان ئەو دابەشكردنەی كە من بۆیم كردبوو، بۆیە لە ئێستادا موزیك و گۆرانی كوردی رۆژ بەرۆژ بەرەو پێش دەچێت هەمیشە بە گەشبینەوە لە موزیكی دەڕوانم. 
*پرۆژەی نوێتان هەیە ؟
- بەڵێ لە داهاتوویەكی نزیك بۆ یادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 ئەگەر هاوكاری بكرێم لە لایەنی پەیوەندیدار كارێكی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئۆركێسترا ئامادەیە كە لەو یادە كارەسات بارە پێشكەشی بكەم لە ئاوازو ئامادەو دابەشكردنی  خۆمە .
چەند وێستگەیەكی هونەری هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی ....
- لە ساڵی 2004 لە دەزگای موزیك و كەلەپووری كوردی، دەبێتە بە بەرپرسی ستۆدیۆ ئەندازەی دەنگ، كە چەندین كاری موزیك و تۆماركردن بۆ موزیكژەنان و گۆرانیبیژان ئەنجام داوە.
-لە ساڵی 2005 دەبێتە ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان .
- لە ساڵی 2005 بە فەڕمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری دادەمەزرێت.
 - لە ساڵی 2005-2006 گرووپی تەلەڤزیۆنی (هەرێم)  -دادەمەزرێنێت كە بریتیی بوون لە 13 ژەنیار،هەر لەو ساڵەدا لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان وەرگیراوە و دەستی بە خوێندن كردووە،بەشداری لە سەرجەم فیستیڤاڵ و چالاكییەكانی كۆلێژ دەكات. 
-لە ساڵی 2010 گرووپێكی كوردی- كلاسیك بەناوی (گرووپی ژێداری هەولێر) دادەمەزرێنێت، چەندین كۆنسێرت لە شارەكانی (هەولێر،سلێمانی ، دهۆك،سۆران ، رواندز )پێشكەش دەكەن. 
-لە چەندین كۆنسێرتی هونەرمەندان بەشداری كردووە وەكوو هونەرمەندان (دانا عەبدولجەبار – محەمەد عەزیز – ماموستا شاكر كەمانچە ژەن – فیستیڤاڵی كەركووك)چەندین كاری تر. 
- لە ساڵی 2011-2016 لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كۆیە بەشی موزیك وانە بێژ بووە. 
- سروودێك بۆ پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگەی قارەمان) داناوە كە ئامادە و دابەشكردنیش بۆ كردووە و لەلایەن كۆرسەوە وتراوە.
- تۆماركردن و كلیپكردنی گۆرانییەكی میللی كوردی بەناوی (بۆت دەڵێم) كە بەندێكی باوی ناو كۆمەڵگەی كوردییە بە شێوەی موزیكی كلاسیك ئامادە و دابەشكردنی بۆ كردبوو ئامیرەكانی (violin 1-violin 2 – viola – cello ) هەروەها كاری كلیپیشی بۆ كرا كە لەسەرجەم كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن دادەبەزێت. 
هەروەها كۆنسێرتێكی چوارینەی كلاسیك كە 12 موزیكی كوردی و جیهانی لەخۆ گرتبوو لە هۆڵی پێشەوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.
- لە مانگی 05-2013 لە فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان سەرپەرشتیاری بەرهەمێكی موزیكی كلاسیك و بەرهەمێكی موزیكی كوردیم كرد كە بابەتە كوردییەكە ئامادە و دابەشكردنم بۆی كردبوو من وەكوو ڕابەری ئۆركسترای پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشداریم  كرد .
بەرهەمێكی موزیكی كوردییە كە شیوازێكی نوێی موزیكە لە كوردستان لە ئاواز و ئامادە و دابەشكردنی بۆ پێنج ئامێری (cello) نووسراوەتەوە كە هەر پێنچ ئامێرەكە لە یەك كاتدا هەریەك میلۆدییەكی جیاواز دەژەنن كەشێوازێكی هارمۆنی جیهانی لەخۆ دەگرێت ماوەی كارەكە نزیكەی چوار خولەك و نیوە. 
-لەگەڵ گرووپی ژێداری هەولێر نمایشی سەرجەم قونسوڵگەرەكانی كوردستانی كردووە. وەكوو (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، ئەمەریكا) 
 - لە ساڵی 2019 مانگی 1 بووم بە بڕیاردەری بەشی موزیك
 - لە ساڵی 2019 بووم بە سەرۆكی بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر .
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر گۆرانی و مۆسیقا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.