Erbil 3°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 20:37

ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌مه‌ریكی له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به‌رزبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئاشكرای كرد كه‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای ئیسڕائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ رۆژی شه‌ممه‌وه‌ تاكو ئێستا به‌لایه‌نی كه‌م 9 هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی كوژراون.

‌ماتیۆ میله‌ر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند: ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ تا ئێستا كوژراون و چاره‌نووسیان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ له‌ 4 كه‌سه‌وه‌ بۆ 9 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان چاره‌نووسیان دیار نییه‌، دیاریش نییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی بێسه‌روشوێنن وك دیل گیراون یاخود خۆیان حه‌شارداوه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ی بێسه‌روشوێنن و له‌ ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌وه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویستیان پێشكه‌ش ده‌كرێت.

كه‌تیبه‌ی عیزه‌ددین قه‌سام باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس رۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌ڕاسیۆنی گه‌رده‌لوولی ئه‌قسای دژی ئیسڕائیل ڕاگه‌یاند و هه‌زاران مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌و وڵاته‌ كرد و دواتریش چه‌كداره‌كانیان چوونه‌ نێو گه‌ڕه‌ك و شه‌قه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و پێكدادانی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی پێ كرد.

له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌ك وه‌ڵامێك، سوپای ئیسڕائیل ئۆپه‌ڕاسیۆنی شمشێری ئاسنینی دژی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ڕاگه‌یاند و بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل داوای له‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان كرد به‌زووترین كات شاری غه‌زه‌ جێبهێڵن، هه‌ڕه‌شه‌شی كرد كه‌ بۆ له‌ناوبردنی حه‌ماس شاره‌كه‌ وێران ده‌كات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.