Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 10:57

بانكەكانی رافیدەین و رەشید رێككەوتنێك بۆ پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم واژوو دەكەن

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند كە بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، بە قەرز بانكەكانی رافیدەین و رەشید، رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێمی كوردستان واژۆ دەكەن، داوایشی كرد لە نوێنەرانی حكوومەتی ھەرێم كە بۆ ئەو مەبەستە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو بانكەكەدا بكەن.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە و تیایدا ھاتووە: لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و جێبەجێكردنی بڕیاری (23500) كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێی ئەیلوولی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیران دەركراوە، ھەردوو بانكی رافیدەین و رەشید رێككەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێمی كوردستان واژوودەكەن بۆ پێدان و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بەڵام دەبێت گرەنتیی ئەوە بدرێت كە ئەو قەرزە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەگەڕێندرێتەوە و لە شایستەكانی ھەرێمی كوردستان بەپێی بەندەكانی یاسای بوودجە پاكتاو دەكرێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا، داوا لە نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێم كراوە كە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو بانكانە بكەن، تاكو وەزیری دارایی ھەرێمی كوردستان واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە بكات كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت ڕۆژی چواری ئەم مانگە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتیھەرێمی كوردستان ، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندبووكە لە ماوەكانی ڕابردوودا، زنجیرە كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵیی ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە.
ئاوات جەناب نوری ئاشكراشی كردبوو كە بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی، پێویستە حكوومەتی عێراق، مانگانە بڕی یەك تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان بنرێت، بەڵام ئێستا حكوومەتی عێراق بە قەرز، پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەنێرێت.
ئەوەیشی خستبووەڕوو، حكوومەتی ھەرێم مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینار ھەیە تاكو مووچەی مووچەخوران دابەش بكات، كەچی حكوومەتی عێراق بڕیارداوە 500 ملیار دینار وەك قەرز بۆ ھەرێم بنرێت 
هەروەها گوتی: ئەو 500 ملیار دینارەی كە حكوومەتی فیدراڵیی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دەینرێت، لەگەڵ داھاتی ھەرێم بەشی دابەشكردنی مووچە ناكات.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەركوەزیران، كۆدەبێتەوەو لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە دواپێشهاتەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە هەرێمی كوردستان و بەرەئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ شاندی هاوتایان لە بەغدا دەخاتە روو. 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.