کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەدات و لەو پێناوەشدا لە پاڵپشتیکردنی جووتیاران بەردەوام دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدا، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بەرهەمی پەتاتە 200 هەزار تۆن زیادی کردووە و ئەمساڵ بەرهەمەکەی گەیشتووەتە600 هەزار تۆن و داهاتەکەشی بە 500مليۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێنن، لەو ڕێژەیەش10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بە کار دەهێنرێن؛ جگە لە دەرفەتی بەرهەمهێنانی باشتر و زیاتر، سەدان هەلیكاریشیی بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
كابینەی نۆیەم و گەشەی كەرتی كوشتوكاڵ
مەهدی محەمەد، سەرپەرشتیاری کۆگای پەتاتەیە، بە پێگهی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگهیاندووه: "لە كێڵگەكانەوە پەتاتە دێت و دوای پشكنین، لە لایەن لیژنەی ئەندازیاران، باش و خراپ جیا دەكرێنەوە، پاشان کێش دەكرێن و هەریەك بە قەبارەی خۆی دەچێتە ناو سیستم و ژمارەیان بۆ لە یەك تا سێ بۆ دیارى دەکرێت، دواتر بۆ كۆگا ڕەوانە دەکرێن". مەهدی محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو ئەمساڵ گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران كردووە، بۆ ئەوەی 20 هەزار تۆن پەتاتەیان لێ وەربگیرێت، كە دەتوانرێت لە كۆگاكان بۆ ماوەی 6 مانگ هەڵبگیرێن و بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكار بێت".
لەم كابینەیەدا پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، یەكێك بووە لە ئامانجەكانی حكومەت، لەم بارەیەوە مەهدی محەمەد، وەك سەرپەرشتیاری کۆگای پەتاتە، بۆ پێگهی فهرمانگهی میدیا و زانیاری راشیگهیاندووه: "لە ماوەی چوار ساڵی ئەم كابینەیەدا، ژمارەی كۆگاكان زۆر زیادیان كردووە، هەر بۆیە جووتیارانیش بەرهەمیان زۆرتر دەكەن، چونكە ترسی ئەوەیان نییە بەرهەمەكانیان نەفرۆشرێن و بمێننهوه و خەسار بن، هەروەها كۆمپانیاكانیش جووتیارەكان دەبەنە دەرەوە و ڕێنماییان پێ دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندازیارەكان سەردانی جوتیاران دەكەن بۆ پێدانی ڕێنمایی و ئاگاداریی كارەكانیان، ئەمەش هەموو هاوكارییە بۆ جووتیاران و وای كردووە بە ڕێژەی نزیكەی 70% بەرهەمی جووتیاران بەراورد بە لەساڵی ڕابردوو زیاد بکات".
ئامێری پێشكەوتوو؛ بەرهەمی زیاتر و ڕهخساندنی سەدان ههلیکار
زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی ناوکوڕ لە قەزای بەردەرەش، كە پەتاتەکەی بە باشترین جۆری پەتاتە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت، جووتیاران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە باشەی پەتاتەن. لەبارەی تۆو، خاك و بەرهەمی پەتاتەی ناوچەكەوە، غایب رەمەزان، جووتیارێكی دەڤەری بادینانە و بهپێگهی فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگهیاندووه: "بنهتۆو له كۆمپانیایەكی ناوخۆیی وەردەگرین، كە تۆوی پەتاتە لە وڵاتی هوڵهنداوە دەهێنێت و ئەم جۆرەش یەكێكە لە جۆرە زور باشەكان"، لە ڕووی شێوازی بەكارهێنان و ئامادەكردنی تۆوەكانیشەوە، ئەم جووتیارە ئاماژە بەوە دەكات، كە تۆوەكەیان وەرگرت، دوو ههفته لهبهر خۆر دایدهنێن تا ئاماده دەبێت بۆ چاندن، بۆ پێگهیشتنی پهتاتهكەش ماوەی سێ ههتا چوار مانگ پێویستە".
ئەم جووتیارە بۆ پێگهی فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئاماژهی بهوهشكردووه : "ئێستا بەرهەمهێنانی پەتاتە زۆر ئاسانتر بووه له چەند ساڵی ڕابردوو، ئەمەش بۆ بوونی ئامێری پێشكەوتوو، هەروەها ئەو جۆرە تۆوانەی هەن دەگەڕێتەوە و نزیكەی پێنج جار له خواستی ناوخۆ زیاترە". ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ڕۆژانه نزیكەی 300 جووتیار لەو خاكەی ئەوان كە نزیكەی 700 دۆنمە، كار دەكەن و بهرههمی ڕوژانهشیان نزیكەی 200 تهن پەتاتە دەبێت.
جووتیاران بۆ پێگهكه باسیان لەوەشكردووه، بە هۆی ئاسانکاریی حکومەتی ههرێمی كوردستان و دامەزراندن و زیادكردنی کۆگای ساردکەرەوە، كە لە ئێستادا توانای کۆگاکردنی 200 هەزار تۆن پەتاتەیان هەیە، بووەتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ جووتیاران و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.