Erbil 11°C چوارشەممە 06 تشرینی دووەم 04:55

بایدن بۆچوونی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی جۆنسن ئاشكرا كرد

کوردستان TV
100%

له‌ یه‌كه‌م لێدوانیدا سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بۆریس جۆنسن له‌ سه‌رۆكایه‌تی پارتی پارێزگاران، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بۆ هه‌میشه‌ به‌هێز و به‌رده‌وام ده‌مێنێته‌وه‌.

جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ڕاسته‌وخۆ ناوی جۆنسن یان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی نه‌هێنا، به‌ڵام جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌ریتانیا له‌سه‌ر پرسه‌ گرینگه‌كان له‌وانه‌ شه‌ڕی ئۆكراینا كه‌ پێشتر بایدن و جۆنسن به‌یه‌كه‌وه‌ كارییان له‌سه‌ر ده‌كرد.

بایدن ڕاشیگه‌یاند: به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا نزیكترین هاوڕێ و هاوپه‌یمانن، په‌یوه‌ندی تایبه‌تی نێوان هه‌ردوو گه‌لیش تا ئێستاش به‌هێز و به‌ردوامه‌.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانیان له‌سه‌تاسه‌ری جیهان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ گرینگ و هه‌ستیاره‌كان.

له‌ كۆتاییشدا سه‌باره‌ت به‌ ئۆكراینا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هاوكاریكردن و پشتگیریكردنی گه‌لی ئۆكراینا به‌رده‌وام ده‌بن كه‌ ئێستا به‌رگری له‌ دیموكراتییه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن دژی جه‌نگی پووتین.

جێی باسه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بۆریس جۆنسن له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی پارتی پارێزگاران ڕاگه‌یاند، به‌ڵام جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت تا كه‌سێكی تر بۆ پۆسته‌كه‌ دیاری ده‌كه‌ن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.