Erbil 18°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 18:32

بەسڕە ناوەندێکی ترسناکی مامەڵەکردنە بە ماددەی هۆشبەر

کوردستان TV
100%

چالاکوانێکی دیاری ئافرەتان ڕایدەگەیەنێت لە بەسڕە ژمارەیەک باندی مافیایی دروستبوونە مامەڵە بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن و باکییان بە حکوومەت و هێزە ئەمنییەکانیشەوە نییە.

نەجیبە نەجیب چالاکوانێکی دیاری ئافرەتە لە بەسڕە و کار لەسەر بڵاو کردنەوەی هۆشیاری و دوورکەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر دەکات، بۆ ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) قسەی کرد و گوتی: بەپێی ئەوەی بەسڕە شارێکە هەڵکەوتەی شوێنەکەی سەر سنوورە، ژمارەیەک باندی مافیایی لەوشارە درووست بوون نەک حیساب بۆ هێزە ئەمنیەکان ناکەن بەڵکو حیساب بۆ حکومەتیش ناکەن.

گوتیشی: ڕۆژانە لە وڵاتی ئێران هەموو جۆرێک لە ماددە هۆشبەرەکان لەو سنوورە دەهێنرێتە عێراق و دواتر ئەوانیش لە ڕێگەی کەسە تایبەتیەکانیانەوە دابەشی سەر شارەکانی دیکەی عێڕاق دەکەن،

هەروەها گوتی: هێزە ئەمنیەکان بە تەواوی ئەو کێشەیان پشتگوێ خستووە، دەکرێت بڵێم پێشبینی دەکەم بەشێکیان لەگەڵ مافیاکان و فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان هاوبەش بن.

هەروەها هاووڵاتییەکی بەسڕە بەناوی (م،ئـ،ع) بە مەزهەب سوننەیەو ماوەی 35 ساڵە لە بەسڕە دەژی، بۆ ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) قسەی کرد و هەندێک ووردەکاری خستە ڕوو و گوتی: ماوەی  3 ساڵ لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر ژیاوم وکاری چایەچیەتییم دەکرد لە ڕێکخراوێکی عێڕاقی، بەڵام ئێستا لە بەسڕە شوفێری تاکسیم، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و حکوومەت بێدەنگی لێبکات کارەساتی گەورە ڕوو دەدات وای لێ دێت "منداڵ و ژنەکانیشمان دەبنە دەرمان خۆر". گوتیشی ڕۆژانە بە ئاشکرا ماددە هۆشبەرەکان ساغدەکرێتەوە و هێزە ئەمنیەکانیش هیچ قسەیەک ناکەن.

ئەفسەرێکی ئەمنی ڕایگەیاند:  لەو شارە هێندە مافیا و باند دروستبوون ناوێرین باسیشیان بکەین، گوتیشی ئەوان ڕۆژانە ماددەی هۆشبەر بۆ شارەکانی دیکەی عێڕاق دەنێرن بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ڕاشیگەیاند: ماوەیەکە لە ڕێگەی ناردنی کەلوپەلی ئۆنلاین تلیاک و کریستاڵ دەنێرن کە ئەوەش کارێکی یەکجار ترسناکە.

شێخ ڕافد شێخ محەمەد مامۆستای ئاینیە و کەسایەتیەکی دیاری عێڕاقیە، بە ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند کە ڕۆژانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هۆشیاری بۆ خەڵکی بڵاو دەکاتەوە و هاوکات لە هەموو نوێژێکی هەینیشدا چەند خولەکێک بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەکات.

 گوتیشی ئەوانەی کە ئەو کارە دەکەن بێجگە لەوەی ژیانی خۆیان لە ناو دەبەن هاوکات شیرازەی خێزانی خۆیان و کۆمەڵگاش بەرەو هەڵدێر دەبەن.

ئا.فەرمان عەلی

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.