Erbil 12°C شەممە 11 کانوونی دووەم 12:00

گۆرانی ئای چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ ... له‌نێوان مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و ناسری ڕه‌زازی دا ...!

1954-1976
کوردستان TV
100%

هه‌ندێك گۆرانی هه‌یه‌ كه‌بۆیه‌كه‌م جار بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ، له‌ڕووی میلۆدی و تێكست و موزیكه‌وه‌ نوێگه‌ری تێدا به‌دی بكرێت و   ده‌نگی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ نوێ بێ و بۆیه‌كه‌م جار بێته‌ نێودنیای هونه‌ری موزیك و گۆرانییه‌وه‌،  بێگومان هه‌ر زۆر زوو ئه‌و گۆرانییه‌  و ئه‌و ده‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوێگر داده‌نێت و چێژی هونه‌ری ده‌به‌خشێت وه‌ یاده‌وه‌ریش له‌لای گوێگر و بیسه‌ری گۆرانیه‌كه‌ دروست ده‌كات، له‌هه‌ركات و زه‌مانێكدا گوێگر گوێبیستی ئه‌و ده‌نگ و گۆرانییه‌ ببێته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ شیرینه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی كه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ت تێدا بیستووه‌، نموونه‌ زۆرن  به‌ڵام گۆرانی ( ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ) نمونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و بواره‌یه‌  .

ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ یه‌كێك له‌گۆرانیه‌كانی ئه‌لبومی دووه‌می هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی ) یه‌  كه‌له‌ساڵی (١٩٧٦) له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌گه‌ڵ دوو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئه‌و شاره‌ به‌ئامێری موزیكی ڕۆژئاوایی تۆماركراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگه‌ نوێیه‌و گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ،له‌ساڵی (١٩٧٧) به‌شێوه‌یه‌كی خێراو به‌ربڵاو به‌ته‌واوی باشووری كوردستاندا بلاوبۆوه‌ و ، بووه‌ هۆی ده‌ركه‌وتن و ناساندنی ده‌نگێكی نوێ ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی) بوو، هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و سه‌ركه‌وتوو ده‌ركه‌وت.111

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ لێره‌و له‌وێ  له‌ناو چین و توێژی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان دا باس له‌و گۆرانییه‌ ده‌كرا  كه‌ئه‌م گۆرانیه‌، گۆرانی مامۆستای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی  مامۆستا (عه‌لی مه‌ردانه‌ ) ، به‌ڵام ده‌بێت هۆكار چی بووبێت  تا ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند  ئه‌و گۆرانییه‌ی نه‌خوێند ئه‌و گۆرانییه‌  نه‌ناسراو و نه‌كه‌تبووه‌ به‌رگوێیی بیسه‌رانی ده‌نگ و توانا به‌رزه‌هونه‌رییه‌كه‌ی  مامۆستا (عه‌لی مه‌ردان)، ئایا نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنێكی پێویست، یان نه‌بوونی نێوه‌ندێكی هونه‌ری  كه‌له‌خزمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ دا بێت له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  ئه‌وگۆرانییه‌ی خوێندووه‌ مینبه‌رێكی ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌وبه‌رهه‌مانه‌ ته‌نها (ڕادیۆی كوردی به‌غدا  )بووه‌  كه‌ مێژوویه‌كی پرشنگدارو  لێوانلێوى له‌په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌ندان دا هه‌بووه‌ .

له‌سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی ( ١٩٧٩ )هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی و خاتوو مه‌رزیه‌و دڵنیاخانی كچیان كه‌ئه‌وكات ته‌مه‌نی (شه‌ش) مانگ بووه‌، دێنه‌ باشووری كوردستان و له‌شاری سلێمانی بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێك میوانی ماڵی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند مامۆستا (نامدارقه‌راخی) و شاری سلێمانی ده‌بن  ،  له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی  له‌شاری سلێمانی  هه‌مان گۆرانی ده‌خوێنێ  و له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ند دیدارێكی هونه‌ریی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی سازده‌كرێت و ئه‌وپرسیاره‌ سه‌باره‌ت به گۆرانى  ‌ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی ئاراسته‌ى ڕه‌زازى ده‌كرێـت.

ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند  له‌دیداره‌كانیدا كه‌به‌ڕێزان ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د  ( ١٩٧٩) بەرنامەى ڕۆژێک لەڕۆژان  ) ، هونه‌رمه‌ند سالار قه‌راخی لەماڵى خۆیان ١٩٨٠ ) سازیان كردبوو ، وه‌دواتر له‌ڕێكه‌وتی ( ٢٦/٧/١٩٨٤ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (وریا ئه‌حمه‌د ) له‌ماڵی خۆیان له‌شاری هه‌ولێر دیداری له‌گه‌ڵ ره‌زازی دا سازكردووه‌  بەناوى  ( دەنگخۆشەکانى کورد ، گۆڤارى ئۆتۆنۆمى ژمارە (١) ساڵى ١٩٨٥  ) ، یه‌كێك له‌پرسیاره‌كانیان سه‌باره‌ت به‌گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ بووه‌ ،

ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند  له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌و چۆنیه‌تی  ده‌ستكه‌وتنی ئه‌وگۆرانییه‌ ئاماژه‌ی پێده‌دات ، كه‌پێش ئه‌لبومی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ له‌ساڵی( ١٩٧5 ) ئه‌لبومێكی تری تۆماركردووه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  ئه‌لبومی دووه‌م زووتر گه‌یشتۆته‌ باشوور ، ئه‌وئه‌لبومه‌  واته‌ ئه‌لبومى یه‌كه‌م به‌نێوی ( بووك مریه‌م ) بووه‌ و كه‌هه‌موو گۆرانیه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه‌  ووتنه‌وه‌ی گۆرانی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بووه‌ هونه‌رمه‌ندانی  وه‌ك ( حه‌سه‌ن زیره‌ك  ، تایه‌ر تۆفیق ، حەمە ساڵەح دیلان ، قادر كابان و ئیبراهیم خه‌یات و خه‌لیلی سه‌دیقی  شه‌مال سائیب ) بوو، ئه‌و ئه‌لبومه‌ به‌هاوكاری  هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن ( ئیقبالی حاجبی ) تۆماركراوه‌ ، دوای ساڵیك ڕه‌زازى (ئه‌لبومی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ) ى تۆماركردووه‌ به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن  ( فه‌ڕوخی ڕه‌یاحی و به‌هزادی هومایۆنڕوزجیا له‌وگۆرانیه‌ چه‌ندین گۆرانی تری له‌خۆ گرتووه‌ و  له‌و ئه‌لبومه‌شدا یه‌كه‌م ئاوازی خۆی له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی مامۆستا گۆران داناوه‌و تێدا بلاوكردۆته‌وه‌  به‌نێوی (لەسەرەمەرگى هیوا)

له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌و كاسێته‌و ئه‌و گۆرانیه‌  به‌و ئامێره‌  موزیكه‌ رۆژئاوایی  یه‌ بڵاوبۆوه‌  ببووه‌ جێی سه‌رنج و تێڕواننیی جه‌ماوه‌ر، ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ به‌شێوه‌ی ته‌كنیكی هونه‌ری نوێ تۆماركراوه‌ ،له‌باره‌ى چۆنیه‌تى تۆماركردنى ئه‌و گۆرانییه‌ ڕه‌زازى به‌مشێوه‌یه‌ باسى لێوه‌ ده‌كات : ( من ئه‌و گۆرانیه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو كه‌سه‌ دا خوێند، تیپى مۆسیقا نه‌بوون ته‌نها دوو هونه‌رمه‌ندى ژه‌نیاربوون، هه‌ركه‌سێك كه‌ ئه‌یبیستێ پێى وایه‌ ده‌نگه‌كه‌ ( 6 بۆ 7) كه‌سن به‌ڵام هه‌ر یه‌ك كه‌سه‌ ، ئه‌م یه‌ك كه‌سه‌ش چۆن ؟ ئه‌م گۆرانییه‌م ته‌سجیل ئه‌كرد ، مۆنتاژیان ئه‌كرد ، وه‌ك ئاى چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ له‌گه‌ڵ ئامێرى ( پیانۆ و جاز ) پاش ئه‌وه‌ سه‌ماعه‌یان ئه‌نا گوێم و دیسان ئه‌و گۆرانییه‌م ئه‌خوێنده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئامێرى ئۆرگ و سێنتى سایزه‌ردواتر هه‌مووى پێكه‌وه‌ مونتاژ ئه‌كرایه‌وه‌ )(*1)

له‌و دیدارانه‌دا هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات  كه‌ پێشتر نه‌یزانیوه‌ وه‌نه‌یبیستووه‌ كه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ ( ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ) هی مامۆستای گه‌وره‌ عه‌لی مه‌ردان بێت ؟!

لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی گرنگ و پڕبایه‌خی رادیۆی كوردی به‌غدا بده‌م كه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی بێ وێنه‌ی هه‌بووه‌  له‌گه‌یاندنی كاری هونه‌ری و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان  به‌ شاره‌كانى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌و گۆرانییانه‌ له‌ڕێێ ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌  به‌گوێگران و بیسه‌رانی ئه‌و رادیۆیه‌ له‌رۆژهه‌لاتی كوردستان  گه‌یشتوون و كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناون ،

ناسری ره‌زازی  سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی  ئه‌و میلۆدی و تێكسته‌ ده‌ڵیت :

( ئه‌و گۆرانییه‌ پێش ئه‌وه‌ی بیخوێنم نه‌مزانی بوو كه‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی گووتووه‌ ، ئه‌م گۆرانییه‌ براده‌رێكم به‌ناوی  ( شێخ مارفی حه‌سه‌نی ) له‌ڕادیۆی كوردی تاران له‌به‌شی ئه‌ده‌بی كوردی كاری ده‌كرد  ، دوای ئه‌وه‌ی كه‌من شریتی یه‌كه‌مم ده‌رچووبوو  ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی منى بیستبوو، وه‌ من خێزانم  خه‌ڵكی مه‌ریوان بوو  ئه‌و براده‌ره‌ش خه‌ڵكی مه‌ریوان بوو ، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ من زوو زوو ئه‌ڕۆیشتم بۆ مه‌ریوان  له‌وێ كاك شێخ مارفی حه‌سه‌نی منی دیت و گوتی گۆرانیه‌كم هه‌یه‌  بیبه‌ بیخوێنه‌ ، منیش گوتم باشه‌ گۆرانیه‌كه‌ی به‌ده‌نگی خۆی له‌سه‌ر كاسێتێك تۆماركردبوو ، كاتێك گوێم لێگرت  گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ بوو ، منیش هه‌رئه‌وه‌م لابوو كه‌پێدابووم  به‌ڵام به‌و ڕێك وپێكیه‌ نه‌بوو  كه‌ئێستا من گووتوومه‌ ، هه‌رئه‌وشێوه‌ ده‌نگه‌  كه‌ ئه‌و گوتبووی شێوه‌ی له‌حنه‌كه‌  به‌وشێوه‌یه‌ خوێندم ، دوای دووساڵ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی  گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ كه‌من خوێندبووم ، گۆرانیه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم  بیست  و ته‌ماشام كرد  زۆر جیاوازی هه‌یه‌ له‌وه‌ی من  ، (شایه‌ت گۆرانیه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له‌وه‌ی من به‌رزتربێت  )، ئاوازو هۆنراوه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌ و من هه‌ندێگ ده‌ستكاری تێكسته‌كه‌م كردووه‌ و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  له‌سه‌ر مه‌قامی

( به‌یات تورك ) خوێندوویه‌تی و منیش له‌ سه‌ر مه‌قامی ( ماهوور )  (*2)

كه‌واته‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ، كه‌به‌ڕێز شێخ مارفی حه‌سه‌نی  ئه‌وكات كارمه‌ندی ڕادیۆی كوردی تاران بووه‌  بیسه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌  له‌وڕێگه‌یه‌وه‌  گوێبیست و ئاشنای  ئه‌و گۆرانیه‌ بووه‌  تا گه‌یاندوویه‌تی به‌ڕه‌زازی ، ده‌قاو ده‌ق میلۆدییه‌كه‌ی وه‌ك خۆی نه‌گه‌یاندووه‌ و  پێشی ڕانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و گۆرانیه‌  پێشتر به‌ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  خوێندراوه‌  ...؟!

بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری زێده‌تر سه‌باره‌ت  به‌و گۆرانیه‌ووه‌له‌چ ساڵێكدا مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی خوێندووه‌  ، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ ( عه‌بدولقادر عه‌لى مه‌ردان) كوڕى مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، پێى ڕاگه‌یاندم و وتى : ( به‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه‌ باوكم له‌ڕادیۆى كوردى به‌غدا  له‌ساڵى (1954) تۆمارى كردووه‌ ، هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه‌ش هی خۆیه‌تى ، بۆ زانیارى زیاتر كه‌ له‌باوكمم بیستووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆرسه‌كان كه‌ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون ( ئه‌حمه‌دى شێخاڵى ، قادر ئه‌حمه‌د و خه‌لیل عه‌بدوڵڵاباوكم سه‌ربه‌نده‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ده‌خوێنێ ( ئاى چه‌نم خۆش ئه‌وێ ) به‌ڵام كۆرسه‌كه‌ ده‌ڵێن ( ئاى چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ ) باوكم ده‌یووت چه‌ند جار دووباره‌م ده‌كرده‌وه‌ و به‌كۆرسه‌كه‌م ده‌ووت وا بیڵێنه‌وه‌ بڵێن  ( ئاى چه‌نم خۆش ئه‌وێ )، نه‌خێر هه‌ربه‌وشێوه‌ى خۆیان دووباره‌یان ده‌كرده‌وه‌ ، باوكم ناچاربوو به‌وشێوه‌ى ئه‌وان گۆرانییه‌كه‌ تۆماركات  ) (*3)

لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌و ڕاستیه‌ بده‌م كه‌ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی به‌ دووباره‌ ووتنه‌وه‌ی  گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ كارێكی دژووارو هه‌ڵه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌  ، به‌ڵكو خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌هونه‌ری موزیك وگۆرانی كوردی كردووه‌  هه‌رله‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌  ڕه‌زازی كاری له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی گه‌لێك گۆرانی  وونبووی نێو دنیای موزیك و گۆرانی كوردی كرد و زیاتر ئه‌و گۆرانیانه‌ی دووپاته‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌له‌نێو جه‌ماوه‌ردا نه‌بیسترابوون یان كه‌مبیستراون ، وه‌ یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته‌  هونه‌رییه‌ به‌رزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی  گۆرانی هه‌رگۆرانبێژێكی گوتبێته‌وه‌  به‌وپه‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه‌  ئاماژه‌ی پێداوه‌  وكه‌ هی كامه‌ كه‌ڵه‌هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ریش وه‌ك خۆی نه‌یوتبێته‌وه‌  حه‌تمه‌ن كردوویه‌تی به‌شێوازی خۆی و له‌نێو خه‌ڵكیدا ناسراوه‌ و جێی گرتووه‌ ، وه‌ خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند  هه‌میشه‌ پێی خۆشبووه‌  كه‌له‌نزیكه‌وه‌  به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی گه‌له‌كه‌مان بگات و بچێته‌ دیده‌نییان، به‌ڵێ ئه‌و كاره‌شی ئه‌نجامدا له‌مانگی( ١٠/١٩٧٩ ) به‌هاوكاری و یارمه‌تی هونه‌رمه‌ند (سالار قه‌راخی و ئازاد ئه‌مین نه‌قشبه‌ندی )، ڕێی به‌غداد ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌چێته‌ خزمه‌تی ئه‌و مامۆستاو هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ى مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی مامۆستا (عه‌لی مه‌ردان  ) ،  هه‌رچه‌نده‌ بۆ ڕه‌زازی  كارێكی دڵخۆشكه‌ربووه‌  كه‌له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ گه‌یشتووه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ نیگه‌رانبووه‌ به‌وه‌ی له‌كاتێكدا چۆته‌ دیده‌نی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  باری ته‌ندروستی باش نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌  زیاتر سوود له‌وته‌و ئه‌زموونی هونه‌ری له‌زاری خۆیه‌وه‌ وه‌ربگرێت .

هه‌رسه‌باره‌ت  به‌گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی بیره‌وه‌ریه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌  كه‌  له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانیه‌  به‌سه‌ریهاتووه‌  و ده‌ڵیت ( تازه‌ گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێم خوێندبوو، ڕۆژێك له‌ماڵ هاتمه‌ ده‌رێ منداڵێك كه‌وته‌ شوێنم  و هه‌رگوتی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، منیش گوتم بابه‌گیان باشه‌ لێم گه‌ڕێ، به‌هیچ ئیمانێ وازی نه‌هێنا تا ئاقیبه‌ت سه‌رمی شكاند ) (*4) 

سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و گڵكۆی پیرۆزی هه‌میشه‌ چراخان و غه‌ریقی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت  و ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی پر ته‌ندروست بۆ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی و  ئه‌وه‌ش تێكستی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و ناسری ره‌زازی  ....

ئاى  چەنم خۆش ئەوێ

عەلى مەردان

ئاى چەنم خۆش ئەوێ ،  قەزات لەماڵم کەوێ

گەردنى بەرزى نەخشاوى، وەک سۆنە سوێسکەو کەوێ

**      **     **   **

لێو وه‌ك  پەڕەى گوڵاڵه‌ ، ناوقەد ئەڵێی شمشماڵە

باڵا بەبەرزى ئاڵا ،  تەمەنى چواردە ساڵە

 **    **     **     **

لێرەبێ یاخود  لەوێ ،  دڵم هەرلەیلێی ئەوێ

قەتعەن ساتێ ناسرەوێ ،  لێم حەرام خواردن و خەوێ

**    **     **     **

دەروون  پڕبووه‌ لەژان ،  بێ بەش لەکەیف و سەیران

پشتم چەوت بوو چەماوە ، هەروەکو کەمەى گۆچان

  **    **     **     **

قه‌زات له‌ماڵ و منداڵم، بۆ دوورى تۆ عه‌بداڵم

شه‌و هه‌تا رۆژ ئه‌ناڵم ، شكاندت هه‌ردوو باڵم

**    **     **     **

 ده‌ستم له‌ له‌یلێ  شۆرى ، نه‌مما تاقه‌تى دوورى

گه‌ردوون بكا ده‌رگا تاك ، یه‌زدان ڕه‌حمێ له‌هیلاك

**    **     **     **

كتێبى گۆرانیه‌كانم  ( عه‌لى مه‌ردان ) لاپه‌ڕه‌ (107)

ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ

ناسری ڕه‌زازی

ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ

لێره‌ بێ یاكوو له‌وێ ، دڵه‌كه‌م هه‌ر له‌یلای ئه‌وێ

ده‌روونم پڕه‌ له‌ ژان فرمێسك ئه‌ڕژێ لە چاوان

پشتم شه‌ق بوو چه‌ماوه‌ هه‌ر وه‌كوو كه‌مه‌ی گۆچان

ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ

خۆتۆ به‌رزی نه‌خشینی وه‌ك سۆنه‌و كۆتر و كه‌وێ

لێوانت په‌ڕه‌ی گوڵه‌ نێو قه‌د ئه‌ڵێی شمشاڵه‌

باڵابه‌به‌رزی ئاڵا ته‌مه‌نت چوارده‌ ساڵه‌

ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ

لێره‌ بێ یاكوو له‌وێ ، دڵه‌كه‌م هه‌ر له‌یلای ئه‌وێ

جه‌مالى ده‌لاك  14/4/2021

سه‌رچاوه‌ : (*1) به‌رنامه‌ى ڕۆژێك له‌ڕۆژان ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنى (كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) (1979) ڕادیۆى كوردى به‌غداد

 (*2) وتووێژ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی   ...ئاماده‌كردنی سالار قه‌راخی  ..سلێمانی ١٩٨٠

(*3) په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( عه‌بدولقادر عه‌لى مه‌ردان ) ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ 13/4/2021 ( ج ،د)

(*4) ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی   ژماره‌ ٢١٠٤ له‌  ١٠/١٢/١٩٩٤ 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.