Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:10

بەڕێوەبەرى چاودێرى و وردبینى و پشکنینی باجەکان: باج زیاد نەکراوە بەڵکو ڕێک خراوەتەوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەم کابینەیەدا بڕیارى لەسەر ڕێکخستنەوەى باج لە هەرێم دا و لەسەر ئەم بنەمایە بلەڕێوەبەرایەتى گشتیی باجەکان چالاکتر بووەوە، ئابوریناسان پێیان وایە کە باج کۆڵەگەیەکى سەرەکى و بنەڕەتى گەشەى ئابوورى و بنیاتنانى ژێرخان و زیاترکردنى خزمەتگوزارییەکان و ڕێگرییە لە بەرزبوونەوەى نرخ و هەڵاوسان و کورتهێنانى بووجە، بەو مەرجەى کۆمپانیا و خاوەن کار و پیشە و هاووڵاتییان پێوەى پابەند بن.

لەسەر ئەم بنەمایە، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان دیمانەیه‌كی لەگەڵ هاوڕێ بەختیار جەمیل بەڕێوەبەرى چاودێرى و وردبینى و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى باجەکان ساز داوە:

ـ لە هەرێمى کوردستان چەند جۆر باجمان هەیە؟

هاوڕێ بەختیار: به‌ پێی سه‌رچاوه‌ ئه‌كادیمییه‌كان چه‌ندان پۆلێن هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی جۆره‌كانی باج، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زانراو و ناسراوه‌ لە هەرێمەکەمان باجی ده‌رامه‌ت، باجی خانووبه‌ره‌، باجی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی، باجی كۆمپانیاكان، باجی فرۆشراوه‌كان، باجی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، باجی زه‌وی به‌تاڵ، باجی كرێی مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتییە. باجیش له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق یه‌ك شێوه‌یه‌، چونكه‌ به‌ هه‌مان یاسا كاریان پێ ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار به‌ هه‌مان یاساكانی عه‌قار و باجی ده‌رامه‌تی عێراقی ده‌كرێت.

ـ دەبێت كێ باج بدات؟

هاوڕێ بەختیار: هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتیان هه‌یه‌ و به ‌هیچ یاسایه‌ك له‌ باج نه‌به‌خشراو بن، ئەوا به‌ پێی یاساكانی باج له‌سه‌ری پێویسته‌ و پابه‌ندكراوه‌ باج بدات.

ـ بۆچى لەسەر هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان پێویستە باج بدەن؟

هاوڕێ بەختیار: هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیان و داهاتیان هەیە لە دونیا، ملكه‌چن‌ بۆ باج و به‌ پێی یاسا پێویسته‌ باج بده‌ن، به‌ سیفه‌تێكی پابه‌ندكارانه‌ حكومه‌ت هه‌ڵده‌ستێت به‌ دانانى بڕێك باجی دیاریكراو به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاستی گوزه‌رانیان باشه‌، به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی بودجه‌ی گشتی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست و كۆی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان و له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ و ده‌سته‌به‌ركردنی گوزه‌رانی و خزمه‌تگوزارییه‌كی باش بۆ هاووڵاتیان. واتە حکومەت باج لە کۆمپانیا و خاوەن کار و پیشەکان وەردەگرێت بۆ خزمەتکردنى خودى ئەو هاووڵاتیانە و کەسانى هەژار و کەم دەرامەت و مووچەخۆر، ئیتر لە ڕێگەى نەهێشتنى کەمهێنانى بودجەوە بێت یا خزمەتگوزارییەکانى دیکە کە حکومەت بە خۆڕایی دەیخاتە بەر دەستى هاووڵاتیان.

ـ باجى هەر یەک لەکۆمپانیاکان و هاووڵاتیانى کاسبکار و خاوەن پیشە و فەرمانبەرانى حکومى و کەرتى تایبەت چەندە؟

هاوڕێ بەختیار: باجی كۆمپانیاكان به‌ یاسا ڕێكخراوه‌ و دیاری كراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ١٥% له‌ ڕێژە‌ی قازانجیان وه‌رده‌گیرێت. باجی خاوەن کار و پیشەکانیش به‌ پێی یاسا ڕێژە‌كه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ (تصاعد)ییه‌، واته‌ له‌ ٣%ـوە ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ ١٥%، واتە دوای داشكاندنی لێخۆشبوونه‌ یاساییه‌كان و لێخۆشبوونی منداڵ و ته‌مه‌ن و ئه‌و لێخۆشبوونانه‌ی دیكه‌ كه‌ یاسا بۆی دیاری كردووه‌، پوخته‌ی ئەو قازانجەی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ ڕێژە لێى دەبڕدرێت. واتە لە دوو ملیۆن دیناره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا باجەکەى ٣%ـیە، له‌ دوو ملیۆنی دووه‌م ڕێژە‌ی باجەکە ده‌بێته‌ ٥% و له‌ دوو ملیۆنی سێیه‌م و چواره‌م ڕێژە‌ی باجەکە ده‌بێته‌ ١٠% و له‌ شه‌ش ملیۆن به‌ سه‌ره‌وه‌یش ڕێژەی باجه‌كه‌ ده‌بێته‌ ١٥%. باجی كارمه‌ندانی حكومی و كه‌رتی تایبه‌تیش له‌ هه‌ر مانگێك ملیۆنێك دینار لێخۆشبوونی یاسایی هه‌یه‌، دوای ئه‌و ملیۆنه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ بڕی مووچه‌كه‌ی جارانی ٥% ده‌كرێت، واته‌ بۆ هه‌ر مانگێك ٥% ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر باجی ئەو بڕە پارەیەى کە لە سەرووى ملیۆنێك مووچەکەیەوەیە، بەم شێوەیە ئاسانکاری و لێخۆشبوونێکى گەورە و بێ وێنە کراوە بۆ فەرمانبەرانى حکومەت و کەرتى تایبەت، واتە کۆى گشتى ئەو فەرمانبەرانەى کە باج دەدەن ناکاتە تەنانەت ٢%ـیش.

ـ لەسەر چ بنەمایەک بڕى باج لەسەر هاووڵاتى و کۆمپانیاکان و خاوەن پیشەکان دادەنرێت؟

هاوڕێ بەختیار: ڕێژە‌ی وه‌رگرتنی باج به‌ یاسا دیاری كراوه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ڕێژە‌ی قازانج ده‌بێت هاووڵاتیان حیساباتی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن له‌و كۆمپانیا و ڕێكخراو و شوێنانه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌ویان هه‌یه‌، واته‌ ژمێره‌ (میزانییه‌)ی كۆتایی خۆیان له‌ كۆتایی ساڵدا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و بۆیان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ قازانج و خه‌رجییه‌كانیان له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا چه‌نده‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ ڕاسته‌قینه‌ بن ئه‌وا ڕێژە‌كه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ ١٥%یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاسته‌قینه‌ نه‌بوون ئه‌و كات فه‌رمانگه‌ی باج خۆی پێداچوونه‌وه‌ ده‌كات و ڕێژە‌كه‌ دیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها خاوه‌ن پیشه‌كانیش پێویسته‌ خۆیان له‌ سیستەمێكی ته‌ندروست باجی خۆیان دیاری بكه‌ن، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س ئاماده‌ نییه‌ زانیاریی ڕاسته‌قینه‌ بدات و سیستمه‌كه‌یش ئه‌لیكترۆنی نییه‌ تا بتوانین زانیاری ڕاست و دروست وه‌ربگرین، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی باجه‌وه‌ دوای پشكنینی شوێنه‌كه‌ بڕی قازانجی ساڵانه‌ی ئه‌و شوێنه‌ دیاری ده‌كرێت و پاشان ڕێژە‌ی باجه‌كه‌ ده‌خه‌مڵێندرێت و لێی وه‌رده‌گیردرێت.

ـ ئەگەر بێتو باجدەران باج نەدەن، چ ڕوو دەدات؟

هاوڕێ بەختیار: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی باج له‌ به‌رژە‌وه‌ندی خه‌زێنه‌ی گشتییه‌، ئه‌گه‌ر بڕی باج كه‌م بووه‌وه‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج هه‌بوو، له‌و حاڵه‌ته‌دا نادادپه‌روه‌ری له‌ وه‌رگرتنی باج دروست ده‌بێت و جیاوازی له‌ نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دێته‌ ئاراوه‌، به‌ جۆرێك هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر ده‌بن و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن، ڕاسته‌وخۆیش زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر داهاتی گشتی ده‌كه‌وێت، چونكه‌ كه‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج دروست ده‌بێت زیان به‌ داهاتی گشتی ده‌گات و رێژە‌ی وه‌رگرتنی باج كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و داهاتی باج داده‌به‌زێت، به‌م پێیه‌یش ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان دروست ده‌كات و حكومه‌ت توانای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و پڕۆژە‌كان ڕوو له‌ كورتی ده‌بن و كورتهێنان له‌ بودجه‌ ڕوو ده‌دات، واته‌ ئه‌و كات باج ڕۆڵه‌ ئابوورییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، كه‌ بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی و ڕێگریكردن له‌ هه‌ڵاوسانی نرخ و سووڕی ئابووری واته‌ قوفڵنه‌كردنی گیرفانه‌كان به‌ رووی پاره‌دا سوودی هه‌یه‌ و ئابوورییه‌كی به ‌جووڵه‌ و بزاوت دروست ده‌بێت، كه‌ له‌ ڕێی ئه‌و باجه‌وه‌ دووباره‌ پڕۆژە‌ دێته‌وه‌ ناو بازاڕ و وا ده‌كات سیستەمی ئابووری چه‌قبه‌ستوو نه‌بێت.

ـ ڕێژەى زیادکردنى باج ساڵانەیە، یا چۆنە؟

هاوڕێ بەختیار: ڕێژە‌ی زیادكردنی باج له‌ وه‌رگرتنی باج ساڵانه‌یه‌، به‌ زیادبوون و كه‌مبوون په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاستی بژێوی هاووڵاتیان و پێویستی حكومه‌ت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بودجه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی.

ـ چ شت و بابەتێک هەیە کە باجى لەسەر زیاد دەکرێت؟

هاوڕێ بەختیار: ئێمه‌ هیچ باجێكمان زیاد نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ته‌نها پێشتر هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ هه‌بوون به‌ده‌ر له‌ یاسا ئه‌مانه‌ باجیان لێ وه‌رنه‌ده‌گیرا، بۆ نموونه‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان كه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه یان هاورده‌ی ناوخۆ‌ ده‌كران، پێشتر باجیان نه‌ده‌دا یانیش باجێكی ڕە‌مزییان ده‌دا، به‌ڵام ئێستا‌ باجه‌كه‌ ڕێك خراوەتەوه‌ و ده‌بێت بیده‌ن. باجوه‌رگرتن به‌ یاسا ڕێك خراوه‌ و نرخه‌كه‌ی دیاری كراوه،‌ بۆ نموونه‌ باجى كۆمپانیاكان ١٥%یه‌، باجی ده‌رامه‌ت وه‌ك پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد له‌ ٣% بۆ ١٥% یه‌، باجی خانووبه‌ره‌ ٩%ـیه‌، باجی زه‌وی به‌تاڵ ٢%ـە. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ هه‌بووه‌ پێشتر ده‌بوو باج بده‌ن، به‌ڵام نه‌یانده‌دا، بۆ نموونه‌ كارمه‌ندانی بیانی له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان پێشتر باجیان نه‌ده‌دا ئێستا‌ ده‌بێت باج بده‌ن، باج له‌ موبیعاتی هوتێله‌ چوار ئه‌ستێره‌ و پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان و چێشتخانه‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان وه‌ر ده‌گیردرێت، هه‌روه‌ها نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان باجه‌كانیان پێشتر له‌ ڕێی دۆسیه‌كان و سه‌ردانیكردنی باجی ده‌رامه‌ت و كۆمپانیاكانه‌وه‌ ده‌درا، به‌ڵام ئێستا ڕاسته‌وخۆ و به‌ ڕێژە‌ی ٥% له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن باجیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، واتە باجەکە دەکەوێتە سەر خودى نەخۆشخانەکان نەوەک هاووڵاتیان.

ـ کەى هاووڵاتى و کۆمپانیاکان دەرەنجامى دانى باجەکانى خۆیان دەبیننەوە؟

هاوڕێ بەختیار: هاووڵاتیان له‌و ساڵه‌ی كه‌ باجه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئه‌و بڕە‌ داهاته‌ی كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ میزانییه‌ی خیتامی ده‌وڵه‌ت كه‌ حیسابات له‌ كۆتایی ساڵدا ڕێك ده‌خرێت و پڕۆژە‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، ئه‌و كات ده‌رئه‌نجامی ئه‌و باجه‌ی خۆیان ده‌بینن كه‌ به‌ شێوه‌ی پڕۆژە و له‌ ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ دووباره‌ ده‌خرێته‌وه‌ خزمه‌تی خۆیان و به‌شێكیشی ده‌بیته‌ مووچه‌ بۆ كارمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و خانه‌نشینان و په‌ككه‌وته‌كان و قه‌رزی پڕۆژە‌كان، كه‌ به‌ گشتی له‌ پڕۆژە یاسای بودجه‌ جێگه‌یان ده‌كرێته‌وه‌.

ـ ئەو بابەتانەى کە مەترسیدارن لە دونیا لەسەر ژینگە و تەندروستى هاووڵاتى باجى گەورە و زۆریان لەسەرە، لە کوردستان کام بابەتە لەم چوارچێوەیەدایە و باجەکەشیان چەندە؟

هاوڕێ بەختیار: له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی باج ڕە‌چاوی ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌ بۆ نموونه‌ له‌ جگه‌ره و مادده‌ كحولییه‌كان‌ ڕێژە‌یه‌كی به‌رزی باج وه‌رده‌گیردرێت، واته‌ ئه‌و ماددانه‌ی كه‌ زیانیان هه‌یه‌ باجی زیاتر وه‌رده‌گیردرێت به‌ به‌راورد به‌و ماددانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ قووت و بژێوی گشتیی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه،‌ بۆ نموونه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی وه‌ك ده‌ڕاسه‌ و تراكتۆر و په‌ینی كیمیایی هیچ باجێك وه‌رناگیردرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جووتیار ببێته‌ هانده‌ر له‌ باشتركردنی كاره‌كه‌ی.

ـ یاساکانى یاج پەرلەمان دایاندەنێت و پەسەندیان دەکات، کەواتە پەرلەمان پێویستە چ بكات بۆ چالاککردنى یاساکان و گۆڕینیان لەسەر باج؟

هاوڕێ بەختیار: پێویسته‌ په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه‌ و به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته‌وه‌ یاساكان هه‌موار بكاته‌وه‌ و له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان خێرا بێت و له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ نموونه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باج ئه‌و هه‌مواركردنه‌وانه‌ ئه‌نجام بدات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تاكلایه‌نانه و به‌ گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی په‌رله‌مانتار و ئاڕاسته‌ی سیاسی په‌رله‌مانتاران‌ هه‌مواركردنه‌وه‌كان بكات.

ـ یەکێک لەو كێشانه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی باج ڕووبه‌ڕووی كۆمپانیاكان ده‌بێتەوە، نه‌بوونی داتایه‌ لەگەڵ نەبوونى سیستەمى ئەلیکترۆنى؟

هاوڕێ بەختیار: گه‌وره‌ترین كێشه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باج ئه‌وه‌یه‌ زانیاریی ورد و دروست له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمی بانكی نییه‌، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سیستەمێكی ئه‌لیكترۆنی یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و سیستمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ به‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت به‌سترابێته‌وه‌، هاوكات نه‌بوونی ژماره‌ی باج كه‌ یەکانگیر بێت له‌ نێوان هه‌موو هاووڵاتیان هۆكارێكی دیكه‌ی دروستبوونی كێشه‌كانه‌.

ـ به‌شێكی زۆری كۆمپانیا بیانییه‌كان ‌بێ ئه‌وه‌ی باج بده‌ن پاش ئه‌وه‌ی كار و پڕۆژە‌كانیان ته‌واو كردووه‌ و باجێكی زۆریان له‌سه‌ر كۆ بووه‌ته‌وه‌، دەڕۆنەوە و باج نادەن، چ گره‌نتییه‌ك بۆ ئەمە هەیە؟

هاوڕێ بەختیار: كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ ساڵانی ڕابردوودا كاتێك پڕۆژەكانیان ئه‌نجام ده‌دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ كوردستان تۆمار بكه‌ن، هه‌ندێك كه‌موكورتییەکان له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تەوە بوو، پاره‌كانیان بۆ خه‌رج كراوه‌ و وه‌ریان گرتووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی باجی ئه‌و پڕۆژانه‌ بده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكیان باجه‌كانیان به‌بێ كێشه‌ داوه‌، بۆیه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م بڕیاری توند ده‌رچووه‌ و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان پابه‌ند كراون كه‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك نابێت پڕۆژە‌ی پێ بدرێ كه‌ ئه‌گه‌ر تۆمار نه‌كرابێ، ناشتوانێ هیچ پاره‌یه‌ك وه‌ربگرێ و بۆی خه‌رج بكرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی باج بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ندین دانیشتنی كردووه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ـ زۆرێک لە کۆمپانیاکان ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی داهات و میزانییە و کارمەندانى خۆیان ناخەنەڕوو و به‌ڵگه‌ و زانیاریی نیشان نادەن، چ ڕێکارێک بۆ ئەمە گیراوەتە بەر؟

هاوڕێ بەختیار: یه‌كێك له‌ كه‌موكورتییه‌كانی سیستەمی باج له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت له‌ عێراقیش بابه‌تی خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ باج، ئه‌مه‌یش له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ندێك وڵات به‌رزه‌ و له‌ هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ نزمه‌، ئه‌مه‌یش وابه‌سته‌یه‌ به‌ زۆر هۆكار، بۆ نموونه‌ ڕۆشنبیری له‌ باج و شه‌فافییه‌ت له‌ دابه‌شكردنی داهات و بودجه‌ و نه‌بوونی سیستەمێكی تۆكمه‌ی بانكی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی پاره‌ی كاش له‌ بازاڕەكان و حیسابه‌ بانكییه‌كان، ئێمه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ كارمان كردووه‌ بۆ نموونه‌ كارمان له‌سه‌ر هۆشیاری كردووه‌، به‌ جۆرێك ڕۆژانه‌ له‌ میدیاكان و كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌و بابه‌ته‌ باس ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها زۆرترین نووسراومان بۆ داموده‌زگه‌ حكومییه‌كان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ خه‌ڵك بگرن خۆی له‌ باج بدزێته‌وه‌، هه‌روه‌ها زانیاری تایبه‌ت به‌ باجده‌ران بۆ فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان باج بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. له‌ ئێسته‌دا كاری جددی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ كراوه‌ و هه‌نگاویشی بۆ نراوه‌.

ـ دانانی كاتێكی دیاریكراو بۆ پێشكه‌شكردنی میزانییه‌، كێشه‌ى بۆ کۆمپانیاکان دروست كردووە، چونکە کۆمپانیا هەیە ناتوانێت تا مانگى حەوت میزانییەکەى پێشکەش بکات و بەمەش ڕووبه‌ڕووی سزا دەبنەوە و دەدرێنه‌ دادگه‌ و سه‌دا پازده‌ی سزا دەدرێن، بەمەش كۆمپانیای وا هه‌یه‌ ناچار ده‌بێت به‌یه‌كجاری كۆمپانیاكه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ دابمه‌زرێنێت؟

هاوڕێ بەختیار: یاسای باج كاتی پێشكه‌شكردنی ڕاپۆرته‌كانی دیاری كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ دیاری نه‌كرێت هه‌موو كۆمپانیایه‌ك پابه‌ند نابێت به‌ پێشكه‌شكردنی حیساباتی خۆی و ناشكرێ دانیشن و حیساباتی دوو ساڵی ڕابردوو بكه‌ین بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت مانگ ئه‌و باجده‌ره‌ بۆی هه‌یه‌ حیساباتی خۆی پێشكه‌ش بكات ئه‌گه‌رنا ڕووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێندرێت و رێژە‌كه‌ی له‌ ١٠% بۆ ٢٥% ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ تا ئێستا‌ ته‌نها ١٠% بۆ ١٥%مان وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ كۆمپانیا پێویسته‌ پابه‌ند بێت به‌ پێدانی باج و ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانی.

ـ ئایا خه‌مڵاندنی باج به‌ چ پێوه‌رێك دیاری ده‌كرێت، یان ڕوونتر بڵێین هیچ پێوه‌رێك بۆ لێوه‌رگرتنی باج له‌ كۆمپانیان هه‌یه‌؟

هاوڕێ بەختیار: به‌ پێی یاسا كۆمپانیا له‌سه‌رییه‌تی زانیاریی ڕاست و دروست پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باجه‌كان بكات، به‌ڵام كه‌ زانیارییه‌كانیان به‌ ڕاست و دروستی پێشكه‌ش ناكه‌ن له‌ به‌رانبه‌ردا یاسا سزا و ئیجرائاتی زۆر توندی بۆ دیاری كردوون، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باجه‌كان سووكترین ئیجرائات وه‌ر ده‌گرێت، كه‌ ڕ‌تكردنه‌وه‌ی حیساباته‌كه‌ و خه‌مڵاندنییه‌تی، به‌ پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ و ده‌توانێ ژمێره‌كه‌ی ڕه‌ت بكاته‌وه‌ و ده‌توانێ به‌ پێی هه‌ندێك پێوه‌ر كه‌ جێگیر نین، به‌ڵام هاوشێوه‌یه‌، زانیارییه،، كه‌شفی مه‌یدانییه‌، ناووناوبانگه‌، قه‌باره‌ی كۆمپانیایه‌، له‌سه‌ر چالاكی ساڵانی ڕابردوویه‌تی، واته‌ زۆر شت هه‌یه‌ ڕە‌چاو ده‌كرێت بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر قه‌باره‌ی موڵك و ماڵییه‌تی، ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان ده‌كرێنه‌ پێوه‌ر له‌ كاتی خه‌مڵاندنه‌كان، به‌ڵام بڵێی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و دادپه‌روه‌ری تێدایه‌، نه‌خێر وا نییه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ پێشكه‌شكردنی زانیارییه‌كان ڕاستگۆ بن، ئێمه‌ ناچینه‌ ناو ئه‌و بابه‌ته‌، به‌ڵام پابه‌ندبوونی كۆمپانیاكانه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باج به‌كار ده‌هێنرێت و له‌م بواره‌وه‌ خه‌مڵاندنی تایبه‌تیان بۆ بكرێت، خه‌مڵاندنیش شتێكی میزاجییه‌ زیاتر له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت.

 

 

 

میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئابوری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.