Erbil 14°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 10:40

 شانۆکاران و پێنجه‌مین فیستڤاڵی هه‌ولێر بۆ شانۆ

سازدانی ئه‌و جۆره‌ فیستیڤاڵه‌ له‌و باردۆخه‌ له‌و شاره‌ وله‌و هه‌رێمه‌دا مانای زۆر ده‌به‌خشێت
کوردستان TV
100%

ئا/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

سازدانی فیستیڤاڵ له‌ هه‌ر بوارێكی هونه‌ری ، ئه‌ده‌بی ، كلتوری.. روداوێكی  ساده‌و ئاسان نیه‌ ته‌نیا بۆنه‌یه‌كی ئاهه‌نگی بێ به‌ها نیه‌ یان بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ری مێژووی خۆی هه‌یه‌، پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانییه‌ له‌ هه‌مان كاتدا رووی پێشكه‌وتنی بۆ ئه‌و وڵاته‌نیشان ده‌درێت  كه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ سازده‌كات .

سازانی فیستیڤاڵ یه‌كێكه‌ له‌و چه‌كه‌ جیهانیانه‌ی كه‌ ده‌تواندرێت رۆشنبیرو كلتوری وڵاته‌كه‌ له‌ جیهاندا بڵاوبكاته‌وه‌  له‌ لایه‌كی تریش كۆكردنه‌وه‌ی رۆشنبیران وهونه‌رمه‌ندان له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌بێته‌ هۆی یه‌كتر ناسین و  ئاڵگۆركردنی ئه‌زموونی یه‌كتری له‌ هه‌موو بواره‌كان .

بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر فیستڤاڵێك  له‌ هه‌ر بوارێكدا پێویستی به‌ كه‌سانی شاراز و پسپۆر هه‌یه‌ به‌ جۆرێك  ئه‌و كه‌سانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی ، پرۆتۆكۆڵی ، به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك  ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن  یه‌كه‌م هه‌نگاویش (ئامانجه‌) واته‌ ده‌بێ چه‌ند ئامانجێكت هه‌بێ له‌سازدانی فیستیڤاڵ ئه‌نجا دیاركردنی بودجه‌یه‌كی  پێویسته‌ بۆ به‌رێوه‌به‌ردنی فیستیڤاڵه‌كه‌یه‌ دیاركردنی شوێن و كاتی فیستیڤاڵ به‌جۆرێك بێت كه‌ به‌ وردی خوێندوه‌ی بۆ بكرێت هه‌ر له‌ ده‌ستنیشان كردنی كاتی سازدانی فیشتڤاڵه‌كه‌  وه‌كو شه‌و رۆژ  وه‌رز .. ئه‌مانه‌ خاڵی گرنگی سه‌ركه‌وتنی فیستڤاڵی ده‌بێ ئاگادراری  پشووه‌كانیش بین چونكه‌ كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌بێت دوایی و ئه‌و گروپ و تیپانه‌ی كه‌ بانگێشت ده‌كرێت له‌سه‌ر چ بنمایه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كرێت له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌كو میوان بانگێشت ده‌كرێن ده‌بێ  پێوه‌رێك هه‌بێت .

له‌ رۆژنی 10-14/12/2018 پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ به‌رێوه‌چوو وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان بۆچوونی چه‌ندین شانۆكارمان وه‌رگرتووه‌ لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه‌ روو.

ktv

سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندی مه‌غریبی "عه‌بدولكه‌ریم به‌رشید" دامه‌زرێنه‌ری شانۆی "ئاهه‌نگ سازی" سه‌باره‌ت به‌ فیسیتڤاڵه‌كه‌ به‌ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند:  به‌هۆی  ئه‌وه‌ی  ئه‌م فیستڤاڵه‌ فیستڤاڵێكی جیهانیه‌و دیارده‌كی كراوه‌یه‌ بۆ ئاڵگۆر كردنی ئه‌زموونه‌كان به‌و پێیه‌ی شانۆ زمانێكی جیهانییه‌ سازدانی ئه‌و جۆره‌ فیستیڤاڵه‌ له‌و باردۆخه‌ له‌و شاره‌ وله‌و هه‌رێمه‌دا مانای زۆر ده‌به‌خشێت  به‌وه‌ی شاری هه‌ولێر كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رووی جیهاندا كرده‌وه‌ ، زۆر به‌ عشقه‌وه‌  حه‌زم لێبوو سه‌ردانی كوردستان بكه‌م چونكه‌ هاورێی هونه‌رمه‌ندی زۆرم هه‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌ شانۆگه‌رییه‌كانی منیان پێشكه‌ش كردوه‌  به‌هۆی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رم و به‌رێزه‌ی له‌ من كراوه‌ هه‌ست ده‌كه‌م  به‌و ماوه‌یه‌ كه‌مه‌یه‌ كه‌لێره‌م وا ده‌زانم (50) ساڵه‌ لێره‌م .
كورد گه‌لێكه‌ خه‌باتی زۆریان كردوه‌ له‌ پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیان خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌كی مه‌زنن هه‌رله‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌مدا چه‌ندین دیداری شانۆیی له‌گه‌ڵ دامووده‌زگاكانی راگه‌یاندنم ئه‌نجامداوه‌.. له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم سازدانی ئه‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ هیوادارم به‌رده‌وام بێت ، پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئه‌ڵتونی زێز له‌لایه‌ن ئاماده‌كارانی فیسیڤاڵ یه‌كێكه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه‌ شانازی پێه‌وه‌ده‌كه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ فیستڤاڵه‌كه‌ بێگومان نمایشی جوان و به‌ پێز نمایش كران  كاره‌كان جیاواازی هه‌بوو به‌ڵام باشه‌كان زۆرتر بوو له‌ نمایشه‌كانی ئاست نزم  له‌باره‌ی پانێله‌كان كارێكی باشه‌ گفتۆگۆ له‌سه‌ر ئاریشه‌كانی شانۆ بكرێت به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی  وه‌ به‌ خۆش حاڵییه‌وه‌ من كۆرێكی گرنگ له‌سه‌ر شانۆی ئاهه‌نگ سازی پێشكه‌ش كرد له‌ ژێر ناوی ( ئاهه‌نگسازی زایه‌ڵه‌ی ده‌نگه‌په‌راوێز خراوه‌كانه‌) دیالۆگێكی باشی نێو شانۆكارانی به‌دوای خۆی داهێنا.

ktv

هونه‌رمه‌ند نه‌ژاد نه‌جم له‌ كركوك گووتی: سه‌باره‌ت به‌ فیستیڤاڵ و دیداره‌ شانۆییه‌كان ده‌توانم بڵێم  سازدانی فیستیڤاڵ هۆكارێكه‌ یان فاكتره‌ێكه‌ بۆ ئاڵوگۆركردنی كلتوره‌كان.. فیستڤاڵی ئه‌م ساڵ زۆر جیاوازه‌ چونكه‌ هه‌ندێ نمایشم بینی جێگای تێرامان بوو بۆ من یه‌كێك له‌و نمایشانه‌ شانۆیی ( به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆ) كه‌ به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا بوو ، هه‌روه‌ها دوو نمایشی ترم بینی كه‌ له‌ كلتور نمایشی ئێمه‌ زۆر جیاواز بوون بۆیه‌ ده‌كرێت ئێمه‌ی شانۆكاران سوودێكی گه‌وره‌ له‌م جۆره‌ نمایشانه‌ وه‌رگرین بۆ ئه‌وه‌ی شانۆی كوردیش ئه‌گه‌ر له‌ئاستی ئه‌وانیش نه‌بێت بگاته‌ ئاستێك كه‌ ته‌كانێك  به‌ره‌وتی شانۆی كوردی بدات  بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئاستی ئه‌وان ،زۆر جار ده‌گوترێت سازدانی فیستڤاڵ هیچ شتێك ناگۆرێت به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌م فیستڤاڵانه‌ هۆكارێكه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌و ناسینی شانۆكارانی جیهانی.

 سه‌باره‌ت به‌ دیدار وپانێله‌كان ده‌توانم بڵێم  ئه‌م پانێله‌نه‌ی ئه‌م فیستڤاڵه‌ زۆر جیاوازه‌ چونكه‌ له‌ دیداراه‌كانی رابردوو شانۆكاران ئه‌وه‌نده‌ ناته‌با بوون تا ئه‌و راده‌ی  گرنگیان به‌ ئه‌ته‌كێكتی به‌رێوه‌بردنی كۆره‌كان نه‌ده‌دا به‌ڵام له‌م دیداره‌دا ئه‌ته‌كێتێكی باش و جوان بوو بۆ گفتوگۆكردن و دیالۆگ كردن بۆ له‌یه‌كه‌تێگه‌یشتن  هه‌بوو ئه‌مانه‌ شتی باشن بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوو شتی باشتر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی شانۆی كوردی به‌ره‌ و زانستی بڕوات بۆیه‌ من پاڵیشتی ئه‌و جۆره‌ فیستڤاڵه‌و دیدارانه‌ ده‌كه‌م هیودارم به‌رده‌وامن چونكه‌ كاری جوان نمایش كراوه‌ بۆنموونه‌ نمایشه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا هه‌ست ده‌كه‌م له‌رێگه‌ی ئه‌م نمایشه‌وه‌ ده‌یان نمایشم بینیوه‌ ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش  بۆ هه‌ندێ نمایشی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ش واله‌ ئێمه‌ی شانۆكار ده‌دات په‌ره‌ به‌ توانا و كاره‌ شانۆییه‌كانی خۆمان بده‌ین.

ktv

هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی پاشایی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ڵێت: زۆر به‌خته‌وه‌ره‌م له‌و فیستڤاڵه‌ به‌شدارم هه‌ست ده‌كه‌م هه‌وڵ و كۆششی زۆر هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌ كه‌ به‌باشی به‌رێوه‌ بچێت له‌ شاره‌ جوانه‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌و تیپانه‌ی بانگێشت كراون وه‌كو (ئه‌لمانیا،ئوردن، تونس، كوێت، میسڕ ) به‌رهه‌می باشیان پێشكه‌ش كردوه‌ به‌ڵانم نازانم بۆچی له‌ شاره‌كانی تری كوردستان وه‌كو سلێمانی و دهۆك وه‌ رۆژهه‌ڵات كوردستان و رۆژ ئاوای كوردستان  و باكوری كوردستان بانگێشت نه‌كراون سه‌باره‌ت به‌ شانۆگه‌رییه‌كان  ده‌توانمم بڵێم هه‌ندێ نمایش هه‌بوو له‌ ئاستی فیستڤاڵ نه‌بوون به‌ڵام من ده‌ست خۆشی له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م كاره‌یان كردوه‌ هیودارم له‌ داهاتوو تیپی زۆرتر به‌شدار بن سازكردنی ئه‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ له‌ سوودی شانۆی كوردییه‌ هیودارم له‌ ساڵانی داهاتوو تیپه‌ شانۆییه‌كانی كیشوه‌ره‌كانی تریش وه‌ كو ئه‌وروپا به‌شداربن بۆئه‌وه‌ی ئاڵوگۆری بیرورا گۆرینه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌كان بكه‌ین هیوادارم شانۆی كوردی بگینه‌ ئاستی شانۆی ئه‌وان ئه‌وه‌ی من له‌م فیستڤاڵه‌م به‌دی كرد كێشه‌ی نه‌بوونی هۆڵی شانۆیه‌ تاراده‌یه‌گ گرفتی بۆ تیپه‌كان دروست كردبوو به‌جۆرێك هه‌ندێ له‌ هۆڵه‌كان هۆڵی شانۆیی گونجاو نین بۆ نمایش هیودارین له‌ داهاتوو ئه‌و گرفتانه‌ نه‌مێت .

ktv

هونه‌رمه‌ند ئاواره‌ عه‌بدولره‌حیم ته‌ها مامۆستای په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی رواندز: سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ ئاماده‌كارانی فیستیڤاڵ ده‌توانم بڵێم پێنجه‌مین فیستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ شانۆ بۆ ئه‌مه‌ساڵ زۆر جیاواز بوو له‌ فیستڤاڵه‌ كانی رابردوو چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ كۆمه‌ڵێ گرووپی به‌ توانا به‌شداری فیستڤاڵه‌كه‌یان كردبوو چه‌ند كارێكی باش و ناوه‌زیان پێشكه‌ش كرد سه‌باره‌ت به‌ پانێله‌كان ناونیشانی زۆر گرنگ بوون هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێكۆڵنه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش كرد كه‌سی به‌توانا و پسپۆر بوون بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ راسپارده‌كان به‌رز بكرێنه‌وه‌ بگاته‌ شوێنی مه‌به‌ست و كاری له‌سه‌ر بكرێت  چونكه‌ له‌رابردوو زۆر كۆڕو سیمناریی شانۆییمان كردوه‌  به‌ڵام بێسوود بوون ئه‌نجامیان نه‌بوو  هیودارم ئه‌م دیدره‌ به‌ زۆر به‌ جدی كاری له‌سه‌ری له‌سه‌ر بكرێت .

ktv

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر عزیر: سازدانی پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ كارێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌كانێك به‌ره‌وتی شانۆ بدرێت له‌شاری هه‌ولێر وه‌ له‌كوردستان به‌گشتی  كاره‌شانۆییه‌كانی وڵاتانی (عێراق ،تونس،مه‌غریب، كوێت ، میسڕ ، ئه‌ڵمانیا) كارێكی جوانیان پێشكه‌ش كرد به‌ تایبه‌تی شانۆیی (به‌ده‌م چاوه‌راوه‌نی گۆدۆ) ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا  جگه‌له‌ دووكاری خۆماڵی كه‌له‌لایه‌ن (كارۆخ ئیبراهیم ، مه‌هدی حه‌سن) نمایش كرا پێویسته‌ ئه‌م فیستڤاڵه‌ زیاتر پشتگیری بكرێت به‌تایه‌تی له‌رووی دارییه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ شانۆكاران هه‌ولێر و كوردستان ده‌خوازم  وه‌ ده‌ست خۆشی له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر ده‌كه‌م.

ktv

چاوان خه‌لیل ئه‌كته‌رو به‌شداری فیستڤاڵ: سه‌ره‌تا من هه‌ستم ده‌كرد ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر چالاكی شانۆی سستی پێوه‌دیاره‌ هیودارم ئه‌م فیستیڤاڵه‌ هانده‌رێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی چالاكی شانۆیی به‌رده‌وام بێت .

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی من له‌ شانۆیی (كه‌سێك هه‌ردێت) له‌ نووسینی (یۆن فوسه‌) ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (مه‌هدی حه‌سن) بوو رۆڵه‌كه‌ی من ئافره‌تێك له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی  هه‌رده‌م هه‌ست به‌ گومان ده‌كه‌ن بۆیه‌ به‌دوایی شوێنك ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئارامی تیابژین  دوور له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ڵام به‌هۆی كه‌سی سێیه‌م به‌داخه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و ئارامییه‌ مه‌یسه‌ر بكه‌ن بۆیه‌ تاكۆتایی شانۆییه‌كه‌ ئه‌و رارایی و گومانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت  به‌و هیوایه‌ی له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵه‌كه‌م سه‌ركه‌وتوو بووبم.

ktv

هونه‌رمه‌ندی عێراقی رائد موحسن: سازدانی پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ  دیارده‌یه‌كی شارستانییه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كارێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان ئه‌زموونی یه‌كتری ئاڵوگۆر بكه‌ن و یه‌كتری بناسین سه‌باره‌ت به‌ نمایشه‌كان ده‌توانین بڵێین كاری زۆر باش نمایش كران بێگومان كاری ئاست نزمیش هه‌بوو هیودارین له‌ داهاتوو تیپی شانۆیی زۆر تر به‌شداربن وه‌ زیاتر گرنگی به‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ بدرێت.

ktv

هونه‌رمه‌ندی تونسی مه‌نال ئه‌لقه‌وی ئه‌كته‌ری شانۆگه‌ری بنت بوها (ئه‌لمخفوفه‌)  گووتی: نمایشه‌كه‌مان مۆنۆدراما بوو واته‌ یه‌ك ئه‌كته‌ر نواندن ده‌كات  به‌ڵام دوو ژه‌نیارم له‌گه‌ڵن كه‌ هاوكارمن بۆ گیرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌م شانۆگه‌رییه‌كه‌ باس له‌ ئافره‌تی تونسی  وه‌ عه‌ره‌بی به‌گشتی ده‌كات باس له‌ تێرامانی كۆمه‌ڵگا بۆ ئافره‌ت ده‌كات به‌تایبه‌تی بۆ ئافره‌تی هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌مان كاته‌دا باس له‌ پاڵه‌پستۆی كۆمه‌ڵگا ده‌كات به‌وه‌ی ده‌بێ ئافره‌ت له‌ ته‌مه‌نێكی دیاركراو شوو بكات  گرنگ نیه‌ چۆن و به‌كێ شوو بكات گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شوو بكات بۆیه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ دژی  ئه‌و داب و نه‌ریته‌ نه‌رێیانه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌وستێت هه‌موو هه‌وڵ وكۆششی بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌و ئامانجه‌ی بگات كه‌ئه‌ویش بریتی له‌وه‌ی  له‌ باشوو كۆچ بكات بچێته‌ پایته‌خه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی  وانه‌ی شانۆ بخوێنێت ئه‌گه‌رچی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی زۆره‌ به‌ڵام پێداگیری له‌سه‌ر ئامانجه‌كه‌ی خۆی ده‌كات و دوایی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو كۆسپ و ته‌گه‌ره‌گان زاڵ ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدا ،  سه‌ركه‌توو ده‌بێت  له‌ كۆتاییدا ده‌بێته‌ ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگ ته‌نیا كه‌سێك كه‌پاڵپشتی كردوه‌ باوكییه‌تی كه‌چی به‌هۆی كۆچی دوایی باوكی ئه‌و پاڵپشتیه‌شی نامێنێت به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت تاده‌گاته‌ ئامانجی خۆیی. 

ktv

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی: ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجامده‌رانی پێنجه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ  ده‌كه‌م بێگومان كارێكی زۆر باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌زموونی شانۆكارانی جیهان بیت ، پێویست بوو وڵاتانی زیاتر به‌شداری ئه‌م فیستڤاڵه‌یان كردبا به‌ڵام دیاره‌ توانای داریی هه‌رئه‌وه‌نده‌ بووه‌، یه‌كێك له‌و نمایشانه‌ی من بینه‌ری بووم و زۆر سه‌رنجی راكێشاوم شانۆگه‌ری (ئه‌لمخفوفه‌) كچی باوكییه‌تی  وڵاتی  تونس بوو كه‌ ئه‌كته‌رێكی به‌ توانا رۆڵه‌كه‌ی به‌رجسته‌ كردبوو به‌ناوی (مه‌نال ئه‌لقه‌وی) نواندنی  مۆنۆدرامایه‌ك كه‌ دوو سعات له‌سه‌ر شانۆ كارێكی ئاسان نییه‌ پێویستی به‌ توانست و وزیه‌كی زۆر ده‌بێت بیرۆكه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆیه‌ ئه‌و نمایشه‌م له‌ خه‌یاڵ ده‌رناچێت كاره‌كانی تریش تاراده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون و هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ كاره‌كه‌ی كارۆخ ئیبراهیم  كاره‌كه‌ی باش بوو زیاتر گرنگی به‌ سینۆگرافیا دابوو ئه‌وه‌ی راستی بێت ئێمه‌مان كێشه‌ی ده‌قمان هه‌یه‌.

ktv

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی فیستڤاڵ هونه‌رمه‌ند هیوا سه‌عاد له‌باره‌ی فیستیڤاڵ به‌ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند: فیستڤاڵه‌كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رو یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌رێوه‌چوو بێگومان له‌وانه‌شه‌ كه‌مووكوڕیشمان هه‌بێت هۆكاریش زۆرن به‌ڵام به‌رده‌وامی فیستڤاڵ وامان لێده‌كات  چاره‌سه‌ری كه‌مووكوڕییه‌كان  بكه‌ین له‌م فیستیڤاڵه‌دا توانیومانه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م تیپه‌شانۆییه‌كانی جیهان فه‌راهه‌م بكه‌ین به‌شداری ئه‌و تیپه‌ شانۆیانه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌و هه‌موو شانۆكارنه‌ له‌ هه‌ولێر جێگای شانازی ئێمه‌یه‌ هیوادارین له‌ فیستڤاڵه‌كانی داهاتوو تیپی شانۆیی زیاتر بانگێشت بكه‌ین.

كوردستان تیڤی / كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.