بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی کرد و وەڵامی پرسیاری دەزگا میدیاییەکانی دایەوە.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پەیامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی ڕێگرتن لە پێشێلکاری و سەرپێچی گوتی: ئەو بابەتە کاری حکوومەت نییە، بەڵکوو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە کۆمسیۆنەوە، گوتیشی حکوومەت تەداخولی ئەم بابەتە ناکات، بەڵکو ئاسانکارییان بۆ دەکات، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد لایەنە نێودەوڵەتییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئەو هاوکارییانەی پێویستیان بووە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان فەراهەم کراوە.
هەروەها سەفین دزەیی گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ژمارەی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە کەمە، بەڵام هیوادارین بتوانن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن و لە نزیکەوە شایەتی ئەوە بدەن پڕۆسەکە بە ڕێکی بەڕێوەدەچێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لایەنێک و هاووڵاتیێک ئەگەر لە هەر شوێنێک هەستی بە هەر پێشێلکاریێک و سەرپێچییەک کرد، ئەوا لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە بە مەبەستی بەدواداچوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.