تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان پڕۆژەی ڕێگاوبان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراون و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش رایدهگهێنێت، ئێستا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری جێبەجێکردندان کە تەواو بن، کاریگەرییان لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانگردنەوە و نیشتەجێکردن رایدهگهێنێت: لە دەستپێکی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 تا ئێستا، 48 پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و تەواو بوون، بودجەی تەرخانکراویش بۆ ئەو 48 پڕۆژەیە 11 ملیار و 480 ملیۆن دینارە، لەو پڕۆژانە یەک ھەزار و 108کم ڕێگا دروست کراوە؛ لە دووسایدەوە بگرە تا دەگاتە تۆنێل و ڕێگای یەکساید و پرد.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانگردنەوە راشیدهگهێنێت: ئێستا 132 پڕۆژەی دیکە لە بواری جێبەجێکردنن و کاریان تێدا بەردەوامە و بودجەی دوو ترلیۆن و 950 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، ئەگەر ئەو 132 پڕۆژەیە کۆتایییان بێت و تەواو بکرێن ئەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان دەبێت لەسەر کەرتی ھاتوچۆ و ڕێگاوبان، چونکە 370 کیلۆمەتر ڕێگای دووساید تەواو دەبێت لەگەڵ 10 کیلۆمەتری یەکساید و711 کیلۆمەتری ڕێگای گوندەکان نۆژەن دەکرێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا دهشڵێت: لە پڕۆژە ستراتیژییەکانیش ژمارەیەک پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردنن، لەوانە پڕۆژەی ڕێگای کەلار-دەربەندیخان کە 41 کیلۆمەترە و 137 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، ھەروەھا ڕێگای کەلار-کفری کە25 کیلۆمەترە و53 ملیاری بۆ تەرخان کراوە، پرۆژەی دووکان بۆ چوارقوڕنە پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژییە، لەگەڵ دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە و ڕێگای پێنجوێن-باشماخ کە ھەموویان پڕۆژەی ستراتیژین و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن و کاریگەرییان لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.