Erbil 12°C شەممە 28 کانونی یەکەم 11:31

سه‌رۆکی حکوومه‌ت: چاوپۆشى لە‌هیچ که‌سێک ناکرێ سه‌رپێچى بکاته‌ سه‌ر موڵکى گشتی

کوردستان TV
100%

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به ‌سه‌رپه‌رشتى ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی لێژنه‌ى ئه‌منی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامدرا‌ به ‌مه‌به‌ستى دانانى پلان بۆ ڕێگریكردن له‌ بابه‌تى زێده‌ڕۆیى و ئه‌و دیاردانه‌ى كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ستى پێ كردووه‌.

له ‌كوبوونه‌وه‌كه‌دا دواى گفتووگۆكردن له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كان و دانانى پلانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و پارێزگاریكردن له‌ كاندید و پاڵێوره‌وه‌كان و ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر، هه‌روه‌ها پرسى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر موڵكى گشتی و ئه‌نجامدانى زێده‌ڕۆيى و چه‌ند بابه‌تێكى ترى كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌م دوایه‌نه‌دا له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ڕوویانداوه‌، كۆبوونه‌وه‌ چه‌ند بڕیارێكى پێویستى وه‌رگرت.

له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆن به‌شدارى له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و بڕیار و ڕێنمایى پێویستى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌ كرد و فه‌رمانى به‌ لێژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر كرد كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك نابێت چاوپۆشى له‌ هیچ كه‌س و لایه‌ن و گروپێك بكرێت كه‌ بیانه‌وێ ته‌جاوز و سه‌رپێچى له‌سه‌ر موڵكى گشتى ئه‌نجام بده‌ن، له‌مباره‌يه‌وه‌ پشتيوانى خۆى بۆ لێژنه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ كۆتايیدا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی زێده‌ڕۆیی و ئه‌وانه‌شى به‌ره‌نگاری هێزه‌ ئه‌منييه‌كان ده‌بنه‌وه‌، لیژنه‌ی ئه‌منیی پارێزگای هه‌ولێر، بڕيارى دروستكردنى ژوورێكى عه‌مليات و هێزێكى هاوبه‌شى له ‌سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منييه‌كان دا كه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و بڕياره‌كه‌ كه‌وته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو هێزه‌ ئه‌منيیه‌كانی ده‌ستكراوه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له ‌زووترين كات هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و ئیجرائاتی یاساییان به‌رامبه‌ر وه‌ربگيرێ و بدرێن به‌ دادگا كه‌ زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی گشتيی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و یا به‌ره‌نگاری هێزه‌كان ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ڕێگری له‌ئه‌نجامدانى زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.