Erbil 5°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 00:07

وه‌زیری دارایی عێراق: ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ عێراق زیادی کردووه‌

کوردستان TV
100%

 

وه‌زیری دارایی عێراق ئاشكرای ده‌كات، ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ وڵاته‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌مبوونی داهاتی نه‌وت‌ له‌ سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا ده‌گه‌ڕێته‌وه.

عه‌لی عبدولئه‌میر عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عێراق له‌ ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ ڕۆژنامه‌ی (گاردیان) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌‌ و تێیدا ئاشكرای ده‌كات كه‌ ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ عێراق له‌ ساڵی 2020 بۆ دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌. ئه‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێژه‌ك به‌ داتا و ژماره‌ بڵاو بكاته‌وه‌.

هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌مبوونی داهاتی نه‌وت گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ له‌ ئاستی جیهان له‌ بازاڕه‌كاندا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا، دابه‌زینی به‌رچاوی نرخی به‌خۆی بینیبوو.

وه‌زیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، ناكرێ ئاوا ده‌سته‌وه‌سان بووه‌ستن له‌به‌رامبه‌ر خراپبوونی بژێوی ملیۆنان هاوڵاتیی عێراقی و ته‌نیا پشت به‌ داهاتی نه‌وت ببه‌ستن كه‌ به‌رده‌وام نرخه‌كه‌ی له‌ بازاڕه‌كانی جیهان ڕوو له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیندایه‌ و پێشبینیكراو نییه‌.   

ڕاشیگه‌یاند، بۆ ڕأستكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بێت وڵاتانی به‌رهه‌مێنی نه‌وت و غاز له‌ ناویشیاندا عێراق سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تی ئابووری داهاتووی خۆیان بگۆڕن و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانیان به‌ پاڵپشتی كه‌رتی تایبه‌ت فره‌چه‌شن بكه‌ن و گرینگی زیاتر به‌‌ وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازی بده‌ن‌.

عه‌لاوی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ په‌ڕی سپی ببه‌ن به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی ئابووری كه‌ خۆی له‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی سروشتی ئابووری عێراق ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ش به‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌دات ڕۆلی گه‌وره‌تر ببینێت و سه‌رچاوه‌ی داهاتی عێراقیش ته‌نیا نه‌وت نه‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ له‌ كۆتاییدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ژینگه‌ش سوودی گه‌وره‌ی ده‌بێت.

وه‌زیری دارایی عێراق ڕأشیگه‌یاند كه‌ ته‌نیا له‌ كه‌رتی كاره‌با له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردوودا له‌ عێراق بڕی 120 ملیار دۆلار خه‌رجكراوه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودوا عێراق ڕوو له‌ به‌ده‌ستهێنانی وزه‌ی خاوێن و كاره‌بای وه‌رگیراو له‌ تیشكی خۆر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی تا‌ ساڵی 2050 ڕێژه‌ی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ وڵات بكه‌ن به‌ سفڕ، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ هاوكاری و پاڵپشتی وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست دێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.