Erbil 16°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 16:14

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر پاشماوەکانی داعش راگەیاند

کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی دەستپێکردنی ئۆپەراسۆنێکی بە ئامانجی لەناوبردنی شانە نووستووەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا، راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، مستەفا کازمی سەردانی قەزای تارمییەی کرد و لە میانیدا لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکاندا کۆبوویەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی رایگەیاندووە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەرپرسیاریەتێکە دەبێت ھەموومان بەشداری تیایدا بکەین و لەناوبردنی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆریش، پێویستی بەتوانا و ھێزی ئێوە و ھاوکاریکردنی نێوان دەوڵەت و ھاووڵاییان ھەیە.

باس لەوەشکراوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەروەھا جەختیکردووەتەوە لەوەی کە پێویستە پێداچوونەوە بۆ ئەو پلانە ئەمنییە بکرێت کە لە رووبەڕبوونەوەی شانە نووستووەکاندا جێبەجێ دەکرێت و ئاشکراشیکردووە کە ھێزی زیاتر لە تارمییە بڵاودەکرێتەوە و گوتی:

پێویستە ئێوە پێکەوە و بە جیددی کار بکەن و لەسەر ئاستی باڵایش ھاوکاریی و ھەماھەنگیی یەکتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ئەرکی خۆتان جێبەجێ بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی گوتویەتی : داوا لە دانیشتوانی قەزای تارمییە دەکەم کە بەردەوام بن لە ھاوکاریکردنی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەتایبەتیش لە پێدانی زانیاری بە ھێزە ئەمنییەکان لەبارەی ھەر جموجۆڵێکی گوماناوی ئەگەر لە ناوچەکە بەدی کرا.

بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاندووە "لێرەوە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک بە ھاوکاریی لەگەڵ دانیشتوانی قەزای تارمییە بە ئامانجی لەناوبردنی شانە نووستووەکان لە ناوچەکە رادەگەیەنێم.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە مستەفا کازمی ھەروەھا گوتویەتی : پێویستە ھەمووان لە دەنگە توندئاژۆەکان بە ئاگابین کە بەدوای دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ خوڵقاندن و نانەوەی دووبەرەکی کۆمەڵایەتیی لەنێوان عێراقییەکان، عێراقییەکان ئەو دەنگانە رەت دەکەنەوە، چونکە سەلماندوویانە کە بەو جۆرە گوتارانە فریونادرێن.

هەروەها رایگەیاندووە کە عێراق بە رەوشێکی زۆر ھەستیاردا تێپەڕدەبێت و توانیویانە زۆرێک لە قەیرانەکان چارەسەر بکەن و بەسەر بەشێک لە بەرەنگارییەکاندا زاڵببن و گوتویەتی "دوو مانگ لەبەردەماندا ماوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت کە دواتر حکوومەتێکی نوێ پێکدەھێندرێت و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە لە میانی ئەمساڵ و چەند مانگی رابردوودا، بەدەستمان ھێناون.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوەکە کە مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەداوە ئێمەی عێراقییەکان لە بەردەم وەرچەرخانێکی گەورەی مێژووییداین و پێویستە ھەموو ھاوکار و یارمەتیدەربن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.