سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھۆشداریی دا لەوەی کە رەوشی تەندروستیی لە عێراق بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، مەترسیدارە و به پێویستی زانی ھەمووان زیاتر پابەند بن بە رێکارە تەندروستییەکان.
ئەم گوتەیەی مستەفا کازمی لە میانی بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک له لیژنەكانی تاقیکردنەوە لە بەغدای پایتەخت ھات، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ شەممە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەی شەشەمی ئامادەیی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی لە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی شەشەمی ئامادەیی، ژمارەیەک لیژنەی لیژنەی تاقیکردنەوەکانی لە بەغدای پایتەخت بەسەرکردووەتەوە و لە میانی سهردانهكهیدا رایگەیاندووە: وێرای ئەوەی وڵات بە رەوشێکی سەختی تەندروستیی، ئابووریی و ئەمنییدا تێپەڕدەبێت و جگە لەوەیش بە بەردەوامی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا دەکرێنە ئامانج، بەڵام سوور بووین لەسەر ئەوەی تاقیکردنەوەکان بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێن و سەرکەوتنیش بەدی دههێنین.
بەپێی راگەیەندراوەکە کازمی رایگهیاندووه: رەوشی تەندورستیی لە عێراق بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، مەترسیدارە و لەبەر ئەوە پێویستە ھەمووان زیاتر پابەند بین بە رێکارە تەندروستییەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ ئێوە تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدەن و بەرەوڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، ھیچ نەرمی نانوێنیین کە لەسەر ئاستی زانستی بکەوێت.
راشیگهیاندووه: بەر لەوەی تاقیکردنەوەکان دەست پێ بکەن، داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو کە سەرجەم پێداویستییەکان بە گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان دابین بکرێت بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بە باشی بەڕێوەبچن و گیانی قوتابیان و مامۆستایانیش بپارێزرێت.
مستەفا کازمی: رەوشی تەندروستی له عێراق مەترسیدارە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.