سوپای عێراق رایگەیاند، ئەو پلانەی کە بۆ پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ناوچەکانی عێراق داندراوە، پلانێکی سەرکەوتووە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە پشت بە زانیاریە ھەواڵگرییەکان، ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی وزەی کارەبا لە ناوچەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە و گوتی:
"ئەو پلانەی کە بۆ پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ناوچەکانی عێراق داندراوە، پلانێکی سەرکەوتووە".
لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەشکردووە کە ھێزە ئەمنییەکان، بەردەوام ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ناوچەکانی عێراق ئەنجام دەدەن.
ئەمەیش لە کاتێکدا کە لە ماوەکانی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا کرانە ئامانج کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروستکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.