Erbil 15°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 15:02

 ژمارەیەک بەرپرس بەھۆی کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار دوورخرانه‌وه‌

کوردستان TV
100%

دوای کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقار، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی و بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە ئەرکەکانیان دووخرانەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر، بەرپرس و فەرماندەی ئەمنی ئەنجامداوە کە لە میانیدا کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی نێو نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار تاوتوێکراوە.

بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوەی خێرا لە ئاستی باڵا لە ھۆکاری ئاگرەکە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش تیمێکی حکوومەتیش پێکھێنرا بۆ ئەوەی سەردانی پارێزگای زیقار بکات تا سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە بکات.

باس لەوەشکراوە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەروەھا ژمارەیەک وەزارەتی راسپاردووە، بۆ ئەوەی بە خێرای یارمەتی پزیشکی و مرۆیی رەوانەی پارێزگای زیقار بکەن و ھاتووە: "ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بە بڕیاری مستەفا کازمی ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقار، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی و بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە ئەرکەکانیان دووخرانەوە و لەسەر کارەساتی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن رەوانەی لێکۆڵینەوە دەکرێن".

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقار کە تایبەت بوو بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کەوتووە و بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 64 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 50 کەس.

تا ئێستا ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لە نەخۆشخانەی ئیمام نەزاندراوە، بەڵام میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵی ئۆکسجین، کەوتووەتەوە.

123

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.