باڵیۆزی هیندستان لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان، لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7 ی تەمموزی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بریندەر سینگ یاداڤ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی ، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لە دیدارەکەدا کە سوبحان سی کەین کونسوڵی گشتیی هیندستان لە ھەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی هیندستانی کرد بۆ ئەرک و هەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی هیندستان لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی تازەیدا.
باڵیۆزی هیندستان وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ ئەو ئاسانکاری و هەماهەنگییەی، کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەشی باڵیۆزخانە و کونسولخانەی هیندستانی دەکەن، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان، لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.