ئەو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەی جۆری AN-26 کە رووسیا رایگەیاند بە 22 گەشتیار و شەش تیمی فڕۆکەوانییەوە لە نیمچە دوورگەی کامچاتکا پەیوەندی لەگەڵ پچڕاوە، کەوتووەتەخوارەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوانەی کە لەلایەن وەزارەتی دۆخە لەناکاوەکانی رووسیا و ئاژانسی گواستنەوەی ئاسمانیی فیدراڵی رووسیا (رۆساڤیاتسیا)وە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی دیاریکراودا نەتوانراوە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری جۆری AN-26 ببەستن کە لە نیمچە دوورگەی کامچاتکا لە شاری پێترۆپاڤلۆسک-کامچاتکیەوە بەرەو شاری پالانا گەشتی کردووە.
لە ئەنجامی کارەکانی گەڕان و رزگارکردن کە لە رێگەی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەوە لە ناوچەکە ئەنجام دراوە، پاشماوەی فڕۆکەکە لە دووری چوار بۆ پێنج کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی شاری پالانا دۆزراوەتەوە.
بەپێی ئامارە بەراییەکان، فڕۆکەکە لە کاتی نیشتنەوەدا خۆی کێشاوە بە بەرزاییەکدا و تەواوی سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیای رووسیادا سەبارەت بە رووداوەکە بڵاوکراوەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە دەستی پێ کردووە، هۆکاری رووداوەکە خراپی رەوشی کەشوهەوا یان نەخۆشی فڕۆکەوانەکە بووە.
هاوکات وەزارەتی دۆخە لەناکاوەکانی رووسیا رایگەیاند کە بەپێی داتا بەراییەکان، تەواوی سەرنشینانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.