لە چەند ڕۆژی رابردوو، بە سەدان مشک و جرج و زیندەوەری دیکە، لەناو بێرمەساردی بناری چیای هەڵگورد لەناوچوون و ژینگەی ئەو ناوچە گەشتیارییەیان شێواندووە، چالاکوانێکی بواری ژینگەش دەڵێت: مەترسی هەیە بەهۆی ڤایرۆس یان دەرمانێکەوە ئەم کۆمەڵە زیندەوەرانە لەناوچووبن.
ئەنوەر دۆڵەمەڕی، سەرۆکی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە دوو ڕۆژی رابردوو لە ڕێگای سیدەکانەوە سەردانی بێرمەسارد و کوێستانی هۆڕنی باڵەکیانم لە بناری چیای هەڵگورد کرد، بەڵام کەس نەیدەتوانی لەبەر بۆنی ناخۆش خۆی لەم ناوە ڕابگرێت، چونکە بە سەدان مشک و جرج و زیندەوەری دیکە لەناو بێرمەکە لەناوچوونە و ژینگەی ئەو ناوچەیەیان شێواندووە.
سەرۆکی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی کە خۆی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بۆ کوردستان تیڤی ناردووە، دەڵێت: مەترسی هەیە ڤایرۆسێک لەم ناوە بڵاو بووبێتەوە، یان بە دەستنی ئەنقەست ئاوی ئەم ناوچە گەشتیارییە دەرمانی کوشندەی تێکرابێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە بکات و بەپێی ڕێنمایی تەندروستی هەڵمەتێکی ژینگەیی بۆ خاوێنکردنەوەی ئەم ناوچەیە بکرێت و ئەو زیندەوەرە لەناوچووانە بنگڵ بکرێن، ئەگینا مەترسی تەشەنەکردنی لێدەکرێت، چونکە ناوچەکە گەشتیارییە و گەشتیار سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.