Erbil 35°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 16:29

ئەمڕۆ لووتکەی ناتۆ لە بڕۆکسل دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%

لە رێوشوێنێکی ئەمنیی زۆر توندوتۆڵدا و بە گرتنەبەری رێکاری تەندروستیی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی باکووری ئەتڵەنتیک (ناتۆ)، ئەمڕۆ لە بارەگای ناتۆ کۆدەبنەوە.

بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا، 30 سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتی وڵاتانی هاوپەیمان لەخۆ دەگرێت کە بۆ رۆژەڤێکی چڕ کۆدەبنەوە.

بابەتە سەرەکییەکانی لووتکەکە بریتین لەو بڕیارانەی دەدرێن لەبارەی ئەو نەخشەڕێگایەی کە ئاراستەی 10ساڵی داهاتووی پەیمانەکە دیاریی دەکات، دەستەواژەی ستراتیجییەتی ناتۆ، رووسیا، باڵابوونی چین، کاریگەری ئاسایشی گۆڕانی ئاووهەوا، هەڕەشەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنەلۆجیای رووخێنەر، نوێنەرایەتی ناتۆ لە ئەفغانستان و زۆر بابەتی دیکە.

لە دوای کۆبوونەوەی دوایین لووتکەی ناتۆ کە لە سێ و چواری کانوونی یەکەمی 2019دا لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە ساز دەکرێت و رۆژەڤێکی چڕ لەخۆ دەگرێت کە هەزاران کارمەند و رۆژنامەنووس لە 30 وڵاتەوە هاتوونەتە بڕۆکسل بۆ رووماڵکردنی.

بەهۆی سازکردنی لووتکەکە، زۆرێک لەو رێگایانەی دەچنە سەر بارەگای ناتۆ داخراون.

هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا، رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیان لە دەورووبەری بارەگای ناتۆ و لە دەورووبەری ئەو هۆتێلانەی سەرۆک و شاندەکانی تیادا دەمێننەوە گرتەبەر. لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی بەلجیکا لانیکەم دوو هەزار کارمەندی هێز ئەمنییەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە و رێڕەوی هەندێ لە رێگاکانی گواستنەوەی بەکۆمەڵیان گۆڕیوە.

هەروەها لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، رێکارەکان لە بارەگای ناتۆ توندکراون و داوای پشکنینی PCR لە ئەندامانانی ئەو شاندانە کراوە کە بەشداری لە لووتکەکە و کۆبوونەوەکانی ئەو بوارە دەکەن.

پێش چەند هەفتەیەک، دەستکراوە بە پێدانی ڤاکسین بەکارمەندانی بارەگای ناتۆ دژ بە پەتای کۆرۆنا و ڤاکسینەکەش لەلایەن پۆڵەنداوە دابینکراوە کە ئەندامی رێکخراوەکەیە و نزیکەی سێ هەزار و 500 کارمەندی بارەگاکە لەلایەن دەیان کارمەندی تەندروستی کە لە پۆڵەنداوە هاتوون ڤاکسینیان پێدراوە.

هاوکات داوا کراوە بە درێژایی ماوەی لووتکەکە ئەو کەسانەی لە بارەگاکەدا دەبن دەمامکی جۆری FFP2 بەکاربهێنن کە زۆربەیان بە تایبەتی دروستکراون.

لەو دامەزراوانەی میوانداری کۆبوونەوەکان دەکرێت، پاککەرەوەی خۆجێیی جێگیرکراون و پلەی گەرمی هەرکەسێک دەپێورێت بچێتە ناویانەوە.

نزیکەی 600 رۆژنامەنووس کە لە زۆر وڵاتی جیهانەوە روویان لە بڕۆکسل کردووە، رووماڵی لووتکەی ناتۆ دەکەن. لە لووتکەکانی پێشتردا ژمارەیەکی زۆرتر لە رۆژنامەنووسان رووماڵیان دەکرد، بەڵام بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە ژمارەکەیان کەمکراوەتەوە.

بینایەکی پشت بارەگای ناتۆ تەرخانکراوە بۆ کارەکانی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و بە پەیڕەوکردنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی شوێنکاریان بۆ دابینکراوە.

داوا لە رۆژنامەنووسان کراوە ئەنجامی پشکنینی PCRیان پێ بێت کە لانیکەم چوار رۆژ پێشتر کرابێت و مەرجیشیان بۆ دانراوە کە بە درێژایی لووتکەکە دەمامکی FFP2 بەکاربهێنن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.