Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 02:27

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان ده‌کات

نێچيرڤان بارزانى
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/1 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خۆيان و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌وانيشه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندى و مه‌كته‌بى سياسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى كاديران و جه‌ماوه‌ر و لايه‌نگرانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان وه‌ك هێزێكى سياسيى سه‌ره‌كيى كوردستان خاوه‌ن ڕۆڵێكى دياره‌ له‌ مێژووى خه‌بات و تێكۆشانى ئازادى و به‌ديهێنانى ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ئه‌مڕۆش يه‌كێكه‌ له‌و لايه‌نانه‌ى خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێز و سه‌ره‌كين له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

ڕۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و ته‌واوى لایه‌ن و پێكهاته‌كانى له‌پێناو ته‌بایى و یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌یى و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى گه‌لى كوردستاندا به‌ گرنگ و پێویست زانى، هه‌روه‌ها له‌م یاده‌دا سڵاو و دروودى بۆ گیانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال نارد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌.

لاى خۆيانه‌وه‌ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان سوپاس و پێزانينى خۆيان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و جه‌ختيان له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى له‌پێناو پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.