Erbil 33°C شەممە 28 ئەیلوول 12:34

حکومه‌تی عێراق لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران ده‌کات

کوردستان TV
100%

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا، 112 ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندرانەوە، بانگھێشتی لێکۆڵینەوە کراون.

لەمبارەیەوە محەمەد جەنابی، گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا لیژنەکەیان وردبینی بۆ حەوت ھەزار بەڵگەنامە لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە، کردووە و گوتی: "تا ئێستا 22 ئەفسەر بە پلەی نەقیب تا پلەی لیوا لەگەڵ 90 کارمەندی ئەمنی لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە، بانگھێشتنی لێکۆڵینەوە، کراون".

راشیگەیاندووە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کوژرانی خۆپیشاندەرانەوە، ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت.

لە ماوەکانی رابردوودا کردەی تیرۆرکردن دژبە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدراوە کە تا ئێستا ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆرکراون.

لە شەشی تەمووزی ساڵی رابردوودا، شارەزای بواری ئەمنیی، ھیشام ھاشمی کە کەسێکی نزیکی  مستەفا کازمی بوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و جگە لەوەیش تا ئێستا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لە عێراق کوژراون، دواینجار چالاکوانی مەدەنی ئیھاب جەواد وەزنی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی کەیسی کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانەوە، بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە کە تا ئێستا ھیچ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرانەکراوە و ئەوەیش ناڕەزایەتیی رای گشتیی عێراقی لێکەوتووەتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.