Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 00:53

کشتوکاڵى هه‌رێم: بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى به‌شێک لە‌به‌روبوومه‌کان چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌

کوردستان TV
100%

 به‌مه‌به‌ستى پارێزگاریکردن له ‌به‌رهه‌مى ناوخۆ و به‌فیڕۆنه‌چوونى ڕه‌نجى ساڵێکى جووتیاران وه‌زاره‌تى کشتوکاڵى هه‌رێم له ‌ڕێى پلانێکى تۆکه‌مه‌ و به‌پێى وه‌رزى پێگه‌یشتنى به‌روبوومه‌کان ڕێگرى له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و به‌روبوومانه‌ ده‌کات که‌ ئێستا و له ‌سه‌روبه‌ندى پێگه‌یشتندان. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانش ده‌ڵێت، سه‌پاندنى باج له‌سه‌ر به‌روبوومى ده‌ره‌کى و به‌پیشه‌سازیکردن و به‌بازاڕکردنى به‌روبوومه‌ ناوخۆییه‌کان له‌ گرنگترینی ئه‌و ڕێکارانه‌ن که‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى جووتیاران و له‌ 1ی 4ی ئه‌مساڵه‌وه‌ پلانه‌که‌ چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

حوسێن حمه‌ که‌ریم،   وته‌بێژى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: هاوشێوەی‌ ساڵانى ڕابردوو، وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ ئێستا باجى له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌روبوومانه‌ داناوه‌ که‌ له ‌هه‌رێمى کوردستان له‌ قۆناغى پێگه‌یشتندان؛ له‌وانه‌ به‌رهه‌مى خه‌یار، سه‌وزه‌ و میوه‌کان و، له‌ داهاتووشدا به‌پێى وه‌رزى پێگه‌یشتن هاتنه‌ ناوەوەى هه‌ر به‌رهه‌مێک لەلایه‌ن جووتیارەوە بەرهەم دێت، به‌پێى ئه‌و خشته‌ى دانراوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ باج ده‌خرێته‌ سه‌ریان. بێگومان ڕێژه‌ى سه‌پاندنى با‌جه‌کانیش به‌پێى جۆر و بڕى به‌رهه‌مه‌کان ده‌گۆڕێت، جێبه‌جێکردنى پلانه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌کوو کۆتاییهاتنى وه‌رزى به‌روبوومه‌کان، هه‌موو ئه‌مانه‌ تا ڕاده‌یه‌کى باش توانیویه‌تى پارێزگارى له‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ بکات، بابه‌تى پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆى کارێک نییە ته‌نها به ‌وه‌زاره‌تێک بکرێت، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندیى به ‌کۆى سیستمه‌که‌وه،‌ له ‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ بە ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانەوە هەیە.

ده‌شڵێت: بره‌ودان به ‌به‌رهه‌مى ناوخۆ و پاراستنى به‌رهه‌مى جووتیاران ته‌نها به‌ سه‌پاندنى باج ناکرێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ى گرنگه‌ بەپیشه‌سازیکردن و به‌بازاڕکردنى ته‌واوى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یە کە له‌ پێویستیی ناوخۆ زیادن. بۆ نموونه‌، ئێستا کارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ له‌ هه‌ریر و هه‌ڵەبجه‌ و سیروان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ کاردان و، ڕاستەوخۆ به‌رهه‌مى جووتیاران وه‌رده‌گرن‌. ئێستا له‌ نوێترین هه‌وڵماندا فشارمان له‌سەر کارگه‌کانى جبس و په‌تاته‌ زیاد کردووه‌ تاوه‌کوو به‌رهه‌مى ناوخۆ به‌کار بهێنن، به‌ تایبه‌تی په‌تاته. جگه‌ له‌وه‌ش، کار دەکەین بۆ بەپیشه‌سازیکردنى خۆراک و له‌قوتوونانی و، ئه‌گه‌ر که‌رتى تایبه‌ت هاوکارمان بێت، وشککردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌کان و دروستکردنى مره‌با و شه‌ربه‌ت لێیان، چونکه‌ ئه‌مه‌ وا ده‌کات کۆى به‌رهه‌مه‌کان وه‌به‌رهێنانیان تێدا بکرێت و دواجاریش به‌ سوودى به‌رهه‌مى ناوخۆیی و جووتیار دەشکێته‌وه‌.

 راشده‌گه‌ێنێت: یه‌کێکى دیکه‌ له‌و ڕێگایانه‌ى که‌ ده‌توانین بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى خۆمان سوودى لێ وه‌ربگرین بنبڕکردنى ڕێگای قاچه‌خ‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک جار به‌روبوومێک قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت، کەچی دەبینی له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ به‌ قاچاخ هاتووەته‌ بازاڕه‌کانەوە، بۆ ئه‌مه‌ داوامان له ‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم کردووه،‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وانیش گشتاندنیان بۆ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کردووه‌ که له‌م ڕووەوە ‌هاوکار بن، چونکه‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ وه‌زاره‌تێکى خه‌ده‌مییه‌، بابه‌تی بنبڕکردنى دیارده‌ى قاچاخ له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئاسایش و وه‌زاره‌تى دارایى و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌م به‌بابەته‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م پلانه‌ى کە وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ دایناوه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت و ئیعتمادمان له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ناوخۆ بێت، ئه‌وا ئه‌و گرفته‌ى که‌ ساڵانه‌ بۆ به‌رهه‌مى جووتیاران پەیدا ده‌بوو، ئه‌مساڵ دووباره‌ نابێته‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.