Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 01:11

وەزیری پێشمەرگە: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق هاتۆتە ئاراوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ ١٣ی ئایاری ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل ، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری فەریق جمال محمد، سەرۆکی دەستەی ئەرکان، و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، لە یەکەم ڕۆژی جەژندا سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەرۆژهەڵاتی موسڵ کرد.

لەدەستپێکی سەردانەکەدا، میحوەری باشیکیان بەسەر کردەوەو لەلایەن ( موسا گەردی ) بەرپرسی میحوەری باشیک پێشوازیان لێکرا .

لە کۆبوونەوەیەکەدا وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: شەونخونی قارەمانێتی ئێوە هەرگیز لە یادناکرێت، بەو پێیەی هەمیشە هەوڵەکانتان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە ، لەم پێناوەدا گیان دەبەخشن، تا خەڵکی کوردستان لەسەرجەم بۆنە و یادەکاندا بە ئارامی کاتەکانیان بەرێ بکەن، بۆیە ئێوە هەمیشە سیمبولی تێکۆشان و قارەمانێتی گەلەکەمانن و شانازیتان پێوە دەکەین.

لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا ، وەزیری پێشمەرگە میحوەری خازرـ موسڵی بەسەرکردەوەو لەلایەن لیوا عەزیز وەیسی ، بەرپرسی میحوەری خازرەوە پێشوازی لێکرا.

لەو سەردانەدا ، وەزیری پێشمەرگە سەرجەم خاڵەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگەی لەو میحوەرە بەسەر کردەوەو ڕایگەیاند: جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هەموانە هێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکان سەنگەرەکانیان بە رووی تیرۆریستان بەهێز و توکمەیە، هەمیشە ئامادەسازن بەرامبەر تیرۆریستان بجەنگن لە پێناو ئارامی و ئاسایشی خاکی کوردستان و ناوچەکە، وتیشی: ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە هەموو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و لۆجیستی بۆ رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندن و لە ناوبردنیان.

لە کۆتا سەنگەری بەرگری هێزی پێشمەرگە لەچیای زەرتک، وەزیری پێشمەرگە، داوایکرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوەو رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پاڵپشتیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ببێتە سەنەدی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و بونیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆیانەی سەربازی سەردەمی، وتیشی: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان و هاوکار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایکرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت وەزیری پێشمەرگه ئاشکراشی کرد، کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکریتی. کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.