Erbil 33°C شەممە 21 ئەیلوول 14:07

ئایا پلەی گەرمای بەرز کاریگەری لەسەر ئازاری درێژخایەن ھەیە ؟

کوردستان TV
100%


لەگەڵ ئەوەی زانست  لێکدانەوەی  تەواوی پێنیە بۆ  ھۆکاری زیادبونی ھەندێک جۆر لە ئازاری درێژخایەن بەھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شێداریەوە،  بەڵام ناشتوانرێت ئەم ڕاستییە فەرامۆشبکرێت .  
زۆر لە و کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە باس  لەوەدەکەن  کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری ھەیە لەسەر ئازارەکانیان و بەگۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی ھەوا و شێداری لە ھەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات. 
ئەو ئازارە درێژخایەنانە چین کە بە پلەی گەرمای بەرز و وەرزی گەرم و شێداری ھاوین زیاد دەکەن ؟ 
١- ھەوکردنی جومگەکان : بەپێی توێژینەوەیەک نزیکەی لە( ٥٪) ی ئەو بەتەمەنانەی کەھەوکردن و داخورانی جومگەکانیان ھەیە،  بەپلەی گەرمای بەرز و بەرزبونەوەی شێ لەھەوادا ئازارەکانیان زیاد دەکات. لەبەرئەوەی کاریگەری ھەیە لەسەر کشان و گرژبوونی خانەکانی ناوەوەو دەرەوەی جومگەکە و ئەمەش یاریدەدەرە بۆ زیادکردنی ئازار . 
٢- سەرئێشەو شەقیقە : بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئازاری جۆرە سەرئێشەیەک زیاد دەکات  کە بە (tension headache)سەرئێشەی گرژبوون  ناسراوە،  کەلەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانی  سەر و مل توشدەبیت و ھەروەھا ئەگەری زیادکردنی سەر ئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات . گۆڕان لە پلەی گەرما و شێ و پاڵەپەستۆی ھەوا لەوەرزە گەرمەکاندا دەبنە ھۆی وشکبونەوە، کەئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبونی ئازاری شەقیقە . 
٣- فایبرۆمایەڵجیا : کۆمەڵەی نێودەوڵەتی فایبرۆمایەڵجیا، پەیوەندی نێوان  نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا و وەرزە شێدارەکانیان خستۆتە ڕوو. بینراوە زیادبوونی شێ ھۆکارە بۆ زیادبوونی نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایاڵجیا . 
٤- ئەو نەخۆشانەی کە بەدەست نەخۆشییە ڕۆماتیزمیەکانەوە دەناڵێنن، بینراوە کە ھەستەوەرن بەرامبەر گۆڕانی پلەی گەرما، ھەموو پلەیەکی زۆر بەرز و ھەروەھا زۆر نزمی پلەی گەرما  ئازارەکانیان زیاد دەکات . واتە بە گەرمی زۆر و ساردی زۆریش نیشانەکان و ئازارەکانیان زیاد دەکات . 
٥- نەخۆشی ( MS) : کەئەمیش بریتییە لە نەخۆشی ڕەقبوون و  وشکبوونەوەی ھەستە دەمارەکان، کەدەبێتە ھۆی لەکارکەوتن و لەرزین و پوکانەوەی ماسولکەکان . ھەر ھۆکارێک پلەی گەرمای لەش  بەرزبکاتەوە، دەبێتە ھۆی زیادکردن و خراپتربوونی  نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کەیەکێک لەوانەش ئازاری بەردەوامە. ھەر کاتێک نەخۆشەکە ساردبکرێتەوە دەبینیت ئازار ۆ نیشانەکان نامێنن . 
چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم بکەمەوە ؟ 
١- لەماڵەوە بمێنەوە : ئەگەر شێ و بەرزی پلەی گەرما ئازارەکانت زیاد دەکەن باشترە لەماڵەوە بمێنیتەوە لە بەردەم فێنککەرەوەی گۆنجاودا. مانەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە. 
٢- ئاو خواردنەوە : زیادکردنەوەی ئاوخواردنەوەو دورکەوتنەوە لە وشکبونەوە و گۆڕانی خوێ و ئەلکترۆلایتەکان، کاریگەرییەکی باشی ھەیە بۆ ڕێگری لەو جۆرە ئازارانەی کەبەھۆی وشکبوونەوە توشمان دەبێت . 
٣- جلکوبەرگی فراوان و فش بپۆشە : لەبەرکردنی جلکوبەرگی کەتان و پەموو و ھەروەھا فراوان و فش  یارمەتی  ساردکردنەوەی جەستە دەدەن و دەھێڵن خانەکانی لەش ھەناسەبدەن .  بەڵام جلکوبەرگی نایلۆن و تەسک ڕێگری لە بەھەڵمبوونی ئارەقەی لەش  دەدەن  و پلەی گەرمای جەستە بەرز دەکەنەوە . 
٤- مەلەکردن : مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ماسولکە و لەگەڵیشیدا خۆ فێنککردنەوە لە ھاویندا. ئەنجامدانی ڕۆشتن و سووکە وەرزش لەناو ئاودا زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری جومگەو وھەوکردنی  درێژخایەنی جومگەکانیان ھەیە . 
د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
 

كوردستان TV

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.