Erbil 37°C ھەینی 27 ئەیلوول 14:18

بارسێلۆنا گەیشتە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا

کوردستان TV
100%


یانەی بارسێلۆنا گەیشتە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بۆ تۆپی پێ‌، لە گەڕی هاتنی قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانێتیەكەدا.
 بارسێلۆنا لە یاریگای خۆی ڕیمۆنتادای تۆماركردو بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی سیڤیلیەی میوانی بردەوە، یاریزانانی هەردوو تیپ بە شێوەیەكی بەهێز دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كرد، بە تایبەتی یاریزانانی بارسا كە لە خولەكی دوازدەدا، عوسمان دێمبلی فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ تیپی میواندار تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.

لە گێمی دووەمیش یاریەكە بە هەمان گوڕوتینی گێمی یەكەم بەردەوام بوو، لە هێرشێكی هەڵگەڕاوەی سیڤیلیە، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ تیپی میوان هەژماركرد، بەڵام لە جێبەجێكردنی لێدانەكەو لە خولەكی حەفتاوسێدا، لوكاس ئۆكامپۆسی ئەرژەنتینی نەیتوانی گۆڵ تۆماربكات و مارك ئەندرێ‌ تیرشتیگنی ئەڵمانی و گۆڵپارێزی بارسا لێدانەكەی گەڕاندەوە، پاشان ناوبژیوان بە كارتی سوور فێرناندۆ ڕیجسی بەڕازیلی و ناوەڕاستكاری سیڤیلیەی كردە دەرەوەی یاریگا.
 لە دوایین خولەكی كاتی زیادكراوی یاریشدا، جیراد پێكێ‌ بەرگریكاری بارسا گۆڵی دووەمی تیپەكەی بە لێدانی سەر تۆماركردو كاتی یاسایی یاری بە پێشكەوتنی بارسا بە دوو گۆڵی بێ‌ وەڵام تەواوبوو، لە یاری گەڕی چوونیشدا، سیڤیلیە بە هەمان ئەنجام سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەنجامەكەش لە هەردوو گەڕی چوون و هاتن، پەنابرایە بەر دوو گێمی زیادكراو. لە خولەكی پێنجەمی گێمی زیادكراوی یەكەمدا، مارتن برایتوایتی دانیماركی گۆڵی سێیەمی بلاوگڕانای بەدەستهێناو تیپەكەی گەیاندە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا، ئەمشەویش دووەم یاری گەڕی هاتنی قۆناغی پێش كۆتایی لەنێوان هەردوو یانەی لیڤانتی و ئەتلەتیك بلباو بەڕێوەدەچێت .

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.