بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئهمرۆ پێنجشەممە بڕیارنامەیەکی پەسەند کردووه کە تیایدا داوای هاوکاریی دەستبەجێی ئێران دەکات بۆ پشكنینی وێستگه ئهتۆمییهكانی.
ئەمەش دوای ڕۆژێک لە نوێکردنەوەی بانگەوازەکەی ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران كه داوای كرد ڕێگە بە پشکنینی ئەو شوێنانە بدات کە له هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایان کرانه ئامانج.
ئاژانسی ههواڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه، بهپێی ئەم بڕیارنامەیە داوا لە کۆماری ئیسلامی ئیران كراوه هاوکارییەکی تەواو و بێ دواکەوتن بۆ پشكنهران بكات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییهكانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
بڕیارنامەکە 19 دەنگی بەدەستهێناوە، سێ کەسیش دەنگی نەخێریان داوە و 12 دەنگیش ئامادە نەبوون.
به گوێرهی زانیارییهكان، دوێنێ چوارشهممه ڕەشنووسی بڕیارنامەکە لەلایەن چوار وڵاتەوە پێشکەشکرا فەرەنسا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دواتر به زۆرینهی دهنگ پهسهندكراوه.
لە دەقی بڕیارنامهكهدا هاتووە : ئێران پێویستە بە تەواوی و بەبێ مهرجی پێشوهخته پابەند بێت بە ڕێککەوتنی پارێزراوی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و بەبێ دواکەوتن زانیاریی دروست بە کەرەستە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بداته پشكنهرانی ئاژانسی وزهی ئهتۆمی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.