Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 20:29

چیرۆکی ئەو یاریزانەی بە ناچاری بووە گۆڵپارێز

یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی کامیرۆن و دوورگەکانی قەمەر، رووداوێکی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی، کە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد.
کوردستان TV
100%

بەر لە یارییەکە 13 کەس لە یاریزانان و راهێنەرانی هەڵبژاردەی دوورگەکانی قەمەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەکەش پێکانی هەبوو، بۆیە هیچ گۆڵپارێزێک بەردەست نەبوو بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بەرگری لە گۆڵی دوورگەکانی قەمەر بکات.

 

لە یارییەکەدا بەناچاری شاکر هەدهۆر، یاریزانی باڵی چەپی بەرگری بووە گۆڵپارێز و یەکەم یاریی لە جامی ئەفریقادا وەک گۆڵپارێز ئەنجامدا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.

 

شاکر پێشتر لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهاندا دوو یاریی ئەنجامدا و پاشان تووشی پێکانێکی قورس بوو، بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەڵام دوای ئەو پێکانە قورسە بۆ جامی ئەفریقا جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی دوورگەکانی قەمەر کرایەوە.

 

لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، یاریزانەکە هیچ یارییەکی ئەنجامنەدا، لە قۆناخی شازدەدا بەناچاری وەک گۆڵپارێز دەرکەوت، لەکاتێکدا لە هێڵی بەرگری یارییدەکات.

 

ئەوەی سەرنجەکانی سەر ئەو یاریزانە گۆڵپارێزە زیاتر کرد، ئەوەبوو کە لە بنەڕەتدا بە درێسی ژمارە 16 یارییدەکات، بەڵام وەک گۆڵپارێز بە ژمارە 3 دەرکەوت کە بە تیپ ژمارەکەی بۆ دروستکرابوو.

 

شاکر هەدهۆر، یاریزانی یانەی ئەجاکسیۆی فەرەنسییە کە لە خولی پلە دووی ئەو وڵاتە یارییدەکات، لە 1991 لە شاری نانتی فەرەنسا لە دایکبووە.

 

سەرەتای دەرکەوتنی یاریزانەکە لە ئەکادیمیای یانەی نانت بووە، پاشان چووەتە تیپی یەکەمی یانەکە، دوای ئەوە پەیوەندیی بە یانەی ئەجاکسیۆ کردووە و یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکەیە.

 

لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی نیشتمانی، شاکر هەدهۆر لە 2014ـەوە بۆ هەڵبژاردەی دوورگەکانی قەمەر یارییدەکات، 30 یاریی ئەنجامداوە، گۆڵێکی تۆمارکردووە، ئەگەر ئەو پێشتر یاریزانێکی نەناسراویش بووبێت، بەهۆی یارییەکەی بەرامبەر کامیرۆن بووەتە یاریزانێکی دیار.

 

وێنە هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دوایین هەواڵ

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.