باکووری وڵاتی چین و پەکینی پایتەخت ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی سەرما و بەستەڵەک بوونەتەوە، بەجۆرێک پلەی گەرما ئاستێکی پێوانەییان تۆمار کردووە و نزمبوونەتەوە بۆ ژێر سفری سەدی.
ڕۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەم، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی کەشناسیی چین، پلەی گەرما لە پەکین گەیشتووەتە 12- پلەی سەدی. پێشبینیش دەکرێت لە زۆربەی ڕۆژەکانی ئەم هەفتەیەدا، پلەی گەرما هەر لەژێر سفری سەدیدا بمێننەوە.
وێنە بڵاوکراوەکان دەری دەخەن کە هاووڵاتیان بە پۆشاکی زستانەی زۆر ئەستوورەوە لە شەقامەکاندا دەردەکەون. سەرەڕای سەرمایەکی زۆر، خەڵکێکی زۆر لەسەر دەریاچە بەستووەکان خەریکی یاری و کات بەسەربردنن و گەشتیارانیش لە شوێنە گەشتیارییەکانی پایتەختدا دەبینرێن کە بەناو بەفر و سەرمادا گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن.
شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سەدی لە مانگەکانی زستاندا لە پەکین کارێکی باوە، بەڵام ئەم شەپۆلەی ئێستا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوان و جموجۆڵی گەشتیاران دروست کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.