Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 00:55

ئەستێرەی فەڕەنسی و پاڵەوانی جیهانی: وەک منداڵێک پەرۆشی ئۆڵۆمپیادم

کوردستان TV
100%

ئەلێکسی پینتوراڵت، ئەستێرەی فەڕەنسی و پاڵەوانی جیهانی لە خلیسکانی سەر بەفر دوای دوو ساڵ لە ململانێی سەخت لەگەڵ پێکان، بە متمانەیەکی زۆرەوە گەڕایەوە بۆ مەیدانەکانی ڕاهێنان و خۆی بۆ ئۆڵۆمپیادی زستانەی میلان کۆرتینا ئامادە دەکات.

پینتوراڵت کە لە ساڵانی ڕابردوودا دوو پێکانی سەختی لە ئەژنۆیدا هەبوو، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: ''ماوەیەکی زۆر بوو بەم شێوەیە باش نەبووم. هەرچەندە هێشتا نەگەیشتوومەتە ئاستی بێ کەموکوڕی، بەڵام متمانەم بۆ گەڕاوەتەوە و بە ئازادییەکی زیاترەوە دەخلیسکێم. ئەمەش وای کردووە بە دڵێکی سووکترەوە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو بگەڕێمەوە''.

ئەم یاریزانە تەمەن 34 ساڵە، کە سێ میدالیای ئۆڵۆمپی و 34 سەرکەوتنی لە جامی جیهانیدا هەیە، باس لە پەرۆشی خۆی دەکات بۆ چوارەمین بەشداری لە ئۆڵۆمپیاد و دەڵێت: ''هەموو جارێک کە دەچمە ئۆڵۆمپیاد، وەک ئەوەیە منداڵێک بڕوات بۆ بینینی واڵت دیزنی. هەرچەندە 15 ساڵە لەم بوارەدام، بەڵام ئەمە تەنها چوارەمین جارە، بۆیە هێشتا هەستێکی ناوازەیە، بەتایبەت کە ئەمجارەیان لە ئەوروپایە''.

پاڵەوانە فەڕەنسییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین تەحەدا لە یارییە ئۆڵۆمپییەکاندا، پاراستنی تازەیی و وزەیە، چونکە یاریزانەکان لە ناوەڕاستی وەرزێکی پڕ لە ماندووبووندان و دەبێت لە یەک ڕۆژدا هەموو توانای خۆیان نیشان بدەن.

پینتوراڵت لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە کاتی پێشبڕکێیەکدا لە نەمسا تووشی شکاوی لە ئەژنۆیدا هات و بە هێلیکۆپتەر لە یاریگاکە گوازرایەوە، بەڵام ئێستا بە تەواوی چاکبووەتەوە و چاوی لە میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی داهاتووە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

نوێترین

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.