Erbil 31°C چوارشەممە 22 تەمووز 15:18

رۆڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی نەتەوەسازیی کورددا

کوردستان TV
100%

پڕۆسەی نەتەوەسازی بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی زانستی ڕامیاری و کۆمەڵناسی هەژمار دەکرێت، لە دێرزەمانەوە گەلان بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان، کولتوور و مافە ڕامیارییەکانیان خەبات و تێکۆشانێکی زۆریان کردووە، بۆ ئەوەی دامەزراوە و سیستەمی بەهێز دروست بکەن.

نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوە گەورە بێدەوڵەتەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا چەندین قۆناغی سەختی خەبات و گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، وە لە نێو ئەم قۆناغە سەخت و دژوارەدا سەرۆک بارزانی وەکو یەکێک لە دیارترین ڕێبەرانی سیاسی و مێژوویی کورد ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە برەودان بە دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئاسایش، دیپلۆماسی و ناساندنی دۆزی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

نەتەوەسازی تەنها بریتی نییە لە دروستکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت، بەڵکو پڕۆسەیەکی فرەڕەهەندە وەک دروستکردنی یەک ناسنامە، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی نیشتمانی، سەروەریی یاسا، برەودان بە پەروەردە و فێرکردن، و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان. بنەماکانی پڕۆسەی نەتەوەسازی لە باشووری کوردستان خێراتر بوو لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، کاتێک باشووری کوردستان دەرفەتی حکومیی زاتی یاخود خۆسەریی بۆ ڕێکەوت.

یەکێک لە پایە گرنگەکانی نەتەوەسازی بریتییە لە دامەزراندنی دامەزراوەی سیاسی و حکوومیدا، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر چاودێری، بەشداریی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بەشداربوون لە بەهێزکردنی پایەکانی دامەزراوە لە هەرێمی کوردستان. ئاسایش بە یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی نەتەوەسازیدا هەژمار دەکرێت، لە ساڵانی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەی تر بینی. سەرۆک بارزانی بەردەوام گرنگیی بە یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هاوکاریی نێودەوڵەتی دا، کە بووە فاکتەرێک بۆ زیادبوونی پشتگیریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. بەشێکی زۆر لە توێژەرانی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی ئەم قۆناغە بە یەکێک لە فاکتەرەکانی بەرزبوونەوەی ناسنامە و متمانەی نیشتمانی دەزانن.

لە پڕۆسەی نەتەوەسازی، ناساندنی نەتەوە لە دەرەوە گرنگییەکی زۆری هەیە. سەرۆک بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و هەوڵی داوە دۆزی کورد و بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت. ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانە بە فاکتەرێکی سەرەکی هەژمار دەکرێن بۆ فراوانبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئابووری، سیاسی و مرۆیی.

گشتپرسیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، یەکێک بوو لە گرنگترین ڕووداوە 100 ساڵەی مێژووی نوێی کوردستان، زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێیان وابوو، کە ئەم هەنگاوە فاکتەری سەرەکیی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی بوو لە کوردستانی گەورە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، وە لە پڕۆسەی نەتەوەسازیی کورددا ئێمە پێویستمان بە سەیرکردنی ئەزموونی سەرکەوتن و ئاڵنگارییەکانی سەرۆک بارزانی هەیە.

بەگشتی سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەکی کاریزمایی مێژوویی کورد ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان بینیوە لە پاراستنی ئاسایش و بەهێزکردنی دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکان، و گەشەپێدان بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی کەناڵەکانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەروەها پڕۆسەی نەتەوەسازی کورد پڕۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە کە بە هەوڵی کۆمەڵێک ڕێبەر، دامەزراوە و هاووڵاتی بەردەوامە. لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا، سەرۆک بارزانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە کاریزماییە سیاسییەکانی سەردەمی نوێی کوردستان ناسراوە. بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، پشتگیری لە پێشمەرگە، فراوانکردنی دیپلۆماسی و هەوڵدان بۆ ناساندنی دۆزی کورد، هەموویان بەشێکن لە میراتی سیاسیی ئەو. لە هەمان کاتدا، هەڵسەنگاندنی ئەم میراتە پێویستی بە خوێندنەوەی سەرچاوە جیاوازەکان و شیکردنەوەی ورد هەیە، چونکە نەتەوەسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و بە بەشداریی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە پەرە دەسێنێت.

 

مستەفا گەردی

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.