Erbil 10°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 19:38

ئایندەی کوردستان بە کاتی مەسرور بارزانی

ئاسۆ حاجی
100%


قەوارەی دەستوری کوردستان، بە بڕیارێکی عێڕاقی دروست نەبووە، تا بتوانن بیڕوخێنن، هەروەها بەرهەمی خۆڕادەست کردنی هێزێکی سیاسی نیە بە داگیرکەر. بەڵکو دەسکەوت و بەرهەمی قوربانی دانی زیاتر لە سەد ساڵی خەڵکی کوردستانە.
ئەو هەرێمە فیدڕالیە، بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش بناغەی بۆ داندراوە، زیاتر لە سی ساڵە زلهێزەکان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و گرنگییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئەوانە بەو ئاسانیە دەستبەرداری نابن، وەک ئەوەی میدیاکانی درێژکراوەی گوتاری بەغدا و تاران بانگەشەی بۆ دەکەن.
لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، دەربارەی بوون و ئایندەی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی نوێی ئەمریکایی بە دیار کەوتووە، کە لە گوتاری سی ساڵی ڕابردوو ڕوونتر و ڕاشکاوانەترە، ئەوەش بە ڕوونی لە گوتاری بەخێرهێنانی مەسرور بارزانی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرا کرا.
ئەو گوتارە نوێیەی ئەمریکا، لە ڕۆژانی دابێ بەهێزتر دەبێت، لە بەرامبەر بڕیارە شۆڤینیەکانی دادگای فیدڕالی عێڕاق، کە ئامانج لێیان ڕادەستکردنی تێکڕای زەوی و ئاسمانی عێڕاقە بە سوپای پاسدارنی ئێران. ئەو کارەی بەغدا بە هاوکاری کوڕانی تالەبانی دەیکات، بزاڤێکی ستراتیژی و شەڕێکی ڕاگەیەندراوە، بۆکۆتایی هێنان بە ئامادەیی ئەمریکا لە عێڕاق و دواتریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. پرسیار ئەوەیە، ئایا بەغدا و یەکێتی با تارانیش لە پشتەوەیان بێت، دەتوانن بڕیار و ئیرادەیان بە سەر ئەمریکا بسەپێنن؟
لە ماوەی سی و سێ ساڵی ڕابردوودا، هیچ کاتێک قەوارەی کوردستان و حکومەتەکەی بەو شێوەیە نەکراونەتەوە ئامانج، لە سەر ئاستی ناوخۆیی هێزێکی وەک یەکێتی ئەوەی توانیویەتی لە دژایەتی کردنی حکومەت کردوویەتی، حەشدی شەعبی و هێزە شیعەکان لە ڕێگای دڕۆن و موشەک و دادگای فیدڕالی بە هەموو هێزیانەوە دوژمنایەتی کوردستان دەکەن، سەرچاوەی هێز و بڕیاری ئەو دوو لایەنەش ئێرانە، کە ئامانجی سڕینەوەی ئیسڕائیلی گۆڕیووە بۆ لە ناوبردنی قەوارەی دەستوری کوردستان. 
هەموو ئەو دژایەتی و دوژمنایەتیەییان لە شکست پێهێنانی مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی حکومەت چڕ کردۆتەوە، لەو چەند ساڵە توانیوییانە تا ڕادەیەک فشار لە سەر دەروونی خەڵکی کوردستان دروست بکەن، لە ڕێگای بڕینی قووتیان و ئەو گوتارە میدیاییەی لە ژێر سێبەری یەکێتی و بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان، خزمەت بە ئەجێندای ئێرانی دەکەن. 
هێمنی و خۆڕاگری سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، کە ڕەنگدانەوەی هێز و خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە، بووە هۆکاری بەدیارخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە دەستور و فیدڕالیەت نیە، بەو کارەش ئەو هێزانەی عێڕاقیان لە دیکتاتۆریەتی شۆڤینی عەرەبی ڕزگار کرد، لۆژیکی تێدا نیە عێڕاق بۆ شۆڤینیەتی مەزهەبی (شیعە) بۆ بافل و ڕەیان کلدانی و خزعەلی جێبهێڵن، کە بە تەنها وەشاندنی دوو هاژەک لە بەغدا، قەیسەرییان لێ ببووە کونە مشک.
ئێستا ئایندەی کوردستان لە بەردەم پرسیاری بەرەوە کوێ دەڕوات دایە، تەنها کات وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بە کاتی دوژمنانی قەوارەی دەستوری و حکومەتی کوردستان بەرەوە هەڵوەشانەوە و نەمانە، بەکاتی مەسرور بارزانیش کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر ئایندەی خەڵکەکەی گەشاوەیە و ڕۆژانێکی خۆش بە دوای ئەو ڕۆژە ناخۆشانە بەڕێگاوەن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.