Erbil 15°C یەکشەممە 28 نیسان 01:41

کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی له‌ سوید له‌یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قورباندا قورئانی پیرۆزی سوتاند

کوردستان TV
100%


لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم لە ژێر پارێزگاری پۆلیسی ئەو وڵاتە قورئانی پیرۆزی سووتاند.
مۆمیکا کە لە ژێر پارێزگارییەکی بەرفراوانی پۆلیسدا ھاتە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم لە ناوچەی مێدبەرگەرەپلاتسن، سەرەڕای کاردانەوەکانی خەڵکی دەوروبەری، قورئانی پیرۆزی فڕێدایە سەر زەوی و پێی لەسەر دانا و پاشانیش سووتاندی.
لە بەرامبەر ئەو ئیستفزازییەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا روویدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو شارە بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر رووداوێک لە ستۆکھۆڵم، سەرجەم پۆلیسەکانی ئەو شارەی بۆ بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم بانگھێشت کردبوو.
سەرۆکی وەقفی مزگەوتی ستۆکھۆڵم، مەحموود خەلفی کە کاردانەوەی بەرامبەر رێگەدان بە ئەنجامدانی ئەو ئیستیفزازییە نیشاندا، رایگەیاند کە ئەو کردەوەیە مووسڵمانانی بە قوڵی خەمبار کردووە.
لە مانگی شوباتدا لە سوید، سەلوان مۆمیکای بە رەچەڵەک عێراقی و کریس ماکۆندئاوت کە بە رەچەڵەک ئەفریقییە ویستبوویان قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم و باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکھۆڵم بسوتێنن بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە بە ھۆکاری ئەمنیی رێگەی بەم ئیستفزازیانە نەدابوو.
دواتریش مۆمیکا و ماکۆندئاوت بڕیارەکەی پۆلیسیان گواستەوە بۆ دادگا.
بەم پێیەش دادگای کارگێڕی سوید بڕیارەکەی پۆلیسی لە 4ی نیسان ھەڵوەشاندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "نیگەرانی مەترسییەکانی ئەمنیی" بەس نییە بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان.
لە بەرامبەر ئەمەشدا پۆلیسی ستۆکھۆڵم بڕیارەکەی بەرزکردەوە بۆ دادگای باڵای سوید.
بە ھەمان شێوە دادگای باڵا ئەم بڕیارەی دادگای کارگێڕی پەسەند کرد و لە 12ی حوزەیران بڕیارەکەی پۆلیسی لەمەڕ "قەدەغەکردنی سووتاندنی قورئانی پیرۆز" ھەڵگرت.
 

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.