Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 19:38

بارزانی و زیاتر لە پەیامێک

بەهرۆز جەعفەر
100%

هەرددوو سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، بەنزیکەیی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕای گشتی بە چاوی خۆیان ئاستی کاریگەریی هەرێمی کوردستانیان لە «بارزان» بینی. هەمووشیان بە تەواوی لایەنە عێراقی و شاندە بیانییەکانەوە ئاستی کاریگەریی کاک مەسعود بارزانییان بینی کە زیاترە لە سەرۆکێک؛ لە ڕابردوو، ئێستای عێراق و کوردستان و ناوچەکە توانیویەتی و دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت. بەدڵنیاییەوە، نەیارەکانی پارتی و هەرێمی کوردستانیش لە ناخەوە ئەم ڕاستییە دەزانن، بەڵام بە «وتن» ددانی پێدا نانێن!

لەبارەی دەست پێکردنی شەڕی ئیرادە بۆ هەستانەوەی کوردستان، بارودۆخی شۆڕش لە سەرەتای (١٩٦٤) دا، مام هەژاری موکریانی لە «چێشتی مجێور» دا دەنوسێت: هەشتا هەزار جاش و سەرباز بە تیر بار و تفەنگ دەسڕێژیان دەکرد. هەموو چەکداری پێشمەرگە لەو ناوەدا بە حاڵ دەگەیشتە پێنج سەت کەس. ئێران و تورکیا بنکەی سەربازییان لە کەرکوک بۆ بەرگری لە بەعس دانابوو. دەیانوت تەیارەی ئینگلیستانیش بەشەو لە قوبروسەوە دێن و بەشی خۆیانی تێ دەخەن (لاپەڕە: ٣٤٥). ئەوە بێجگە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کوردستان لەو کاتە هەستیارەدا، بێجگە لەوەی لەوکاتەدا، چەندین عەشیرەت هەر لە سنوری بادینان دژایەتی و دوژمنانەتیان بۆ شۆڕش و بۆ ڕەوانشاد مەلا مستەفا سنووری ئەوەی تێپەڕاندبوو کە کەوتبوونە لاتەکی ڕژێم بۆ لە بەین بردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. بەڵام سەرئەنجامەکەی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئازاری ١٩٧٠) بوو کە پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بارزانی توانییان وا بکەن سەددام حوسێن سازشیان بۆ بکات. سەدام! کەس لەو ڕۆژگارەدا نە لە سەدام دڕندەتر بوو، نە بەهێزتربوو لە عێراق و ناوچەکەدا.

من لەم نووسینەدا، بانگەشە بۆ ڕەنگ کردنی کوردستان، یاخوود ئەوە ناکەم کە هەموو شت لە سفرەوە تا سەت بارزان و بارزانییەکان کردوویانەو دەیکەن، بە بێ پاڵپشتی خەڵک، پێشمەرگە، سەرکردەکانی تر، هەزارەها مرۆڤی لە خۆ-بووردووی دیکە ئەستەمە هیچ کرابێت و بکرێت. بانگەشەی ئەوە ناکەم، کە ئیتر گوتاری بارزانی و پارتی سەرکەوتن و هەموو ئەوانەی تر دۆڕاون. بە پێچەوانەوە، سەرەتاو کۆتایی سەرکەوتنی گوتارەکەی بارزانی لە میانەی ناساندنی مێژووییەکی نزیک و هۆکارەکانی پێویست بوونی «یادگەی نیشتیمانیی بارزان» ئەوەیە کە دارێک لە بارزان ناڕوێنن بۆ ئەوەی هەموو کەس بچێتە سێبەرەکەی، بەڵکو لەڕێگەی پێکەوەژیان و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانەوە کوردستان دەکەنە سێبەرێک بۆ هەمووان.

لە هەرێمی کوردستان سیاسەتی ئابوریی و میدیایی و کۆمەڵایەتی هەڵە گیراونەتە بەر، بۆیە دەرئەنجامی هەڵەی لێکەوتۆتەوە و هەمووان زیانیان تێدا کردووە؛ پێش خەڵکی کوردستان خودی حیزبە سەرەکییەکان و کەسە یەکەمەکانیان بەهۆی کەمبوونەوەی ئینتیماو کاڵبوونەوەی متمانەوە زەرەرمەندی یەکەم بوون. بۆیە ئەگەر خوازیارن مێژووی خۆیان بە گەورەیی ڕابگرن و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە پارێزراویی بهێڵنەوە، دەبێ هەمووان لە چوارچێوەی پەیامەکانی ئەو سەرۆک بارزانییەدا دەست بە پارادایمێکی نوێ بکەن. بۆ نموونە بارزانی دەڵێت و دەیسەلمێنێت ڕێبازی بارزان بەرز- ڕاگرتنی ژینگەیە؛ پێویست ناکات بەرانبەرەکانی خەریکی خراپ لێکدانەوەی ئەمە بن، بە قەدەر ئەوەی گرنگە پێکەوە سیاسەتێکی ژینگەیی درووست بگرنە بەر. کاتێک بارزانی هەستی پێکردووە و لە چەندین بۆنەدا دەستی خستۆتە سەر کرۆکی برینەکانی ئێستا و ئایندەی کۆمەڵگەی کوردیی دەڵێت: پێویستە کار لەسەر پەروەردەکردنی تاکی کورد بکەین و کەسێتی مرۆڤی کورد بینا بکەینەوە. ئیتر پێویستە لەمەولا هەرکەسێک ئیشی لەسەر شکاندنی کەسێتی تاکی کورد کرد (بە بەرپرسانی پارتیشەوە کە کەمیان نەکردووە) بە بارزانی بناسێنن.

ڕق و کینە و گوتاری پۆپۆلیستی کەسی بە هیچ کوێ نەگەیاندووە؛ کاتەکەش دەکوژێت و دەرفەتە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکانیش بۆ کورد لە دەست دەدات. لەبەرئەوەی هەمووتان پێتان وایە پەیامەکەی بارزانی مێژووییە؛ پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە؛ هیچ کێشەیەکی وا لە ئارادا نییە کە بە دیالۆگ چارەسەر نەکرێت، لە ئێستا زووتر نییە ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگرن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تەحەداکان ببنەوە و دەرفەتەکانیش زیاتر بکەن.

بە دەرفەتتان نەزانی و ڕێگەتان نەدا تا ڕەوانشاد «مام جەلال تاڵەبانی» لە ژیاندا بوو کۆی کێشەکان چارەسەر بکات؛ بگرە زۆرجار تاڵەبانی باوک بەسەرچاوەی کێشەکان دەزانرا؛ بەڵام دواتر هەزاران ئاخ و داخ بۆ نەبوونی ڕەوانشاد مام جەلال لە گۆڕەپانەکەدا هەڵکێشرا و دەکێشرێت و، دوای ئەو هیچ شتێکی باشتر نەهات. هەموو کێشەیەک بۆ بوونی بارزانیش لە گۆڕەپانەکەدا درووست کرا. بەڵام ئەگەر تەماشای هەرێمی کوردستانی پێش هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢١) و دواتر لە یەک ڕووەوە بەراورد بکەیت دەزانیت بارزانی بەڕەی لە ژێر پێی تەواوی لایەنە عێراقییەکان دەرهێنا؛ پێش ئەو بەروارە هەر لە جەلەولاو خانەقینەوە تا دەگەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و ناو شاری هەولێر، تا سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە شەنگال بە دەست هێرشی درۆنی و مووشەکیی میلیشیا عێراقییەکانەوە ڕەزالەتی بوو، دواتر بارزانی بە ڕێککەوتنی- ڕانەگەیەندراوی خۆی لەگەڵ چەند لایەنێکی سەرەکیی عێراقیی وەهای کرد کە ئەو گرووپە میلیشیایانە تاکە یەک کورسیی پەرلەمانیی لە ناوچەکانی هێڵی تەماسیی لەگەڵ کوردستان بە دەست نەهێنن. بە حکومەتەکەی موحەمەد شەیاع سوودانییشەوە بارزانی کلیلی سەرەکی پێکهێنانی بوو.

لەبەرئەوەی «بارزانی» ئەوەندە کاریگەرە، بێگومان تەواوی فشارەکانش: فشاری ئێران، تورکیا، پەکەکە، لایەنە عێراقییەکان، بەریتانیاو ئەمریکا، لایەنە کوردییەکان، ناوخۆی پارتی و حیزبەکەی خۆی لەسەر ئەون. ئێستاش کە هەمووان لایانوایە:« پەیامەکە مێژوویی بوو» بێزەحمەت بە هەمووتان سەرەتایەکی نوێ و مێژووییەکی نوێ دەست پێ بکەن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.