Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 15:32

ناسنامەی ڕاستەقینەی کەرکووک

فرسەت سەید شوكر
100%

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و شۆڕش و ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی، کەرکووک و کەرکووکییەکان ھەردەم کۆڵەکە و ڕاگری شۆڕش و جووڵانەوە سیاسی و سەربازییەکانی بوون، ھەمیشە و بەردەوام کورد کە پێکھێنەر و خاوەنی ڕەسەنی شارەکەیە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی بەدی ھێناوە.

لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، جوگرافیا و پرسی نەتەوە، گرفتی ھەڵپەسێردراوی بەردەوامن، بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی سەدان ساڵی پێشووی کەرکووک، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەرکووک شارێکی کوردستانیی ڕەسەنە و دانیشتووانی دێرزەمانی ئەم جوگرافیایە ھەر نەتەوەی کورد بووە، هەرچەندە بەردەوام و بە بەرنامەی ڕێکخراو کار بۆ دابڕانی ناوی (کەرکووک) لە کوردستان کراوە، بەڵام لۆژیک و ڕاستییە مێژوویەکان ئەو هەوڵانەیان پووچەڵ کردووەتەوە.

"بەڵگەکانی کوردستانیبوونی کەرکووک"

بەڵگە مێژووییە ڕاستەقینەکان لەبارەی کەرکووک زۆرن، بەڵام دیارترین و سادەترین خستنەڕوو و سەلمێنەر ئەمانەن؛ ھەر سێ ناوی (باباگوڕگوڕ) و (کورکوا) و (کارکوک) ھەر کوردیین و بەڵگەی کوردستانیبوونی کەرکووکە لە چەند ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە، بەڵام گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و سنووری کەرکووک وای کردووە، ھەمیشە جێگەی چاوتێبڕینی وڵاتانی ناوچەیی و ھەتا جیهانیش بێت (تەعریب، ڕاگواستن، ململانێ سیاسییەکان) لە گرفتە سەرەکییەکانی کەرکووک بوون. دەسەڵاتی عێراق بە ھەموو جۆرەکانیەوە، ھەر خەریکی ھێنانی عەرەب بوون لە باشوورەوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە.

بەڵگەیەکی دیکەی کوردستانیبوونی کەرکووک سەرژمێری دانیشتووانە ئەگەر ساڵی (1957)  وەک نموونە وەربگرین :ژمارەی دانیشتووانی شاری کەرکووک بەکورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوورەوە بۆ ساڵی (1957) دەکاتە (279000) کەس لەو ڕێژەیە (178000)ی کورد بووە بەڵام سەرژمێری ساڵی (2003) دەکاتە (756000) کەس زیاتر لە (400000)ی کورد بووە ئەمە جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کوردە ئاوارانەی کە بێلانە و دەربەدەرن و ھەتا ئێستاش (500) خێزان لەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باوباپیرانیان لەبەر بێدەرامەتی و باری ناھەمواری و دۆخی سیاسیی و ئابوورییان. گۆڕانکاری لەو ڕێژانەی سەرەوە کە باسکران لە دەمەدا ڕوویانداوە کە هەر کاتێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دەسەڵاتدار بووبێت بەردەوامی عەرەبی ڕاگواستووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە رۆژنامەی “breitbart”ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە (دەسەڵاتی شیعە) لەماوەی دەسەڵاتدارییەوە تا ئێستا لە عێراق بە فراوانی دەستی کردووە بە پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافی پارێزگای کەرکوک و، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە (500) گوندی سنوری کەرکووک پرۆسەی تەعریب و چەکدارکردنی دانیشتوانی عەرەب دەستی پێکردووە.

راپۆرتەکە کە پشتی بە زانیاری چەند چالاکوانێک و هاوڵاتیانی ڕەسەنی شارەکە بەستووە کە باس لەوە دەکات” گێرانەوەی زیاتر (17640) خێزانی عەرەب بۆ ناوەڕاستی پارێزگای کەرکوک و (4024) خێزانی تر لەدەوربەری کەرکوک ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر گۆڕانی دیمۆگرافیای کەرکوک”. 

پرۆسەى تەعریبکردنەوەى کەرکوک لەساڵى (1991) دواى جەنگی کەنداوی دووە بەچڕی دەستپێکردەوە، کەئەو شارەش یەکێک بوو لەشارە ڕاپەریوەکانى دژى رژێمەکەى بەعس و، زۆربەى خێزانە کوردەکانیش بەرەو شارەکانى سلێمانى و هەولێر ئاوارەکران و، زەوییەکانیانیش بەخۆڕایی بەسەر بنەماڵە عەرەبە هاوردەکراوەکان دابەشکرانەوە.

هەروەها بەڵگەنامەیەکی کۆنی حکومەتی عێراقی سەردەمی پادشایەتی پشتڕاستیکردووەتەوە کەوا زۆرینەی دانیشتووانی کەرکوک کوردن، لە کتێبی (جوگرافیای عێراقی هاوچەرخ - چاپی یەکەم، چاپخانەی دارالسەلام بەغدا ، 1304 کۆچی / 1924 زایینی) لەلایەن ( هاشم السعدی لاپەڕە 213 ) دەربارەی لیوای کەرکوک هاتووە:  ژمارەی دانیشتووانی (لیوای کەرکوک) دەگاتە 19 هەزار (نۆزدە هەزار) کەس، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی (کورد)ن و کەمێك عەرەب و کەمینەیەك لە فارس ( مەبەستی کوردە فەلەییەکانە ) و کەمینەیەك لە تورکمان هەیە. خەڵکەکە زمانی تورکی دەزانن و قسەی پێ دەکەن، هۆکاری ئەمەش بەهۆی کاریگەری ئەو سەربازانەی تورکیایە کە پێنج ساڵە لەوێ بوون نەک ئەوەی تورکمان مێژوویەکی دوور و درێژی لە شارەکە هەبووبێت.

 تەنانەت ئەم کتێبە، ئەو ڕاستییە لەبارەی کوردستانیبوونی کەرکوک دەسەلمێنێت بەڵام (وەزارەتی مەعریفەی عێراق) کاتی خۆیدا بڕیاریدا ئەم کتێبە لە قوتابخانە ناوەندییەکان و خانەی مامۆستایان لەعیراق بخوێندرێت، چونکە بەشێکە لە مێژووی دێرینی شارەکە.

لە ساڵی ( 1921 )ی سەردەمی پادشایەتی و لە دوای ( 1957 ) ەوە ‌ دەسەڵاتی عێراق بەھەموو جۆرەکانییەوە بەردەوام لە هەوڵی ھێنانی عەرەب بوون لەباشوورەوە بۆ کەرکوک و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە کەئێستا لەسەدا ھەشتا ( 80% ) ی عەرەبی سوننەیە و ھەندێک تورکمانی تێدایە، بەڵام لەبنەڕەتدا قەزایەکی سەر بەشاری کەرکوکە و خاکی کوردستانە  ئەم پرۆسە مەترسیدارە تەنها ناو شاری کەرکوکی نەگرتووەتەوە بەڵکو زۆرینەی قەزا و ناحییە و دێهاتەکانی سنووری شارەکەی گرتۆتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

ھەڵوێستێکی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر کەرکووک

کاتێک شاندی عێراقی سەردانی مەلا مستەفایان کرد بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان، شاندی عێراقی هەوڵی زۆری دەدا، کەرکووک لە کوردستان داببڕێت و مۆرکێکی عێراقیی پێ ببەخشێت، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی عێراق بە بارزانی دەڵێت: ”بەڕێزتان لە ئێمە باشتر دەزانن، کەرکووک تەنیا کوردی تێدا ناژی، هەریەکە لە عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشورییەکانیشی تێدا دەژین ناکرێت تەنیا بۆ کورد بێت.“

لەو کاتەدا بارزانی ھیچ قسەیەکی نەکرد و داوای کرد سینییەکی بۆ بێنن، کاتێک بۆیان هێنا لە بەردەم شاندەکەی دانا و داوای لێ کردن: هەریەکەو شتێکی تایبەتی خۆی بکاتە ناو سینییەکە، شاندەکە سەریان سووڕ ما و گوتیان بۆ دەبێت ئەم کارە بکەین؟ مەلا مستەفا بارزانی، دووبارە داوای لێ کردنەوە ئەوانیش هەریەکەو شتێکیان کردە ناو سینییەکە، بارزانی سینییەکەی هەڵگرت و گوتی: ئەو شتانەی ناو سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش گوتیان: هی ئێمەیە

بارزانی دووبارە پرسیاری کرد، ئەی سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش گوتیان: گومانی تێدا نییە کە هی ئێوەیە.

بارزانی گوتی: ”ئێستا هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم سینییەکە سەرەوخوار بکەمەوە و هەرچی لەناو سینییەکەدایە فڕێی بدەم، چونکە سینییەکە هی خۆمە، ناتوانن نکۆڵی لەو راستییە بکەن؟“

شانەکە گوتیان: بەڵێ حەق بە تۆیە.

مەلا مستەفا لەو کاتەدا زۆر بە ڕاشکاوانە پێی گوتن: ”ئێستا کەرکووکیش وەک ئەم سینییە وایە، خاکی خۆمانە، ئەگەر هەر کاتێک ئارەزوومان لێ بێت ڕێگە نادەین، جگە لە کورد کەسی دیكەی تێدا بژیت، بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز مەیلمان لە شەڕ و ئاژاوە نەبووە، بەردەوام وەک برا لەگەڵ نەتەوەکانی کەرکووکادا ژیاوین، بەڵام دەبێت ھەمیشە ئەو راستییەتان لەبەرچاو بێت، کە کەرکووک خاکی کوردستانە و ھیچ کەسێک ناتوانێت (کەرکووک) لە کوردستان دابڕێت.“

کۆبەند

"بەردەوامیدان بەتەعریب پێش هەر شتێك پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەیی عیراق و بەتایبەتیش ماددەی 140ی دەستورەكەیە، هاوكات هەوڵدانە بۆ شێواندنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی پارێزگای كەركوك".

گەڕانەوەی ئەو لایەنەی کە هۆکاری داگیرکردنی کەرکوک بووە لە 16ی ئۆکتۆبەری (2017) بۆ بازنەی کوردایەتی بە هیوای پاراستنی ڕەسەنایەتی کەرکوک باش دەبێت، بە تایبەتیش کە لە ئێستادا ڕەوایەتی داوە بە پارێزگارێکی ناشەرعی و سەپێندراو لە پێناو داخوازی حیزبیدا کە ئەوە خۆی بەشێکە لەوەی کێشەی کەرکووک تا ئێستا چارە نەکراوە، لە ڕاستیدا دوو پێکهاتەی شارەکە واتا (عەرەب-تورکمان) زۆرباش ئەو ڕاستییە مێژوو و جیۆگرافیییە لەبارەی کەرکوک دەزانن، بەڵام چوونکە مەبەستیانە ئارەزووی دڵی دەوڵەتانی ناوچەیی ڕازی بکەن لە پێناو مەرامییەکانیان ئەم حەقیقەتە مێژوویە دەشارنەوە

 بەڵام ئایا سەڕەرای چەندان قۆناغ لە تەعریب و ڕاگواستن و داگیرکاری، دەربەدەرکردن، دەنگی کەرکوک و خانەقین و دووز ناوچە کوردستانیەکانییەکان بە دەنگی (بەڵێ) بۆ جیابوونەوە لە عێراق بەڵگەی کوردستانیبوونی کەرکوک نییە؟ ئەدی گۆڕی دەیان ساڵەی مردووانی ئەوە شارە کە لە زۆرینەدا کوردن و لە هۆز و عەشیرەتە کوردەکانن، بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین کەرکوک خاکی کوردستانە و داگیرکاری و تەعریب، ناسنامە حەقیقیەکەی ناگۆڕێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.