Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 19:15

کێ خاوەنی نەورۆزە؟

ھۆگر نێروەیی
100%

‏‎بە درێژایی مێژوو ھەمیشە بەھێزەکە خۆی لەسەر لاوازەکە سەپاندوە و زوڵمی لێکردوە.

‏‎ ئاغا خۆی لەسەر عەشیرەت فەرزکردووە و ستەمی لێکردووە. بنەماڵەیەکی بەھێز موڵکی بنەماڵەیەکی لە خۆی لاوازتری كردوە و بەزۆری خۆیان بەخاوەنی زانیوە، کەسێکی بەھێز  تەعدای لە کەسێکی لەخۆی لاوازتری کردوە. سروشتی ژیان وابوە ھەمیشە بەھێزەکە لاوازەکەی قوتداوە، مەرج نیە بەھێزەكە لە لاوازەکە ئازاتر بێت بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆربەی جار لاوازەکە لە بەھێزەکە ئازاتربووە بەڵام زەمینە لەبارتربوە بۆ بەھێزەكە چ ژمارەیان زیاتر بێت چ ئەوەی چەند ھێزێك یەکیان گرتبێت لە دژی ئەویتر.

‏‎ھەروەکو بەھێزەکە سروشتی جیھان وابووە لەگەڵ بەھێزەکە بووە نەک لاوازەکە، ھەمیشە پرس و شتەکان لەبەرژەوەندی ئەوانە یەکلایی کردۆتەوە کەبەھێزتر بووە، سیستەمی نێودەوڵەتی بەبێ دوو دڵی لەگەڵ دەوڵەت بووە نەک بێ دەوڵەت گەرچی چەند ھەڵەش بێت لەبەرژەوەندی ئەو نەتەوانەیە كە دەوڵەتیان ھەیە بڕیاری داوە لەسەر حسابی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، چونکە کورد دەوڵەتی نەبوە عەرەب و تورک و فارس ھەرچی  شتی باشە بۆخۆیان یەکلایی کردۆتەوە،  ھەتا لە نوسینەوەی مێژووش دا ھەرچی  باشە لەبەرژەوەندی خۆیان نوسیویانە خراپەشیان دایە پاڵ کورد کە ھەر سێ لا خۆیان بە حەق زانیوە و کوردیان  بە ناحەق لە قەڵەم داوە!

‏‎نەورۆز ھێمای ئازادییە و ڕەتکردنەوەی ژێر دەستییە، ناچمە سەر ئەوە کە مێژوو چۆن باسی کردوە و چۆن لە کتێبەکان نوسراوە، چونکە مێژوو زۆر بەئاسانی دەشێوێنرێت کە شێوێنراوە لە بەرژەوەندی خۆیان.

‏‎گرنگیش نیە نەورۆز موڵکی کوردە یان موڵکی تورک و فارسە بەڵکو ئەوە گرنگە ئەو پەیامەی پشت نەورۆز کێ زیاتر کاری پێدەکات. بەدرێژایی مێژوو کورد ستمەلێکراو بوە ژێر دەستی تورکو فارس و عەرەب بوە. عەرەب ھەمیشە بۆ کورد زوحاک بوە کوردی چەوساندە  زوڵمی لێکردوە. تورک سەد ھێندەی زوحاک سەری لاوەکانی کوردی بڕیوە. فارس ھەر زوحاک بوە بۆ کورد بە کوشتنی کورد دەحەسێتەوە. کوردیش بەدرێژایی مێژوو دژی زوڵم وەستاوە بۆ ئازادی جەنگاوە.

‏‎کورد ھەمیشە کاوەی ئاسنگەر بووە دژی نەیارەکانی، چەندین شۆرشی بەرپاکرد بۆ ئازادی، چەندین قوربانیدا بۆ ئازادی، دژی عەرەب شۆڕشی کرد ھێندەی ڕووباری دیجلە و فورات خوێنی دا لەپێناو ئازادی دا. کورد لەنێو زوڵمی تورکدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا لەپێناو ئازادی دا ھەمیشە بۆ ئازادی لەگەڵ تورک جەنگاوە. کورد لەپێناو ئازادیدا زیندانی ئاسنی و داری سێدارەی ھەڵبژارد لە دژی ستەمی فارسی.

‏‎بۆ ھەرسەکەوتنێکی لەسەر نەیارەکانی کورد ئاگری ھەڵکردوە، ئەو  پەیام و ھێمایانەی لەپشت نەورۆز ھەمیشە نەریت بوون لای کورد ھەتا ئێستاش بەردەوامە. 

‏‎کورد ھەمیشە  قوربانی داوە بۆ ئازادی نەورۆزیش بە قوربانی دانەوە بەدەست ھاتوە، گەر چی پاڵەوانی نەورۆز گەر کوردیش نەبێت لە کوردەوە فێربووە کە بۆ ئازادی تێ بکۆشێت. گەر کاوە  کورد نەبێت کە ئەوکات نەتەوەیی ھێندە باو نەبوو ئەوەی چەکوچی کاوە دروستی كردوە کە بەسەری زوحاکی داوە حەتمەن کوردبووە یان لە بیرۆکەی ئازایەتی کورد دروستکراوە، بەھەموو پێوەرێک بە درێژایی مێژوو کاوە سیفەتی کوردی ھەڵگرتوە تا سیفەتی تورک و فارس و عەرەب، لەو باوەڕەم گەر کاوە نەتەوەیی خۆی ھەڵبژاردبایە بە دڵنیاییەوە نەتەوەی کوردی ھەڵدەبژارد گەر چی بە کوردیش لە دایک نەبوبێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.