Erbil 11°C دووشەممە 02 کانونی یەکەم 10:25

14ی ئادار هەڵهاتنی خۆری نەتەوەیەك

فرسەت سەید شوكر
100%

 14ی 3 بۆ كوردستانیان ڕۆژێكی پڕشكۆ و تایبەتە ئەو ڕۆژەی كە بارزانی نەمر، رابەری مەزنترین شۆڕشی مێژووی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستانی تێدا لەدایكبوو، بارزانی لە تەواوی تەمەنی سڵی نەكردەوە لە داواكردنی مافەكانی خەڵك و خەباتكردن بۆ وەدیهاتنی خواستە نەتەوەییەكان، لە دوای خۆشی رێبازێكی پڕ رێبواری بۆ داخوازییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بەجێهێشتووە و بووەتە سەرمەشق و نموونەی باڵای حەقانییەت و داخوازی نەتەوەیی و مافخوراوان.
بارزانی نەمر، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژوویەی كوردیان لەق نەكرد و  ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد ‌و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.
- لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد. شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدیهێنان.
- لە 11ی ئاداری 1970 بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات. 
گەلی كوردستان لە مێژووی خۆیدا، خاوەن بە چەندین شۆڕش و سەدان سەروەری و داستانی نەبەردییە، ھەریەك لەو داستانانە، خەباتێكی دوور و درێژ و بێ وچانی بەدواوە بووە، ئەمە جیالەوەی چیرۆكی تراژیدی دایكە شەھید و پێشمەرگەی نەبەزیوویی سەنگەر و بست بە بەستی نیشتمانی پێوە نەخشاوە. گرنگی پێگەی بەھێزی بارزانی نەمر لەوەدابوو؛ بوو كە حكومەتەكانی عێراقی پێشوو لەوپەڕی بەھێزیدا بوون، بەڵام بەھێزی و توانستی گەورەی پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتی بارزانی، ئەو خەونە مێژووییەی كردە واقیع، كە ساڵانێك بوو كورد قوربانی بۆدەدا.
بارزانی و شۆڕش ...
شۆڕشی ئەیلول لە مێژووی دێرێنی كورد درێژترین شۆڕش بوو بوو كە 14 ساڵ تەمەنی بوو، بەڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی، ئەو لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا تەنھا بۆ یەكجار نەچووە بەغدا، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانووستان خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادكراوەكان، مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی كوردستانی بوونی بە گیانی تاكی كوردا كردەوە.
لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆكایەتی بارزانی، چوار ڕژێم لە عێراق گۆڕان، عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەكر، بەڵام شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خەبات تاوەكو ڕژێمی عێراق ناچاردەكات دان بنێت بە مافەكانی گەلی كوردا بنێت
"مەلا مستەفا بارزانی" لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەندەی توانی پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدا، وەك وڵاتانی ڕۆژئاوای و ئیقلیمی، ھەرچەندە ئەوكاتە پێوەندییەكان سنورداربوون، ئەوكاتی دونیا كوردی زۆر نەدەناسی و گەیاندن ئەوكاتە حزووری نەبوو، بەڵام بارزانی توانی دەنگی شۆڕش و كورد بەدەرەوە بگەیەنێت و سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بھێنێتە كوردستان".
"بارزانی" و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی كوردستانی بوونی بە گیانی تاكی كوردا كردەوە و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان لە دیدی بارزانیەوە سەیر دەكرا، ھەموو كوردی دڵسۆز پشتیوانیان دەكرد، كە دواتریش ڕێككەوتنامەی 11 ئازاری 1970 ی لێكەوتەوە.بەو رێككەوتنە، هەستی كوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەكەی تا ئاستێكی زۆر بەرزبوویەوە. خۆشاردنەوەو بۆردمانی هەمیشەیی گوندەكانی كوردستان كە لە 1961 دەستیپێكردبوو، كۆتایی هات لەسەر ئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی، پرسی كورد لە كوردستانی عێراق تاڕادەیەكی زۆر بەرەوپیشچوونی بەخۆیەوەبینی.
لە بزووتنەوە شۆڕشگێری و چەكداری و جووڵانەوە سیاسیەكاندا ناوی بارزانی نەمر لە پاڵ پۆلێك لە سەركردەكانی دیكەی جیهان وەك غاندی و كاسترۆ و سەڵاحەدین ئەیوبی و عومەر موختار و گیڤارا و ماوتسی تۆنگ و شێخ مەحمودی حەفید و شێخ سەعید و سمكۆی شكاك و زۆر شۆڕشگێری دیكەدا دێت، كە ژیان و خەباتیان لەپێناو ئاشتی و سەربەستی و سەرفرازیدا تەرخانكرد و ناویان بە بەرزی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.