جەمیس فریمان نووسەر و سیاسەتمەداری ئەمریكی (1810-1888) دەڵێت؛ (سیاسەتمەداری ژیر بیر لە نەوەی داھاتووی وڵات دەكاتەوە، نەك ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو) .
گرنگترین پایە و بنەماكانی دیموكراسی بریتین؛ لە دەنگی شەرعی و ڕەوای گەل كە لەڕێگەی ھەڵبژاردن و دەنگدانی ھاوڵاتیانەوەیە، بە درێژایی مێژووی جێگیربوونی سیستمی دیموكراسی لە جیھاندا، ئەو پارت و گرووپە سیاسییانەی كە دەنگی خەڵكیان بردووەتەوە، باشتر ئیدارەی وڵاتیان كردووە و حكومڕانیان بەشێوەیەكی باش كردووە، ھەر پارتێكی سیاسییش دژی ھەڵبژاردن وەستابێتەوە، شكستی گەورەی ھێناوە.
ئەزموونی ھەرێمی كوردستان كە لە دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە باشووری كوردستان لە بەھاری 1991 دێتە بەرھەم، بە بارودۆخێكی ھەستیار و ناسكدا پێ دەنێتە یەكەم پرۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردن، ئەوەش ئەزموونێكی گەورە و پڕ بایەخە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، چونكە دەرەنجامەكانی ئەو ھەڵبژاردنە لە حكوومەت و دامەزراوە یاساییەكانی لێ ھاتە بەرھەم.
كێشەكانی ھەڵبژاردن
كێشەی ھەڵبژاردن لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە پارتە سیاسییەكان لە قەبارەی خۆیان زیاتر وێنای خۆیان دەكەن و دەنگی ڕەوای خەڵك ڕەتدەكەنەوە، بە نموونە لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی بەدەستھێنا، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوكات ڕەتیدەكردەوە لە كاتێكدا دڵنیابوو لەوەی ئەو دەنگانە دەنگی حەقیقیی خەڵكن، ئەوكاتیش پارتی لەپێناو پاراستنی ئەزموونی ھەرێمەكە و پارێزگاری لە لەتبوون یان ھەر مەترسییەكی دیكە سیستمی پەنجا بە پەنجای لەگەڵ یەكێتیدا پەیڕەوكرد.
بەدرێژایی كۆی ئەو ھەڵبژاردنانەی كە بۆ (پەرلەمانی كوردستان) یاخود (ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق) كراون، پارتی قۆناغ دوای قۆناغ باشتر لە ھێزە سیاسییەكانی دیكە دەنگی خەڵكی بەدەستھێناوە، بەڵام ئەگەر لۆژیكیانە بڕوانین ئەو حیزبە بەردەوام بە سنگفراوانییەوە، ھەوڵی داوە ڕۆڵ و سەنگ و پێگە بداتە لایەكانی دیكەش و پرۆسەی بەشداری فرەلایەنە زیاد بكات، بەتایبەت (یەكێتی) كە لە دواین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی دابەزی، كەچی پارتی بە ھەمان مامەڵەی ساڵانی ڕابردوو درێژەی بە ھاوبەشیكردن داوە، زۆرجار ئەم نەرمی نواندنەی پارتی باجی سیاسیی بەدواوە بووە، بۆ نموونە یەكێتی نیشتمانی 21 كورسی پەرلەمانی ھەیە، بەڵام ھاوتای 45 كورسییەكەی پارتی ڕۆڵی لەنێو دامەزراوەەكانی حكوومەتدا ھەبووە، ئەمە جیا لەوەی سنووری شاری سلێمانی بەتەواوەتی لە دەرەوەی یاسا و پرۆسەی حكومڕانی لە ھەرێم كۆنتڕۆڵ كردووە و داھاتەكەشی ناگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت، بە ڕاشكاوی دەتوانین ئەوە بڵێین؛ كە ئەگەر بە قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ھەندێك لایەنی سیاسییدا بكرابایە ڕەنگە سنووری خۆیان و ئەدای ھەڵسوكەوتیان باشتر بزانیبایە، بەڵام پارتی نەك ئەوەی نەكردووەتە منەت بەڵكو خوێندنەوە و پێدانی ڕۆل بە ئەوانی دیكە بە ئەركێكی نیشتمانی و پاراستنی یەكڕیزیی نەتەوەیی دەزانێت.
ترس لە ھەڵبژاردن..
وەكو باسمان كرد، یەكێك لە خاڵە نەرێنییەكانی ھەڵبژاردن ترسی پارتە سیاسییەكانە لە ھەڵبژاردن، وا ماوەی نزیكەی ساڵێكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی بەدوای ئەوەوەن كە چۆن پرۆسەی ھەڵبژاردن بەشێوەیەكی خێرا لە ھەرێم، بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی چیدیكە فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەبنە مایەی سەرئێشە و بیانوو، كەچی یەكێتی بە بیانووی جۆراوجۆر ئەوە ڕەتدەكەنەوە، ھەڵبەتە ڕەنگە ترسەكە لە دەنگی حەقیقی خەڵك بێت بەڵام دەرەنجامەكانی ئەمە بۆ شارێك نا بەڵكو بۆ تەواوی كوردستان ئارێشەی گەورە و لێكەوتەكانیان باش نابێت.
ئێمە بیرمان نەچووەتەوە، كەم نەبوون ئەو لایانەی كە لە عێراق دژی ھەڵبژاردن دەوەستانەوە، بەڵام دواتر دەنگدان كرا و زۆرینەی دەنگەكانی خۆیان لەدەستدا و شكستیان ھێنا.
كۆبەند..
ئەوەی مەبەستە بگوترێ؛ ئەزموونی حكوومڕانی ھەرێمی كوردستان قۆناغی سەخت و دژواری زۆری بەخۆیەوە دیوە و بە ئاسانی نەھاتووەتە بەرھەم، لە كاتێكدا ئومێدی (باكوور-ڕۆژھەڵات-ڕۆژئاوا) و سەرجەمی كوردستانیانە لەسەرانسەری دونیا، ناكرێت ھێندە بە ئاسانی بە سیاسەتی كەم بینانە و نەشارەزایانە لەلایەنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە نەرێنی وێنا بكرێت، چونكە سەنگ و پێگەی بەھێزی ھەرێمی كوردستان لە ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگرییەكەی و جێبەجێی پرۆسە دیموكراسییەكەیەتی، ناكرێت لایەنێكی سیاسیی ھێندە بە ئاسانی بێباكانە پێگەی ھەرێمی كوردستان لەپێناو خراپی دۆخی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە، ھەروەكو ئەو گووتەی دەڵێت: (ئەوەی حسابی پاكە، لە موحاسەبە بێباكە) دەبێت ھەموو حیزبە سیاسییەكان بۆ ئەوەی خەڵك لەدەست نەدەن، خزمەتكار بن و سیاسەتی واقعبینانە پەیڕەو بكەن نەك بە دەستی نەیاران ئاراستە بكرێن و پرۆسەی دیموكراتییەت بخەنە جێگەی پرسیارەوە.
ھەڵبژاردن سەنگی مەحەكە
100%