ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە باكور و رۆژئاوای كوردستان بە راسپاردەی مەسرور بارزانی دەیكات، تەنها دووبارە كردنەوەی مێژووی بنەماڵەی بارزانییە، كە سەرچاوەی بیری نەتەوەیی و دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستانن. بە درێژایی ئەو مێژووە لە شێخ عەبدولسەلامی یەكەمەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەرگیز نەبووە پارچەیەكی كوردستان پێویستی بە هاوكاری بووبێت، ئەوان بە هانایانەوە نەچووبن، نەبووە نەتەوەیەك یان پەیڕەوانی ئاینێك لێیان قەومابێ و ماڵباتی بارزانی لەگەڵیان نەبووبن و نەبووبنە چەپەری پاراستنیان، لە بەهاناوەچوونی ئەرمەن و ئاشوورییەكانی باكوری كوردستانەوە بگرە، تا چوون بە دەنگ بانگی شێخ مەحمود و دواتر تێكەڵ بوون لەگەڵ هەوڵەكانی دامەزراندنی كۆماری كوردستان و بەرگری لێكردنی.
بارزانییەكان لە كوێ بووبن و لە كوێ بن، بیر و هزری كوردایەتی لە گەشانەوە و بەهێز بوون دابووە و دایە، دیمەنەكانی پێشوازی كردنی خەڵكی عەفرین لە كاروانی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەموو ئەو مێژووەی بۆ كورت كردینەوە، كە ئەو بنەماڵەیە رابەرایەتیان كردووە، نامەیەكی كراوەش بوو بۆ هەموو ئەو هێزانەی دژایەتی بیر و رێبازی كوردایەتی(بارزانی) دەكەن، كە ئەو هێزە لە بن نایە و ئەو باوەڕە كاڵ نابێتەوە و لەبیر ناچێتەوە، چوونكە بیر و باوەڕێكی رەسەن و كوردەوارییە، زادەی ئافراندنە مەزنەكانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانییە، كە لە بارزان لەگەڵ (خواپەرستی) تێكەڵ بووە و بۆتە عەقیدە و دواتریش رێبازێكی سیاسی كە (خاكویستی) و (مرۆڤدۆستی) بنەماكانی پێك دەهێنن، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی هەموو ئەو مێژوو و چەمك و بەهایانە دەكات، بۆیە بە هەموو شتێك را دەگات، بە راستكردنەوەی هێلی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و بە درێژ كردنی دەستی هاوكاری بۆ پارچەكانی دیكەی نیشتیمان و بە نەخشاندنی ئادگارەكانی قۆناغێكی نوێی سیاسی، كە لە بەرژەوەندی ئایندەی خەڵكی كوردستان و بەهێزتر كردنی پێگەی كوردستان بێت لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا.
مەسرور بارزانی، چۆن بەو هەموو شتە رادەگات !
100%