Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 06:47

بەھای مرۆڤ و دەوڵەت!

ھۆگر نێروەیی
100%

هۆگر نێروه‌یی

‏‎کە دەوڵەتت نەبوو بە مرۆڤ ھەژمار ناکرێی! ھیچ حسابت بۆ ناکرێت، لە زۆربەی دەوڵەتان بەھای سەگ و پشیلە زیاترە لە  بەھای مرۆڤی بێ دەوڵەت! کە دەوڵەتت ھەبوو جا مرۆڤی، جا ھەموو مرۆڤەکان یەک بەھایان نییە بەڵکو بەھای ھەر مرۆڤێک پەیوەستە بە بەھێزی دەوڵەتەکەی.

‏‎بەھای مرۆڤ وەکو پاسپۆرت وایە! سەنگافوور و ژاپون و سووریا و عێراق ھەموویان خاوەنی پاسپۆرتی خۆیانن، بەڵام تاکی سەنگافووری و ژاپۆنی بەبێ ڤیزە دەتوانێت سەردانی زیاتر لە سێ بەشی وڵاتانی جیھان بکات، چونکە پاسپۆرتیان بەھێزترینە، بەڵام تاکی عێراقی و سووری بۆ سەردانی ھەر وڵاتێكی دراوسێیان کە سنووریان پێکەوەیە پێوستیان بە ڤیزەیە، ئەوە جگە له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گەر سەردانی وڵاتێکی ڕۆژئاوا بکات پێویستی بە سەد ڤیزە و لێکۆڵینەوە و چاودێرییە.

‏‎بوومەلەرزەیەکی بەھێز لە یەک کاتدا لە تورکیا و سووریای دا کە ژماریەکی زۆر قوربانی لێ کەوتەوە، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی بەھانای تورکیا چوون دە ئەوەندەی ئەو دەوڵەتانە بوون کە بە بەھانای سووریاوه‌ چوون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ کە ھەردووکیان لەیەک ناوچەن و سنووریان پێکەوەیە، کەچی جیھان تا جارێک باسی سووریا دەکات دە جار و زیاتر باسی تورکیا دەکات! به‌هۆی ئه‌وه‌ی تورکیا ژمارەیەکی بەھێز و دیارە ھەم لە ناوچەکە و ھەمیش لە جیھاندا، جا جیھان ھەمووی لەگەڵ توركیا گریا، بەڵام سووریا تەنیا بە ناو دەوڵەت ماوە ئه‌گەرنا نە سەروەری ھەیە نە ھیچ، جا جیھان نە گریانی سووریای بینی و نە لەگەڵیشی گریا، هه‌موو جیهان ھەر تەنیا بە شەرمەوە باسی ئه‌و وڵاته‌ی کرد.  

‏‎کورد بە درێژایی مێژوو قوربانی بێ دەوڵەتی بووە، زۆرجار چەندان دەوڵەت یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی ته‌نانه‌ت ڕێگری بکەن لە قڕانی گیانەوەرێک و باری نائاساییان بۆ چه‌ند گیانەوەرێک ڕاگەیاندووە و بەپەلە ھاتوونە سەر خەت و پارەیەکی زەبەلاح بۆ دابین کردووە، بەڵام بە درێژایی مێژوو كه‌ بڕیاری قڕانی کورد دراوە و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسی کورد دراوه‌، کەچی ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ وڵاتان لەسەر کورد هاتوونه‌ته‌ دەنگ، له‌لای زۆرێك کورد نەک ھەر ته‌نیا به‌ مرۆڤ ھەژمار نەکراوه‌، بەڵکو هه‌ندێكجار حسابی گیانەوەرێکیشی بۆ نەکراوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ کورد بێ دەوڵەت بوو، جا کە دەوڵەت نەبوو جیھان نە بۆ تۆ دەگرێت و نە حیسابت بۆ دەکات!

‏‎جا ئەوانەی كه‌ له‌ ڕابردوودا ڕیفراندۆمیان بە سەقت و شووم ناو دەبرد، خۆیان نەک ھەر سەقەت و شوومن، زۆرجار لای جیھان حیسابی مرۆڤبوونیشیان بۆ ناکرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تن‌! چونكه‌ ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بوو کە ناسنامەی مرۆڤبوون وەربگری، ببیته‌ خاوەنی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ مرۆڤی خاوەن دەوڵەت ھەیەتی و دواجاریش لە ھاوکێشەی مرۆڤبوون حساب بۆکراو بێت نەک دەرکراوبێت لە ھاوکێشه‌كاندا.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.