Erbil 20°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 12:54

نەرمی نواندنی پارتی و پەرۆشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قەوارەی كوردستان

100%

هەموو ئەو دەستكەوت و شانازییانەی دوێنێ مان و ئەمڕۆیش هەروەها بە ئاسانی و قسەی زارەكیی نەهاتوونەدی، بەڵكو لە ئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگری و بەرخودان و قوربانیدانی گەلی كورد و هەوڵەكانی سەركردایەیی سیاسی گەلی كورد بووە لە قۆناغە جیاوازەكاندا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و رابەرایەتیی بارزانی زۆرترین ئەرك و بەرپرسیاریەتیی و پشكی شێری بەركەوتووە لە داكۆكیكردن و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو هەڕەشە و پیلانگێرییە ناخۆیی ودەركییەكانی كە بەرەنگاری بوونەتەوە .
لە رووی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە بەتایبەت لە ماوەی رابردوو و سێ دەیە حكوومڕانی سەركەوتوویی هەرێمی كوردستان توانیوێتی زۆر وردبینانە و ژیرانە بە پەیوەندیكردنی بە دوونیای دەرەوە بەتایبەت زڵهێزانی وەك ئەمەریكا،فەرەنساو بریتانیا و ئەوروپا و ئینجا لە سەر ئاستی ناوچەییش بەهەمان شێوە توانیوێتی زۆرترین دەستكەوت و پشتیوانی و هاوبەشی بەدەست بێنێت ، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە سەركەوتنی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان و پشتیوانی نێودەڵەتی بۆ قەوارەی كوردستان.
ئەوەش  ئاماژەیە بەوەی كە دوای سەدەیەك گەلی كورد توانیوێتی هەنگاو بەهەنگاو نزیك بێتەوە لە ئامانجەكانی هەر لە راپەڕینی 1991 و دەستكەوتەكانی و دواتر فیدڕالی و ئینجا بەدەستوریكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە نێودەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 و ئینجا سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەرەڕای دژایەتیی كردنی داگیركەرانی كورد و بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و بەتایبەت ئەمەریكا وفەرەنسا رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە پشتیوانیكردنی دۆزی كوردستان.
بۆ قۆناغی ئێستای حكومڕانی هەرێمی كوردستان كە بە دروشمی كوردستانی بەهێز  بەهەمان شێوە  هەنگاوەكان سەركەوتنی باشیان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریی لە سەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش بۆ كوردستان و وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپایی و ناوچەكە لێكەوتۆتەوە و لە هەمان كاتیشدا لە نێو هاوكێشە و ململانێیە  ناوچەیی و  نێودەوڵەتییەكانیشدا و لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان، و خوێندنەوەی وردبینانە بۆ سیاس و دیپلۆماسی ئەمریكا و ئەوروپا توانیوێتی  هەنگاو بنێ و لەو رێیەوە  زیاتر پەرە بە ژیانی سیاسی و حوكمڕانی خۆی بدات.
بەتایبەت لە ئێستاشدا ، ئەمریكا و ئەوروپاش لە پەرۆشیان بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی دیموكراسی و لە پێناو زیاتر بەهێزكردنی بە ڕژدی بۆی هاتوونەتە سەر هێڵ و بە روونی لەو بارەیەوە خواستی خۆیان بە هەرێمی كوردستان راگەیاندووە، ویستیان ئەوەیە گشت هێزو لایەنە  كوردستانییەكان بە   پەرۆشییەوە لەكات و ساتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت تا سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر پارێزراو بەهێزتر بێت لە ناوچەیەكدا كە هەمووان بە ئومێدەوە دەڕوانە داهاتووی ئەم  گەل و قەوارەیەو نابێت ئەو راستییە فەرامۆش بكرێت.
 
هەر بۆیە، وەك هەمیشە و گشت قۆناغەكاندا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی بەرپرسیار لە بەرامبەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان و وەك هەمیشە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی، بە تێگەیشتنێكی قووڵی دیپلۆماسیانە و نیشتمانیانەوە، بەڕچاوگرتنی سەردانی هاوپەیمانانی لە ئەمریكا و ئەوروپا  و هەنگاویی گرنگ ودەستپێشخەری لە پێناو  گەل ونیشتمان و ئەزموونەكەی كردووە و ئامادەی هەموو نەرمیی نواندنێكە بۆ كورد وكوردستان ، بەڵام ئەوەی پرسیارە  ئایا یەكێتیی ئەم گەڕەش وەك رابردوو،تەنها بیر لە  بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەكانی  دەكاتەوە و  دەیخاتە پێش بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەل و نیشتمان و زیان بە ئەزموون و دیموكراسیی كوردستان دەگەێنێت ؟ یاخود ئەزموون لە هەڵە و خۆپەرستییەكانی رابردوو وەردەگرێت و بەرپرسیارانەتر مامەڵە دەكات و ڕێز لە پەرۆشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی  و نەرمی نواندن پارتی كە هەمیشە لە خەمی داهاتوویی كورد و ئەزموونەكەیەتی دەگرێت ؟.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.