Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 23:27

ئاشتیخوازی وەک باوەڕ و میرات!

(لە پەراوێزی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا)
نوورى بێخاڵى
100%


نووری بێخاڵی

ناوی مرۆڤەکان تەنیا ناون و هیچی تر، دەنگێکن و بە ئامادەبوونیان و لە کاتی گفتوگۆ و دواندنی یەکتردا، لە دەمماندا دەردەچن. ڕاستییەکەی، واتا و بەهایەکی ئەوتۆ لە ناوی کەسدا نییە، بەڵکو لە جەوهەر و چییەتیی کەسایەتیی ناولێنراوەکەیدایە.

ڕوونتر بڵێین: واتا و بەها و بایەخی ناو، لە خودی ناولێنراودان و لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و ڕوانگە و ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە… لەو بیرکردنەوە ژیان و مرۆڤدۆستییەیدایە کە لە خزمەتی چاکەی گشتیدا خستوویەتی و دەیخاتە گەڕ… لەو کار و کردەوە، ڕەفتار و ئاکار، هەنگاو و هەڵوێستانەی دایە کە بە قازانجی بەرژەوەندیی گشتی تەواو بوون و دەبن… لە کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەدایە کە دەوروبەری بە دەستیانەوە دەناڵێنن… لە پاراستن و ڕزگارکردنی هەموو ئەو گیانانەدایە کە لە ترس و دڵەڕاوکێ، مەرگ و کوشتن ڕزگاری کردوون و دەیانکات.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لە مێژووی نزیکەی سێ چارەگە سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان و ململانێی براکاندا ورد ببینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی) لە پێشەنگی سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دێت لە پەیوەست بە دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی، یەکڕیزی، تەبایی، هاوخەباتی و بەیەکەوە کارکردنی کوردان.

ئیدریس بارزانی باوەڕێکی نەگۆڕ و یەقینێکی کۆنکرێتیی بە ئاشتەوایی، یەکڕیزی و تەبایی هەبوو. لەو پێناوەشدا ماندوویی نەناسانە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستنە گەڕ بۆ کۆتایی پێهێنانی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حزب و هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لەم ڕووەوە مێژوو ئەو دەسکەوت و شانازییەی بۆ (ئیدریس بارزانی) تۆمار کردووە کە:

یەکەم: ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان پارتی و پەکەکە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەرهەمی هزر و تێڕوانین، هەوڵ و تێکۆشانی نەپساوەی ئەو بوو. بۆیە هەر ئەو ڕاستییەشە وا لە (عەبدوڵا ئۆجەلان) دەکات، کە ساڵی ٢٠١٣ زیندانی ئیمیرالی و لە گەرمەی گفتوگۆکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، لە پەیامێکیدا بۆ پشتگیریکردن لە سەرخستنی کۆنگرەکە، بڵێت: کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکە و دەستپێشخەریی لەمێژینەی (ئیدریس بارزانی) بوو.

دووەم: پشکی شێر لە هەوڵ و هەنگاوەکانی کۆتایی پێهێنانی شەڕی براکوژی لە شاخدا، دواتریش گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و پێکهێنانی (بەرەی کوردستانی)، هەر بەر (ئیدریس بارزانی) دەکەوێت.

لەم گۆشەنیگایەوە، کاتێک کە دەبینین (نێچیرڤان بارزانی) باوەڕمەند و متمانەبەخۆ، شێلگیر و پشوو درێژ، لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنەکان، یەکخستنەوەی ماڵی سیاسیی کورد و یەکڕیزی و تەبایی کوردستانیان ماندوو نابێت و لە دەستپێشخەری ناکەوێت، بۆ هیچ کامێکمان مایەی شۆک و سەرسوڕمان نییە، چونکە وەک پەندە کوردییەکەی دەڵێت: “ گیا لەسەر پنجی خۆی دەژیێتەوە.” و ئەویش گیای سەر ئەو پنجە ڕەسەنەیە.

دووانەی باوک و کوڕ (ئیدریس و نێچیرڤان بارزانی) لە دۆخی کوردی و کوردستانیدا کە بە درێژایی مێژووی سێ چارەگە سەدەی ڕابردوو، بە ناکۆکی و ململانێ و خۆکوژی و خۆخۆری بارگاوییە، خەیاڵمان دەباتەوە سەر ئەو قسەیەی عەرەب کە دەڵێن: “هذا الشبل من ذاك الأسد." ئاخر ئاشتی پێویستی بە جەنگاوەری ئازا و شێری نەترس زیاترە، تا شەڕ و خوێنڕێژی!

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.