Erbil 5°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 23:19

ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و پشتیوانی كوردستانێكی سه‌قامگیر و به‌هێزتر

100%

رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، هه‌ندێك میدیای لایه‌نه‌كان كه‌ هیچ زانیاری و به‌رچاوڕوونییه‌كیان نه‌بووه‌ و خوازیاری ئه‌وه‌ بوون بزانن كه‌ ئامانجی سه‌ردانی شاندنی كۆشكی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ چ ئامانجێك بووه‌، هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ چه‌واشه‌كاری و دروستكردنی دڵه‌ڕاوكێ له‌نێو هاووڵاتییان كرد وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یییان كه‌ جگه‌ له‌خۆیان به‌رژوه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان به‌رژوه‌ندی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان به‌لایانه‌وه‌ گرینگی نییه‌.

سه‌ردانی بڕێت مه‌كگۆرك گه‌وره‌ راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و شاندی یاوه‌ری بۆ پێنجه‌م پایته‌ختی ئارام و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانه‌ هه‌رده‌م به‌ لای ئه‌مریكا و فڕه‌نسا و به‌ریتانیاوه‌ جێگه‌ی گرینگی و بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، ئینجا چ به‌هۆی پێگه‌ی جیۆپۆلیتیكی و جیۆسیاسی و جیۆئابوورییه‌كه‌شی به‌تایبه‌ت كه‌رتی نه‌وت و غاز كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نیا به‌ هاوپه‌یمانی متمانه‌پێكراویی خۆیان ده‌بینن، به‌ڵكو به‌ كرده‌وه‌ جیاوازی زۆری هه‌یه‌ له‌ ڕووی سه‌نگ و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌كاندا.

هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌رده‌م چاوی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاریكردنێتی له‌ ئاشتی و سه‌قامگیریی كه‌ هێڵی سووره‌ به‌لایانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ دوای 2003وه‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ئاماده‌بوونێكی به‌رچاوییان له‌ رووی سه‌ربازی، سیاسی و ئابووری و چه‌ندین كۆمپانیایی ناوداری و گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا و  وڵاتانی ئه‌وروپایی هه‌رێمی كوردستانیان له‌نێو ناوچه‌یه‌كی پڕ كێشه‌ و ململانێ هه‌ڵبژاردووه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ولێری پایته‌خت، ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ چه‌نده‌ كوردستان ئاینده‌یه‌كی پڕ گه‌ش و هیوای له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه‌، ناتوانین ئاماژه‌ به‌و راستییه‌ نه‌كه‌ین كه‌ هه‌موو ئه‌و په‌لاماردان و هێرشانه‌ی سه‌ر پایته‌ختی كوردستان بۆ هه‌موو ئه‌و بایه‌خ و گرینگیدانانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .

ناكڕێت ئه‌و راستییانه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین كه‌ ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه ‌و جیهان به‌ بارودۆخێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیدار گوزه‌ر ده‌كات له‌لایه‌ن جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكراینا و قه‌یرانی وزه‌ و له‌لایه‌كی تریش ململانێی رۆژئاوا و ڕووسیا و چین و ئینجا به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتانی ناوه‌راست و ڕژێمی ئێران و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و گرووپ و میلیشاكانی تر، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێری كوردستان ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامن له‌سه‌ر هاوكاری سه‌ربازی و هه‌واڵگری له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ سه‌رقامگیری ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها هاتنی شاندنی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی بڕێت مه‌كگۆرك بۆ ئه‌و راستییه‌یه ‌كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كوردستان بڵێت ئێمە ئاسایشی هەرێمی كوردستانمان بۆ گرینگە و دەمانەوێت وەك خۆی بمێنێتەوە، هیچ شتێكیش نەبێتە هۆی تێکچوونی و دۆخەكە زۆر زۆر ئارامبێت.

ئه‌مه‌ریكا باش له‌ ویستی گه‌لی كورد تێ ده‌گات و به‌تایبه‌ت رووداو و پێشهاته‌كانی ڕابردوو ئاماژه‌ی روونن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێداگری لێ كراوه‌ پارێزگاریكردنی ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و گرینگیدانه‌ به‌ ئاسایش و پارێزگاركردن له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر په‌لاماردان و هێرشێك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رۆك بارزانی پێشنیاری یه‌كه‌می كردووه‌ و داوای ئه‌نجامدانی كردووه‌ ئه‌وه‌ش هه‌رده‌م جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی بووه‌ له‌پێناو به‌هێزبوونی پایه‌كانی دیموكراسیی له‌ كوردستان و عێراق به‌تایبه‌تی.

به‌تایبه‌ت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له‌ دوای راپه‌ڕینه‌ شكۆمه‌نده‌كه‌ی به‌هاری 1991 و بانگه‌وازی سه‌رۆك بارزانی بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان پێشه‌نگ بووه‌ له‌ ئاڵاهه‌ڵگری دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن و ڕژدبوونی پارتی و بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و راستییه‌یه ‌كه‌ هه‌ر لایه‌نێك توانی هه‌ڵبژاردن بباته‌وه‌ ئه‌و حكومڕانی كوردستان ده‌كات و جێگه‌ی متمانه‌ی گه‌لی كورده‌، ئه‌وه‌ش هه‌میشه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان بووه.

بۆیه‌، ئه‌وه‌ی شاندی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كورد باس و گفتۆگۆی له‌ سه‌ر كراوه‌ ته‌نیا جه‌ختكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ر ئاڕامی و سه‌قامگیری كوردستان و هاووڵاتییان و پێكهاته‌كانی نێویدا، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا سیاسه‌ته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕێزدار مه‌سرور بارزانییان به‌لاوه‌ گرینگه‌ و خوازیاری به‌رده‌وامبوونیشن.

ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ به‌ كشانه‌وه‌ و بایكۆتكردن حكوومه‌ت له‌كار ده‌كه‌وێت، ئه‌وا زۆر هه‌ڵه‌ له‌ ره‌وشه‌كه‌ گه‌یشتوون، چونكه‌ ئه‌رك و كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی و بایه‌خی ناوچه‌یی و نێودهو‌ڵه‌تین‌ جگه‌ له‌ نه‌یارانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی نه‌بێت.

بۆیه، ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌مه‌ریكا و جه‌ختكردنه‌وه‌ی شاندی ئه‌مه‌ریكی ته‌نیا پارێزگاریكردن بووه‌ له‌ سه‌قامگیری، ئه‌وان دەیانەوێت وەك ناوەندێكی ئارام لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە، ئیتر نە بەمنزیكانە هەڵبژاردن دەكرێت، نە غازی هەرێمی كوردستان حازرە ئێستە بگەیەنرێتە دەرەوە، بەڵام هەوڵەكانی حكوومەت بۆ فرەسەرچاوەكردنی داهات، كارێكی گرینگە و رەزامەندی تەواوی ئەمەریكای وەرگرتووە، تەنانەت ئەوانیش دڵنیان لەسەر ئەوەی كارەكان زۆر بەباشی دەڕۆن به‌ڕێوه‌.

بۆیه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و كلكه‌كانی به‌رده‌وامبن له‌ سیاسه‌تی دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی ناسه‌قامگیری كوردستان به‌ پشتیوانی ئێران، هیچ دوور نییه‌ هاوكێشه‌كانی نێو یه‌كێتی گۆڕانكاری به‌ سه‌ردا بێت به‌تایبه‌ت كه‌ حه‌وانه‌وه‌ی تیرۆریست و پێشێلكردنی یاسا و سه‌روه‌ری كوردستان و ناسه‌قامگیركردنی كوردستان و به‌تایبه‌ت پایته‌ختی كوردستان ئاماژه‌یه‌ كه‌ چاوی هه‌موو دنیای لەسەرە و هیچ دوور نییه‌ به‌ ئاقاری په‌راوێزخستن و لاوازبوونی زیاتر بڕوات.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.