Erbil 2°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 23:38

پێوانەی شکست و سەرکەوتن; ئامۆژگارییەک لە جیاتی وەڵامدانەوەی ستران عەبدوڵڵا

ئاسۆ حاجی
100%

بۆ بڕیاردان لە سەر سەرکەوتن و شکستهێنانی حوکمڕانی یان پڕۆژەیەکی سیاسی، پێویستە هەندێک کەرستەی تایبەت بەکاربهێندرێت بۆ پێوانە کردنی هەردوولایەنەکە، کە خۆی لە دەسکەوت و زیان دەبینێتەوە، ئەوەش بە بڕۆکەک خۆ دوورخستنەوە لە دەمارگیری حیزبی و فکرلادان لەسەر بەرژەوەندییە کەسیەکان و نەبوونە ئامرازێکی دەنگدانەوەی گوتارێکی سیاسی گوماناوی کە بە کەرستە و ئامرزای گوماناوی بنیاتنراوە، دەکرێ قسەیان دەربارە بکرێت.
راستییەک دەربارەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە بۆ قسەکردن دەربارەی و هەڵسەنگاندنی دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، ئەو کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی دیکە نیە و پێویستیش نیە وا بێت، بەڵکو دەست پێکردنی تەمەنی ئەو کابینەیە، خاڵی پچڕاندنی ئەو مێژووەیە کە لە دوای راپەڕین دەستی پێکردووە، لە رووی شێوازی بەڕێوەبردن و مەعریفەی حوکمڕانی، لە بەحیزبی کردنی کۆمەڵگا و دامەزراوە نیشتیمانییەکان و بەڕێوەبردنی وڵات، ئەو وەرچەرخانەیە کە ستران و حیزبەکەی ناتوانن هەرسی بکەن و خۆی لەگەڵ بگونجێنن، چونکە دەزانن ئەو شێوازی دونیابینی و ئیدارەدانەی ئێستا دەرفەتی ئەوە بۆ حیزبەکەی ستران ناهێڵێت، کە لە روانگەی تەسکی حیزبایەتی و بەرژەوەندی گچکە و کاتی کەسی سەرۆکەکانی بەرخورد لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بکەن، هەر کاتێک بەرژەوەندیان بخوازێت قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بخەنە سەر مێزی قومارکردن.
سەرکەوتنەکانی ئەو کابینەیە و سەرۆکەکەی دیار و زاندراون، کە دەکرێ بەو شێوەیە کورتیان بکەینەوە:
- لە رێگای یاسای چاکسازی و جێبەجێکردنی تا ئێستا تواندراوە پرسی چەند موچەیی چارەسەر بکرێت، بە جێبەجێکردنی تەواوەتی یاساکەش پرسی خانەنشینی نایاسایی، خاوێن کردنەوەی لیستی شەهیدان و بە ناهەق پێدانی پلە و پۆستی حکومی بە خەڵک، چارە دەکران و پارەیەکی زۆر بە هەدەر نەدەدرا  (تا ئێستا حیزبەکەی ستران رێگری سەرەکی جێبەجێکردنی یاساکەیە بە تەواوەتی).
- پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو پیلانانەی لە دژی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان هەبوون، کە ئامانجیان بێهێزکردنی بوو تا بە هەڵوەشاندنەوەی دەگات. لەوەش مەسرور بارزانی بەغدای ناچار کرد، کە دەستەبەرداری دەستەواژەی رادەست کردن بن و لە جێگای باس لە رێکەوتن بکەن. ئەوەش کاک ستران و حیزبەکەی بە دڵنیاییەوە نارحەت کردووە چونکە ئەوان داهێنەری دەستەواژەی خۆڕادەست کردنن، کە بەرهەمی هزر و دونیابینی ئەوانەیە کە ئیمزایان لە سەر رادەستکردنەوەی نزیکەی نیوەی جوگرافیای باشوری کوردستان کرد و شازدەی ئۆکتۆبەریان کردە دیارترین خاڵ و رووداوی ناو مێژووی کەسیان و دووبارەکردنەوەی مێژووی حیزبەکەیان.
- دابین کردنی موچەی فەرمانبەران و بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و لە هەموو لایەن و بوارەکاندا، وێڕای ئەوەی حیزبەکەی کاک ستران، بەشی زۆری داهاتی گشتی سنووری سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ خۆی دەبا و نایگەڕێنێتەوە خەزینەی حکومەت، ئەوەش بە شاهێدی کەسانی دیار و سەرکردەی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دواترینیان گوتە دزە پێکراوەکانی کاک مەلا بەختیارە.
- بەردەوامی کارکردن بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگاکانی دیکەی ئەمنی، کە ئەوە داخوازییەکی ناوخۆیی و دەرەکییە، یەکێکە لە کارە هەرە لە پێشینەکانی ئەو کابینەیە، کە هەنگاوی گەورەی بڕی بوو، تا ئەو کاتەی حیزبەکەی ستران ئەو کارەی وەک تۆمەتێک خستە پاڵ وەزیری پێشمەرگە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بە فەرمان و خواستێکی ئیقلیمی و بە بڕیاری سەرۆکەکەی ستران پڕۆسێسەکە خاو بۆتەوە و مەترسی شکستهێنانی هەیە.
- ئەو کابینەیە و سەرۆکەکەی دوور لە موجامەلەی حیزبی و کەسی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان دەکەن، بۆیە چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەن کە لە دژی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی کوردستان کار دەکەن، رەنگە دیارترینیان چۆنیەتی مامەڵەکردن بێت لەگەڵ کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، کە ئەفسەرێکی پلە باڵای سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش بوو زیاتر لە بیست ساڵ خزمەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکرد، ئەو جۆرە حوکمڕانیەیە، کە حیزب و سەرۆکەکەی کاک ستران پێیەوە قەڵسن و بکوژانی هاوکار جافیان داڵدە داوە و رادەستی یاسایان ناکەن.
- فەلسەفەی حوکمڕانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە حکومەت دەبێ لەو سەر تا ئەو سەری هەرێمی کوردستان، خاوەن بڕیار بێت و ناکرێ هیچ جێگرەوەییەکی هەبێت، حیزب بێت یان کەس، بەڵام ئەوە دیارە لەگەڵ فەلسەفە و باوەڕی حیزب و سەرۆکەکەی ستران تەواو پێچەوانەیە، بۆیە دەڤەرێکیان وەک بارمەتە گرتووە و خەڵکەکەی وەک کارت و کەرستەی سیاسی بەکاردەهێنن، سەرۆکی حیزبەکەی ستران وەک حاکمێکی عەسکەری کودەتاچی، بەهای بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهێشتۆتەوە، لەو سنوورە و بە لاسایی کردنەوەی سەرۆکی کۆریای باکور حوکمڕانی دەکا  و خەڵکەکەی بەڕێوە دەبات.
- بە هۆی دەنیابینی و شێوازی حوکمڕانی مەسرور بارزانی، جاری یەکەمە هەرێمی کوردستان، ناونیشانەکەی لە هەرێمی بەکاربەر ببێتە هەرێمی بەرهەمهێن، لە هەرێمێکی هاوردەکار ببێتە هەرێمێکی هەناردەکار، ئێستا چەند بەرهەمێکی کوردستان رەوانەی دەرەوە دەکرێن کە دیارترینیان هەنارە، بەرنامەش ئەوەیە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی هەناردەکراوەکان زۆر زیاتر بێت.
- بە پێچەوانەی ئەوەی میدیاکەی ستران عەبدوللا بانگەشەی بۆ دەکرد، کە لە سەردەمی مەسرور بارزانی ئازادی رادەبڕین لە پاشەکشە دەدات و حکومەتێکی تاریک دەبێت، ئێستا دەبینین رۆژانە خەڵک لە ژێر دەسەلاتی حیزبەکەی ستران را دەکا و لە ژێر دەسەڵاتی حەقیقی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە ئازادی و شایستەیی بژیێ. لە رووی ئاشکراکردنی داهات و چۆنیەتی سەرفکردن شەفافترین کابینە بووە و ئەوانە بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکران.
بە دڵنیاییەوە ئەوە وەڵام نیە بۆ ستران عەبدوللا، چونکە باسکردن لە سەرکەوتن و خاڵە ئەرێنیەکانی حوکڕانی لە سەردەمی مەسرور بارزانی زۆر لەوانە زیاترن، ئاماژەکردن بەو چەند خاڵە تەنها بەشی ئامۆژگاریەکی سەرپێیانەی ستران دەکەن، کە پێویستە بەر باسکردنی کابینەی نۆیەم و سەرۆکەکەی، ئاوڕێک لە هەڵوێست و لێدوانی کەسانی دیار و عاقلمەندی ناو حیزبەکەی بداتەوە، تا بزانێت خۆی و حیزبەکەی و ئەوانەی ئەمری پێ دەکەن لە چ بارودۆخێک دانە، تا فێر ببێت و تێبگات ئێستا لە سەردەمی شڕە رادیۆیەک ناژین، ئێستا لە سەردەمی ئەنتەرنێتین بۆیە خەڵک دەزانێت ستران کێیە و سەرۆکەکەشی چۆنە و چیە، تا چەند قسەیان لێوەردەگیرێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.