Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 11:05

بە داتا و لۆژیک، بۆ ستران عەبدوڵا

فرسەت سەید شوكر
100%

داپۆشینی شکستەکان یان دواوە ھاتن لە پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی دۆخێکی ئاڵۆز و ناتەندروستی لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیدا دروستکردووە، ھەر لە پەرتەوازەیی ناوخۆییەوە تاوەکو دژایەتی کردنی دامودەزگا شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ماوە، ماوە (ستران عەبدوڵا) کە ئێستا لە فەراغی خەڵکانی نیشتمانپەروەر و حەقبێژی ناو یەکێتی بووەتە دەمڕاستو شیکەرەوەی سیاسەتی نالۆژیکانەی ئەو حیزبە، ھەر کە باری حیزبەکەی لە پرۆسەی سیاسییدا لاواز دەبێت و دەبێتە مایەی شەرمەزاری لەنێو خەڵک و کوردستان، دەکەوێتە پەلاماردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی! ھەرچەندە پێوەر و پێواندن لەسەر بنامەی داتا و بەڵگە و لۆژیکە، کەچی ستران عەبدوڵا بەبێ ئەوەی خاڵ بخاتەڕوو حکومەتی ھەرێم بە سەرنەکەوتوو لە قەڵەمدەدات، ڕەنگە ئەو ڕاستییە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان، حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لێڵ نەبێت کە ئەوە تاقمێک لە حیزبەکەی ستران عەبدوڵایە بە ئاشکرا و بەبێ شەرم ھەوڵی شکاندنی پێگەی حکومەتی ھەرێم و لەمپەر دروستکردن لە پرۆسەی چاکسازی دەکەن، ڕەنگە ناردنە ماڵەوەی وەزیری پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو حیزبە؟ ھەڕەشەی دەستگیرکردن و ڕفاندن لە کادیرانی خۆیان لە حکومەت باشترین بەڵگەی ڕێگریی بێت لە پرۆسەکانی چاکسازی.

ئەگەر شیکردنەوەیەکی (بەڵگەداتایی) بۆ ئەزموونی حکوومڕانی ھەرێمی کوردستان بكەین، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، دەشێ بمانوەستێنێت لە دەستخستنە سەر کۆمەڵێک خاڵی جەوھەریی زۆر گرنگ کە کابینەکە بە ئاستەنگی زۆر و سەڕەرای ئالنگارییەکان، ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ئەمانەی خوارەوە باشترین بەڵگەی داتا و دەرخستەی گووتە ھەڵبەستراو ئاراستەکراوەکانن، کە ڕەنگە ھەزم کردنیان بۆ حیزبەکەی ستران عەبدوڵا دژوار بێت:

- لە کاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکە.
- سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای حکوومەتی عێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، هەزاران ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرانەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە، بەردەوامن.

- یەکێک لە فەلسەفەکانی حکوومڕانیی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی حکوومەتدا، بەدیاریکراوی بریتیی بووە لە: پاراستنی کولتوور و فەرھەنگ و ئادابە گشتییە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە، دانانی سنوور بۆ ھەندێک دیاردەی خراپ، کە دەیانویست کۆمەڵگە بشێوێنن، ئەم كارەش خواستی ھاووڵاتییان بوو بەگشتی، ئەگەر لە یادمان بێت، زۆر شوێنی خراپ، ڕووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە و داخران.

- داخستنی بازاڕی چەکفرۆشی و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکردن بە چەک و دیاردەی چەكداری، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرانەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە.
- گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات، ھەژمار دەكرێت بەپێچەوانە لە سلێمانی لە سایەی دەسەڵاتخوازی حیزبەکەی ئەودا، ڕۆژنامەنووسان زیندانی دەکرێن.

- پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو پێشوازییانەی لە مەسرور بارزانی لە وڵاتانی ناوچەکە و سەردانەکان بۆ ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەورووپا کران، جیا لەوەی خاڵی ئەرێنیی بەھێز و گرنگ بوون، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکی بوون، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە.
-نەسڵەمینەوە لە دەستگیرکردنی تاوانباران و دەرچووان لە یاسا و جووڵاندنی ئەو کەیسانەی کە مافی گشتییان تێدایە و ھەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەنێوەندە ستران و حیزبەکەی دژی دەوەستنەوە.
-ڕانەھاتن لە بە دامەزراوەیی کردن و یەکسان بوون لەبەردەم یاسا کە ئەوە ستراتیژییەتی وەزارەتی ناوخۆ-کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
-سەرۆکوەزیرانی ھەرێم زۆر بە ڕاشکاوی و بوێرانە داوای پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی لە ھەولێر و سلێمانی کرد بۆ چاودێریکردنی خاڵە سنوورییەکان، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ حیزبەکەی ستران عەبدوڵا ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆیی کرد؟ ئایا وەڵامەکە لە دەستی (مەلا بەختیار) نییە؟ کە دەڵێت ھاوسەرۆکانی یەکێتی داھاتی سلێمانی و بەتایبەت مەرزی (باشماخ) دەبەن.
حیزبەکەی ستران بە گووتە و حکوومەتی ھەرێم بە پرۆژە:

1- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 392 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە تەرخان کراوە.


2- بۆ کەرتی پەروەردە و دروستکردنی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، 36 ملیار دینار خەرج کراوە.


3- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بڕی 25 ملیار دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخان کراوە.


4- بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکان، 37 ملیار دینار خەرج کراوە.


5- بڕی 282 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازرییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی كوردستان خەرج کراوە.


6- بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بڕی 25 ملیار دینار خەرج کراوە.


7- بۆ دروستکردنی بەنداو، لەپێناو ڕێگەگرتن لە وشکەساڵی، 22 ملیار دینار خەرج کراوە.
8- بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی دیکەی خزمەتی گشتی، 31 ملیار دینار خەرج کراوە.


بە دروستی دەگەینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای (ئالنگارییەکان، ناکۆکییەکان، گرفتەکان) حكوومەتی هەرێمی لە پێشخستنی كوردستان بەردەوامە، راستە كە لە ھەندێک بەش و سێکتەری دیکەی حکومڕانی ھێشتا زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری گرفتە کەڵەبووەکان ھەیە، بەڵام ڕەنگبێ خوگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی جیھان و ناوچەكەی تێ کەوتووە، بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرایناوە، ئاسان نەبێت، لێ كاركردن و هەنگاونان بەردەوامە.
کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی و گرنگترین خاڵیش بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەکەم) مێژووش ئەوەی سەلماندووە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لە ئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.